توركیا ئیخوان بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانی دەگۆڕێتەوە

ڕاپۆرت 23/03/2021

چاودێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان برای دینی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەستی بە هەنگاوەكانی كردووە، بۆ نزیك بوونەوە لە میسر و سعودیە و ئیمارات لەپێناو بەرژەوەندییە ئابورییەكانیدا، بۆ ئەوەش بە مەرجی قاهیرە لە دژی ئیخوانەكان رازی بووە، بڕیاری داخستنی بەشە سیاسییەكانی كەناڵەكانی ئیخوانی لە ئیستەنبوڵدا، بۆیە ئێستا ئیخوان بە دوای پەناگەیەكی نوێدا دەگەڕێن، بە ڕای شارەزایانی بواری گروپە توندڕۆكان باشترین شوێن كە بۆی دەچن، كەنەدایە.

 بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لەسەر ئاستی هەواڵگری و دبلۆماسی گفتوگۆی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە دەستیپێكردووە، قاهیرە لەپێناو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا چەند مەرجێكی بە سەر توركیادا سەپاندووە، لەوانە داخستنی كەناڵەكانی ئیخوان و رادەستكردنەوەی سەركردەكانی.

هەفتەی رابردوو توركیا فەرمانی بۆ كەناڵە ئاسمانییەكانی ئیخوان دەركرد بە راگرتنی پەخشەكانیان یان گۆڕینی ئاراستەی پەخشیان لە سیاسییەوە بۆ كات بەسەربردن و پێویستە بەشی سیاسی كەناڵەكانیان دابخەن.

ئوسامە جاویس میدیاكاری كەناڵی موكلمین-ی ئیخوان لە توركیا گوتی: ئەنقەرە بە فەڕمی داوای لە كەناڵە ئۆپۆزسیۆنەكانی میسر لە توركیا كردووە رەخنەكانیان لە میسر رابگرن.

ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە لەلایەن ئوسامە هەیكەل وەزیری راگەیاندنی میسر پێشوازی لێكرا، بە نیازباشی ئەنقەرە بۆ نزیكبوونەوە لە قاهیرە لێكی دایەوە.

ئەوەش هەنگاوێكە بۆ داخستنی یەكجارەكی سەكۆكانی ئیخوان 
لە توركیا بەپێی راپۆرتی بی بی سی.

لای خۆیانەوە بەشێك لە لایەنگرانی ئیخوان رەخنەیان لە ئەنقەرە گرتووە كە ئەم رێكخراوەی وەك هۆكاری فشاری سیاسی بەكارهێناوە.

چاودێران لە هەمان كاتدا بە دووری دەزانن كە رێككەوتنی تەواوەتی لەنێوان ئەنقەرە و قاهیرەدا بكرێت، چونكە ناكۆكییەكانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە تەنها لەسەر ئیخوان نییە، بەڵكو كێشەی دیكەش هەن لەوانە لیبیا.

خاڵێكی دیكە كێشەی سامانە سروشتییەكانە لە خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست بە تایبەت دوای رێككەوتنی میسر و یۆنان، كە توركیا پێی نیگەرانە، هەوڵ دەدات ئەویش بچێتە نێو رێككەوتنەكەوە كە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و ئەسینا زۆر خراپە.

بەرای چاودێران توركیا ئیخوانی گۆڕیەوە بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانی، بۆیە ئێستا لە دوای بێ هیوابوونی ئیخوان لە مانەوە لە توركیا بە دوای پەناگەیەكی نوێدا دەگەڕێن، ئەویش رۆشتنە بەرەو كەنەدا، چونكە ئەوێ باشترین شوێنە بۆیان.

هاوكات لە ئەوروپاش كە جاران بەریتانیا پێگەی سەرەكییان بوو، وەك جاران ناتوانن چالاكی بكەن و فەرەنسا و نەمساش كۆمەڵێك رێوشوێنیان دژی گروپ و رێكخراوەكانی سەر بە ئیخوان گرتووەتەبەر.

لە ماوەی ساڵەكانی رابردوو گروپ و رێكخراوەكانی ئیخوان لە ئەوروپا لە چەندین كردەوەی تیرۆرستییەوە گلاون، بەڵام بەهۆی ئەو رێكخراوانە بە ناوی ئیخوانەوە نین و ئیخوانیش نەخراوەتە لیستی تیرۆری ئەوروپاوە، لە رووی یاساییەوە گرفتی ئەوروپایە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توند، بۆیە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لە كاتی سەلماندنی تۆمەتەكان رێوشوێنی توند دژی ئیخوان دەگیرێتەبەر.