کەسێک بە سێ ملیۆن دۆلاری خەڵکی سلێمانییەوە دیار نامێنێت

ڕاپۆرت 29/03/2021

هاوشێوەکانی سلێمان هەڵشۆیی بەردەوامییان هەیە

راپۆرت- چاودێر:

ڕاکردن و ئاشکرابوونی کەسێکی تر لە هەفتەی پێشوودا لە شاری سلێمانی، کە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییانی بردووە، درێژکراوەی هەمان ئەو زنجیرانەی پێشووە، کە لە سلێمان هەڵشۆییدا گەیشتە لوتکەی خۆی.
ئەو کەسە کارگەی خاوکردنەوەی گۆشتی بەستووی هەبووە، ماوەی سێ ساڵە کاری خاوکردنەوەی گۆشتی بۆ چێشتخانە و فرۆشگاکانی گەس و خواردەمەنییە خێراکان کردووە و بە تەنها لە مامەڵەیەکدا، نزیکەی (٣٠٠) ملیۆن دیناری یەکێک لەو کاسبکارانەی لابووە. جگە لەوەش پارەی بە کاش لە خەڵک وەرگرتووە بە پێدانەوەی قازانج و سووی زیادە. بەڵام لە هەفتەی ڕابردوودا ئەوانەی پارەیان لابووە نیوەڕۆیەک بۆیان دەردەکەوێت ئەو کەسە ڕای کردووە و بە پێی وتەی هەندێکیشیان نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری خەڵکی لایە.
ئەمە یەکەم چیرۆک نییە و ڕەنگە دواهەمینیشیان نەبێت، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا نموونەی هاوشێوە هەبووە و لە ساڵی ڕابردووشدا کەسێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆییەوە بە مامەڵەیەکی لەو شێوەیەوە دەستگیر کرا و وەک دەوترێت زیاتر لە سێ هەزار دەفتەر دۆلاری خەڵکی لایە و تا ئێستاش هەزار و ٢٠٠ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

ڕووداوە هاوشێوەکان
چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، یەکێک لە دیارترین ئەو دۆسییانەی پارەیەکی زۆری خەڵکی تێدا بەفیڕۆ چوو، بازرگانێک بوو بەناوی "فاتیح"، کە بەناوی کردنەوە و بەکارخستنی کارگەی ئاسن و مسەوە سەدان دەفتەر دۆلاری لە خەڵک کۆکردەوە، بەڵام دواتر ئیفلاسبوونی خۆی ڕاگەیاند و هەڵهات.
هەروەها  لە ساڵی ٢٠١٧ بازرگانێکی دیکە بەناوی عوسمان حاجی ساڵح، کە لە بازاڕی دۆلارەکە کاری دەکرد، بە بەهای 26 ملیۆن دۆلار مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند و خەڵکێکی زۆر بەو هۆیەوە مایەپووچ بوون.
هەر لەو بازاڕەدا دوو کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو بەناوی بۆرسەی جیهانییەوە بڕی ٩٨٠ ملیۆن دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات‌ و دواتر هەڵهاتوون، کە هەمووی پارەی خەڵک بووە.
بازرگانیی دراوی دیجیتاڵیش یەکێکە لەو بازرگانییانە، کە چەندین مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی حزبە ئیسلامییەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد و پارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێم کێشرایەوە و بەڵێنی قازانجی زۆر و گەورەیان پێ درا و دواتر هەمووی ناڕاست دەرچوو.
هەر لەگەڵ ئەوانەشدا، کۆمپانیایەکی دیکە بەناوی "کیو نێت"، بەناوی نیتۆڕک مارکێتینگ و ئەوەی کە لەناو خەڵکدا پێی دەوترێت "باڵباڵێن" پارەیەکی زۆریان لە هاووڵاتییان کێشایەوە بە بەڵێنی قازانجی زۆر و زوو دەوڵەمەندبوون، بەڵام دواتر دەرکەوت ساختەیە و خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند بوون.