عەلوەی سلێمانی دادەخرێت.. " نرخ دەفڕێت و گرانی دروست دەبێت"

ئابوری 03/03/2021

چاودێر
كاسبكارانی عەلوەی سلێمانی بەهۆی دۆخی ئاسایش و مەترسی لەسەر ژیانیان، بڕیاریانداوە لەرۆژی هەینی داهاتوەوە، عەلوەی سلێمانی بەیەكجاری دا‌بخەن، بەهۆی ئەوەی كە هێشتا پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، نەیانتوانیەوە‌ كێشەی بارهەڵگرەكانیان چارەسەر بكەن.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیكای عەلوەی سلێمانی، وتی " ئێمە لەمەرزی سەیران بەن و تەوێڵە كاردەكەین و بارهەڵگری خۆمان هەیە و هیچ پەیوەندییەكمان بەمەرزی باشماخەوە نییە، بەڵام شۆفێرەكانیان، چەندین رۆژە كێشەمان بۆ دروست دەكەن و سوكایەتی و دەستدرێژیی دەكەنە سەرمان".
ئەوەشی خستەڕوو،" هیچ ئاسایشێكمان نییە و مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان و بارهەڵگرەكانمان هەیە، بۆیە بە ناچاری عەلوەی سلێمانی لە دوو رۆژی داهاتوودا دادەخەین و چیتر نایكەینەوە، ئامادە نیین كار بكەین كە هیچ ئاسایشێكمان نەبێت".
ناوبراو، جەختیشیكردەوە: سەردانی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگا و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیمان كردووە، بەڵام تا ئێستا كێشەكانمان چارەسەر نەكراوە و شەوی رابردووش دووبارە هێرش كراوەتەوە سەر بارهەڵگرەكانمان، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەر خەت، چونكە بە تەواوی مەترسیمان لەسەرە و عەلوەش دابخرێت، نرخ دەفڕێت و گرانی دروست دەبێت.