شەپۆلێکی دیکەى بەفر و باران بەڕێوەیە

ژینگە 26/01/2021

چاودێر:

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ڕۆژى پێنچ شەممە بەفر و باران لەهەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان دەبارێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، لەبەرەبەیانی زووی ڕۆژی پێنج شەممەدا ئاسمانی ناوچەکە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، سەرەتا نمە باران و بەفربارین لەناوچە شاخاوی و سنورییەکان دەبێت، باشان بارانبارین لەهەندێک سەنتەری قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، لوتکەی زۆربەی شاخە بەرزەکان بەفری لێ دەبارێت.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر لەسنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبێت، و بارانی پچڕ پچڕ لەناوچەکانی دیکە دەبارێت.

 

باسی لەئەوەشکردووە، ڕۆژی هەینی ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەبارانی کەم کەم، بەڵام سنووری باشووری پارێزگای سلێمانی ئاستی باران زیاتر دەبێت و لەئیدارەی گەرمیان ئاستی بارانبارینی مامناوەند دەبێت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدراوە، ڕۆژی شەممە لەهەندێک ناوچە نمە باران دەبێت، و لەڕۆژی یەک شەممەدا کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.