ئەمەریکا سزایەک لەسەر ئێران هەڵدەگرێت

عێراق 06/03/2021

چاودێر

 

ئەمەریکا بە چەند سەرچاوەیەکی عێراقی ڕاگەیاندووە، قەدەغەی سەر سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق هەڵدەگرن.


حەمید حوسێنی، ئەندامی ژووری بازرگانیی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی "چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە عێراق پێی ڕاگەیاندوون، ئەمەریکا ڕەزامەندیی لەسەر هەڵگرتنی قەدەغەی سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق دەربڕیوە."


ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو ڕێوشوێنە هاوکاریی ڕەوشی ئابووریی ئێران دەکات بە تایبەت کە ئێستا لە ساڵی نوێی دارایی و مانگی ڕەمەزان نزیک دەبنەوە.


ئەمە لە کاتێکدایە، عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران لە 14ی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، قەبارەی سەرمایەی سڕکراوی وڵاتەکەی لە عێراق زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە.