ئەمریکا پەیامێک ئاڕاستەی یەکێتیی و پارتی دەکات

کوردستان 25/02/2021

 

 

 

باڵیۆزی ئەمەریكا سەردانی هەولێر دەكات 
رێكەوتی ٢٤ی شوبات،ماسیو تولەر، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەردانی هەولێری كردو لەگەڵ نێجیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عیراق و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.

ژمارەیەك پرس لە كۆبوونەوەكاندا تاووتوێكران، لەوانە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عیراق دوابەدوای هێرشە موشەكیەكانی سەر هەولێرو هەروەها پەیوەندیە هەرێمیەكان و پشتیوانی بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەی شەنگال و گەڕانەوەی سەلامەت و ئارەزومەندانە و شكۆمەندانەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.

هەروەها گفتوگۆكرا دەربارەی دانوستاندنەكانی تایبەت بە بودجە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و لە درێژەی گفتوگۆكانیشدا پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان لێوەكرا.

باڵیۆز تولەر، جەختی لەوەكردەوە كە یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی باشترین رێگەن بۆ خزمەتكردنی خەڵك و بوژاندنەوەی ئابوری و دابینكردنی ئاساییش و ژینگەیەكی بەهێز بۆ وەبەرهێنان.

هەروەها باڵیۆز تولەر جەختی لە گرنگیی ئازادی رادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن كردەوەو ئاماژەی بەوەدا كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پابەند دەمێنێتەوە بەكاركردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئەم پرسە و دڵنیاییدا لە پەیوەندیەكی بەهێز لەگەڵ ئیدارەكەی سەرۆك بایدندا.

هەروەها باڵیۆز تولەر بەیاوەری لەگەڵ كۆڵۆنێڵ سكۆت دیسۆرمۆ، فەرماندەی بنكەی ئاسمانی هەولێر سەردانی ئەحمەد هوشیار محەمەد ئەمین، بەڕێوبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان كرد؛ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پابەندە بە بەردەوامیدان بەكاركردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فڕۆكەخانە بۆ دابینكردنی ئاساییش و هاریكاری تەكنیكی پێویست بۆ ئەم ناوەندە گرنگەی هاتووچۆی ئاسمانی.

باڵیۆز تولەر، بەكۆبوونەوە لەگەڵ باز كەریم، سەرۆكی كارگروپ كۆتایی بە سەردانەكەی هێناو و لە میانەی ئەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا باسیان لەگرنگی هەمەڕەنگ كردن و بەسەردەمیكردنی ژێرخانی وزەو بازاڕی وزەی هەرێمی كوردستانی عیراق كرد.