دوایین جولەکە

ڕاپۆرت 29/03/2021

ئامادەکردنی: سەرکۆ جەمال

لە چەند رۆژی رابردودا لە عێراق، پزیشكێكی جولەكە بەناوی "ڤافر فوئاد ئیلیاهو" كۆچی دوایی كرد كە شوێنكەوتووی ئاینی جولەكەیە و بە پزیشكی هەژاران لەناو خەڵكدا ناسرابوو، ئیلیاهۆ یەكێك بوو لەو چەند جولەكە كەمەی لەعێراق دەژیان.
ئیلیاهۆلە تەمەنی 62 ساڵیدا كۆچی دواییكردو لە  گۆڕستانی جولەكەكان لەعێراق بەناوی گۆڕستانی "حەبیبیە" نێژرا، بەڵام تا ئەو كاتەی مرد ئەو پزیشكە جولەكەیە لە نەخۆشخانەی "ئەلواصتی" خزمەتیكرد.

گۆڕستانی حەبیبیە گەورەترین گۆڕستانی جولەكەكانە لە عێراق
گۆڕستانی حەبیبیە گەورەترین گۆڕستانی جولەكەكانە لە عێراق كە دەكەوێتە ناوچەی سەدری شاری بەغدا، لەلایەن موسوڵمانێكەوە پاسەوانی گۆڕستانەكە دەكرێت.
هاوڕێكانی ڤافر فوئاد لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەڵێن:"ئیلیاهۆ چەندین جار و چەند ساڵێك لەمەوبەر پێشنیازی ئەوەی رەتكردووەتەوە كە عێراق جێبهێڵێت، ئەوەی پێ باش بووە بمێنێتەوە و خزمەتی خەڵكی كەمدەرامەت بكات لە نەخۆشخانە".
خوشكەكەی ئیلیاهۆ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس قسەی كردووە و وتوویەتی:"من نوێژم لەسەر كرد و چەند هاوڕێیەكیشی لە مەراسیمی ناشتنەكەیدا بەشداربوون كە بەپێی ئایینی جولەكە بەڕێوەچوو".

بەڕێوەچوونی ئەو مەراسیمە بۆ یەكەمجارە لەعێراق لە گۆڕستانێكدا ئەنجام بدرێت
بەڕێوەچوونی ئەو مەراسیمە بۆ یەكەمجارە لەعێراق لە گۆڕستانێكدا ئەنجام بدرێت، وەك راپۆرتێكی فرانس پرێس ئاماژەی پێداوە، چونكە پێشتر جولەكەكانی عێراق تەنها لە ماڵەكانی خۆیاندا دەیانتوانی مەراسیمەكانیان بەڕێوەببەن.
ئەدوین شوكر، یەكێكە لەو جولەكانەی لە ساڵی 1955 ەوە عێراقی بەرەو بەریتانیا جێهێشتووە، ئەو دەڵێت:"دوای مردنی ئیلیاهۆ ئێستا تەنها چوار جولەكە لەعێراق ماون كە لە دوو باوكی جولەكەن".
پێشتر جولەكەكان بەشێكی سەرەكی بوون لە مێژووی ئاینیی و كۆمەڵایەتی عێراق،  دوای ئەوەی لەساڵی 1948 كیانێك بۆ ئیسرائیل لەناو سنورەكانی فەلەستین دروستكرا، ژمارەی جولەكە لەعێراق زیاتر لە 150 هەزار كەس بوون، بەڵام دواتر ژمارەی جولەكە بەهۆی بوونی هەڕەشە لەسەر ژیانیان ڕووەو كەمبوونەوە چوو.

 
لە ساڵی 1951 نزیكەی %96 ی جولەكەكان عێراقیان بەجێهێشت
لە ساڵی 1951 نزیكەی %96 ی جولەكەكان عێراقیان بەجێهێشت، دواتریش پاش ئەوەی لە ساڵی 1969 ژمارەیەك بازرگانی جولەكە لەعێراق بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دران ئەو ژمارە كەمەی جولەكە كە لەعێراق مابوون زۆرینەیان روویان كردە ئیسرائیل و وڵاتانی دیكە.

تا ساڵی 2009 تەنها هەشت ئاینداری جولەكە لەعێراق مابوون
دوابەدوای یەك و بەتێپەڕبوونی ساڵان، پێكهاتەی ئایینی جولەكە لەعێراق كەم بوونەوە، بەتایبەت لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 كە هەشت ساڵی خایاند، پاشانیش شەڕی كوەیت لە ساڵی 1991 و دواتر رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 و دەستپێكردنی شەڕی نێوان پێكهاتەكان لەعێراق بەتەواوی ژمارەی جولەكە لەعێراق كەمیكرد.
تا ساڵی 2009 تەنها هەشت ئاینداری جولەكە لەعێراق مابوون، ئەویش بەپێی بروسكەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكا، لەكاتێكدا بەپێی ئامارێكی فەرمی 2019 هەزار جولەكەی بەڕەگەز عێراقی لە ئیسرائیل بوونیان هەیە و بوونەتە گەورەترین رەوەندی ئاسیایی جولەكە لە ئیسرائیل.