ڕۆژێکی نیشتیمانی لە عێراق ڕاگەیەندرا

عێراق 06/03/2021

چاودێر

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، "بەبۆنەی دیدارە مێژووییەکەی هەردوو جەمسەری ئاشتی و لێبووردەیی"، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، هەروەها دیداری ئایینەکان لە شاری ئوور، ڕۆژی شەشی ئازاری هەموو ساڵێك بە "ڕۆژی نیشتمانیی لێبووردەیی و پێكەوەژیان" ڕادەگەیەنن.

کۆبوونەوەی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە نەجەف، پیرۆزترین شاری شیعە مەزهەبەکان، بەڕێوەچوو. مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا فرانسیس باسی لە ستەم و هەژاریی و چەوساندنەوەی ئایینی بۆ پاپای ڤاتیکان کردووە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی شەڕ و تووندوتیژی و ڕاگواستن.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق، سیستانی ئاماژەی بەو ڕۆڵە گەورەیە کردووە کە "سەرکردە ئایینی و ڕۆحییەکان دەتوانن بیگێڕن بۆ سنووردارکردنی ئەو نەهامەتییانە، لە نێویاندا بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان-بە تایبەت زلهێزەکان کە دەبێت ڕێگەبدەن ژیری و لۆژیک سەربکەوێت و دووربکەنەوە لە زمانی جەنگ".

دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا دەستنیشانکردنی ڕۆژەکەی ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوە کردووە: بەبۆنەی دیدارە مێژووییەكەی هەردوو جەمسەری ئاشتی و لێبوردەیی، سەماحەتی مەرجەعی باڵا سەید عەلی سیستانی و قەداسەتی پاپا فرانسیس، هەروەها دیداری ئایینەكان لە شاری ئووری مێژوویی، ناودێركردنی ڕۆژی شەشی ئازاری هەموو ساڵێك بە "ڕۆژی نیشتمانیی لێبووردەیی و پێكەوەژیان" ڕادەگەیەنین.