كەیسەكەی غالب محەمەد رادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵاى‌ دادوەری عێراق كرا

عێراق 11/03/2021

چاودێر
بەمەبەستی گواستنەوەی كەیسی تیرۆركردنی غالب محەمەد، بۆ بەغدا، ژمارەیەكی پارلەمانتاری كورد، سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراقيان كرد و كیتابی رەسمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی، رادەستكرا.
 كاوە محەمەد، پارلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای كوردستان لەبەغدا، بەچاودێری راگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئادار، بەنوێنەرایەتی هاوپەیمانی هیوای كوردستانی،  بەندە و دوو پارلەمانتاری دیكە، لەگەڵ فائق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق كۆبووینەوە و كیتابی رەسمیی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقمان رادەست كرد، كە تایبەت بوو بە گواستنەوەی كەیسی هەوڵی تیرۆركردنی د.غالب بۆ بەغدا، ئەویش بە پەرۆشیەوە ئامادەیی دەربڕیـى، تا رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر.
وتیشی " هاوكات هەر لەو سەردانەماندا، باسمان لەدۆخی خراپی دادوەری لەهەرێمی كوردستان كرد، بە تەواوی بەسەر حزبە دەسەڵاتدارەكاندا دابەشكراوە و روونمانكردەوە، دەسەڵاتداران، دادگاكان بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی حزبی بەكاردەهێنن و رێگە نادەن رۆڵی پیشەییانەی خۆیان بگێڕن".
باسیلەوەشكرد: لەسیاسەتی سەركوتكاریی و دەستگیركردنی چالاكوان و رۆژنامەنووسان و كەیسی حوكمدانی نادادپەروەرانەی چالاكوانانی بادینان،  داوامانكرد ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەتەواوی عیراق (بەهەرێمی كوردستان-یشەوە)، رۆڵی خۆی لەدوورخستنەوەی دەستێوەدانی حزبی لەدادگاكاندا ببینێت.