لیزا کاکەیی: دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا بەڵێنێکی زۆر سەخت بوو

کوردستان 25/02/2021

لیزا فەلەکەدین کاکەیی پەرلەمانتاری پارتی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک نوسینێکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت:

پێش مانگێک بەرێز مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "ئیتر لەمەودوا رۆژی ۲٥ ی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
ئەمە بەڵێنێک بوو کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا درا ! لەکاتێکدا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکە و لە جیهاندا لە تەشەنەکردندا بوو هەروەها دەوڵەتی عێراق هەموو شایستە و مافە داراییەکانی هەرێمی بڕیبوو ! بەڵام دووبارە رێکخستنەوەی سیستەمی باج و ڕسومات و گرتنەبەری هەندێک هەنگاوی گرنگ لە خاڵە سنورییەکان و جێبەجێکردنی هەندێک ماددە و برگەی یاسای چاکسازی وایکرد کە داهاتی نانەوتی هەرێم روو لە زیاد بوون بکات...
ئەگەر ئەم کابینەیە بەهەمان ئیرادە و روحییەتی ئێستای لە سەرکەوتنەکانی بەسەر قەیرانەکاندا بەردەوام بێت ئەوە :
یەکەم/ متمانەی نێوان هاوڵاتی و حکومەت دووبارە زیندوو دەبێتەوە.
ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی ئەو بێ متمانەییەوە دروست ببوو دەرفەتی بۆ کۆمەڵە کەسانێکی پۆپۆلیست رەخساندبوو کەوا بێنە گۆڕەپانی سیاسی و لە رێگەی پەیامی چەواشەکارانە بەردەوام بەربەست بۆ کابینەی نۆیەم دروست بکەن، بەڵام بە دووبارە دروستبوونەوەی ئەم متمانەیە چیدیکە باوی ئەم جۆرە بەناو سیاسیانە نامێنێت و ماوەیان بەسەر دەچێت.
دووەم/ لایەنە تووندئاژۆ عێراقییەکان پێیان وابوو لەرێگەی یاسای قەرزی ساڵی 2019 ەوە دەتوانن ئابووری هەرێم لاواز بکەن و لەو رێگەشەوە وردە وردە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم بکەن !
بەڵام خۆراگری هاوڵاتیان و هەنگاونانی ژیرانەی حکومەتی هەرێم پێکەوە وایانکرد بۆ جارێکی تر شکست بە پیلانی نەیاران بێت، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو هەمان ئەو لایەنە عێراقیانەی کە دژایەتی هەرێمیان دەکرد بۆ کابینەی داهاتووی عێراق داوای هاوپەیمانییەتی و پاڵپشتی لە هێزە سیاسییە بەهێزەکانی کوردستان دەکەن!