دیسانەوە مەلا بەختیار!

کوردستان 25/02/2021



نوسینی: سۆران مستەفا (سۆرانی شێخ مستەفا)
ئەوكات لەكوردستان بووم، لەیەكێك لەكۆڕەكانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، لێكگیربووین. ئەوكات و ئێستاش، بۆ من هەمیشە قسە و تێڕوانینە سیاسی و فەلسەفییەكانی ئەم ئایكۆنە سیاسییە دیارەی باشوری كوردستان، كە ناوی مەلا بەختیارە، مایەی تێڕامان و بەوردی خوێندنەوە بووە، چونكە هیچ كاتێك نەمویستووە، هیچ بیروڕایەكی بەسانایی بەسەرمدا تێپەڕببێت، ئەمەش بەچەند هۆكارێك..
یەكەم، بەهۆی ئەوەی سیاسییەكی دیارەو خاوەنی مێژووی شاخ و شارەو لەو مێژووەشی كە هەیە، بەوردی بەئاگایە. دووەم، بەهۆی ئەوەی دەگمەنن ئەگەر هەبن لەسیاسییەكانی كوردستان (بێگومان بەڕێزەوە) نیو هێندەی ئەو پیاوە خوێندەوارو خاوەن روئیابن. چونكە لەبیرمان نەچێت، یەكێك لەهەرە سیفەتە گرنگەكانی كەسی سەركردە ئەوەیە، خوێندەوارو خاوەن روئیا و دوور روانینی پێشبینكار بێ‌. سێهەم، لەخەباتی رۆشنگەریشدا، ئەم ئایكۆنە، لەدوای نەمران پیرەمێردو ئیبراهیم ئەحمەدەوە، یەكێكە لەهەرە كەسە دیارەكانی بۆ ئەم بوارە تێدەكۆشێ‌. هەموو ئەمانەش پێكەوە، ئەگەرچی لەفكرە سیاسی و حزبییەكەیدا، تەواو جیاوازو ناكۆكم، بەڵام هەمیشە بەڕێزەوە، گوێی لێدەگرم و دەیخوێنمەوە، چونكە گەشەی رۆشنگەری بۆ كوردستان بەگرنگ و دەرمانی زۆر دەرد دەزانم.. ئێ‌.
ئەوەی دەمەوێ‌ لەم كورتە نوسینەدا، سەرنجی خۆمی لەبارەوە بڵێم، لێكەوتەكانی دواهەمین گفتوگۆی بەڕێزیان بوو، لەبەرنامەی كرانەوەی كەناڵی كوردستان 24، لەژێر تایتڵی عەلمانیەت، رۆشنگەری، پەیوەندی نێوان دین و دنیا. بێگومان قسەكردن لەسەر مەجرای گفتوگۆكە، ئەگەر دەرفەت بوو بابمێنێ‌ بۆ دواتر. 
بەڵام دەمەوێ‌ بڵێم، ئەم پیاوە لەدیدارو گفتوگۆكانیدا، بەهۆكاری باكگراوندە مەعریفییەكەی، لەئاستێكی بەرزدا قسەكانی دەكات، ئەمەش وایكردووە زۆرترینجار لەئاستی شەقامی گشتی، قسەكانی مشتومڕی لێبكەوێتەوە، چونكە ئەگەر یەكێك لەو بوارەدا سەوادی نەبێت، ئەوا توشی بەدحاڵیبون دەبێت. دەشزانین تاك ‌و كۆمەڵی رۆژهەڵاتی بەتایبەتی، هەمیشە لەتێنەگەیشتنی بەرامبەردا، ئەوی دی تۆمەتبار دەكات، نەك خۆی! بەڵكو هێرشیشی دەكاتە سەرو رستێك تاوانیشی دەخاتە پاڵ! 
لەم رووەوە، سەبارەت بەم پیاوە بەشێكی پەیوەندی بەكۆی ئەو هێرشانەوە هەیە، كە بەدرێژایی ژیانی لەلایەن نەیارە سیاسییەكانییەوە ئاراستەی كراون‌و نەك هەر هەوڵی ئیرهابی جەستەیی، بەڵكو بەئێستاشەوە هەوڵی ئیرهابی مەعنەوی دەدرێت‌و بەشێك لەخەڵكیش كەوتونەتە ناو شەپۆلەكانییەوە.
مەلا بەختیار، لەو دیدارەدا، تەنها روانگەو بیروباوەڕی خۆی رونتر كردۆتەوە، هەوڵیدا تەمومژێك لەشەقام و رای گشتی خەڵك ئەگەر هەیە لەسەر باوەڕی ئاینی، ئەوا ڕونیبكاتەوە وەك ئەوەی هەیە. زۆربەشمان دیبەیتەكەیمان لەگەڵ بەڕێز عەلی باپیر لەیادە، كە بەڕێزەوە گفتوگۆی كردو هەم بەڕێزیشەوە پرسیارەكانی لەپەرستشی ئاینی و رۆحی رونكردەوە. 
بۆیە روونە ئەگەر كەسێك بادسەواد نەبێ‌، یان شەڕی بەوەكالەت‌و كۆنەقین نەكات، تێدەگات ئەم پیاوە، چۆن رێز لەبەرامبەر و ئەوی تریش دەگرێت بەناكۆكیی و جیاوازییە ئایدۆلۆژیی‌و سیاسییەكانیشەوە.  
ئەوەی دەمێنێتەوە‌و بەڕاستی بووە بەمایەی پرسیارە لەلام، ئەو كۆمێنتە جیاوازانە نییە كە لەسۆشیالمێدیا بەرامبەر بەمەلا بەختیار، دەنوسرێت. بەڵكو ئەو پرسیارەیە، كە بۆچی لەدوای كۆنگرەی یەكێتییەوە، راگەیاندنی یەكێتی، تەنها وشەیەكی ئەم پیاوە بڵاوناكەتەوەو حەسری ئیعلامی لەسەر داناوە؟!