مژدەیەك لەبارەی گەشتكردن بۆ ئێران دەدرێتە گەشتیارانی هەرێم

ئابوری 25/03/2021

چاودێر
لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە، دوای راگرتنی بۆ ماوەیەك، جارێكی تر وەرگرتنی ڤیزای ئێرانی بێ ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی دەستپێدەكاتەوە.
ئۆفیسی وەرگرتنی ڤیزە لەكۆنسڵخانەی ئێران لەشاری سلێمانی، لەئاگادارییەكدا كە وێنەیەكی بۆ چاودێر، نێردراوە، بڵاویكردۆتەوە، پێشتر لەسلێمانی لەكاتی وەرگرتنی ڤیزەی ئێران، پێویست بوو كەسەكە پشكنینی كۆرۆنا بكات، ئەو كات ڤیزەی پێ دەدرا، بەڵام ئێستا گۆڕانكاری كراوە.
جەختلەوەشكراوەتەوە: ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی دەیانەوێت سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، دەتوانن لە رۆژی شەممەی داهاتوو 27ی ئادار، داواكاری پێشكەشكردنی ڤیزەی ئێران بكەن.
هاوكات ئەوەشخراوەتەڕوو، "داواكاری ڤیزەی ئێران، بەبێ ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنا دەبێت، واتە بۆ وەرگرتنی ڤیزەكە پشكنینی كۆرۆنا پێویست نییە، بەڵام بۆ گەشتكردنی هاووڵاتییان بۆ سەر مەرز، پشكنین پێویستە و  نابێت لە 72 كاتژمێر بەسەر پشكنینەكەدا تێپەڕ بووبێت".
شایەنی باسە، رۆژی 18ی ئەم مانگە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەراگەیاندراوێكدا، ئاشكرایكرد، لەسەر داوای ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو واتە سەری مانگ، هاتن و چوونی گەشتیاران لەنێوانە هەرێم و ئێران لەمەرزەكەوە راگیراوە.