كار بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی دەكرێت

ڕاپۆرت 15/11/2020

چاودێر: ڕەمەزان شێخانی 


فراكسیۆنی بەرەی عێراقی كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتیی دەكات ئاشكرای كردووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار واژۆیان كۆكردوەتەوە بۆ لابردنی محەمەد حەلبووسی لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئاماژەی كردووە بۆ ئەو فراكسیۆنە سیاسییانەی كە پشتیوانیی ئەو جموجۆڵە دەكەن.


بەرپرسێكی باڵای بەرەی عێراقی ڕایگەیاندووە، تا ئێستا 140 واژۆی پەرلەمانتارانی عێراقییان كۆكردوەتەوە بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستەكەی و بەردەوامیشن لە جموجۆڵەكانیان.


ئاشكراشی كردووە، ئەو هێزە سیاسییانەی كار بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی دەكەن بریتییە لە "بەرەی عیراقییە، دەوڵەتی یاسا، فراكسیۆنی فەتح و ئیئتیلافی نەسر".


تەئكیدیشی كردەوە كە گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی فراكسیۆنی سائیرون و ڕەوتی حیكمە تا دەنگ بە دوورخستنەوەی حەلبووسی بدەن و
 تەئكیدیشیان كردووەتەوە ئەوان پشتیوانی دەكەن لە ڕای زۆرینەی پەرلەمانتاران.


بەرەی عێراقییە هەفتەی داهاتوو داوایەكی ڕەسمی پێشكەش دەكات بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستەكەی و پیشبینیشی كردووە هەفتەی داهاتوو ژمارەی واژۆكان بگەیەننە 180 واژۆ.


وتیشی: "سەركردەكانی بەرەی عێراقی لە دانوستاندان لەگەڵ فراكسیۆنی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتیی دەكات بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە پرسی دوورخستنەوەی حەلبووسی."


مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو 35 پەرلەمانتاری سەر بە فراكسیۆنە سوننییەكان فراكسیۆنی بەرەی عێراقییان دامەزراند، كە بریتیە لە: "بەرەی ڕزگاری و پەرەپێدان كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتیی دەكات، حزبی ئیسلامیی عێراقی كە ڕەشید عەزاوی سەرۆكایەتیی دەكات، پڕۆژەی عەرەبی كە خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتیی دەكات و فراكسیۆنی جەماوەر بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد جبووری و فراكسیۆنی عێراقی سەربەخۆ".


ئەو بەرەیە كار دەكات بۆ دەركردنی محەمەد حەلبووسی لە پۆستەكەی بە تۆمەتی شكستهێنان لە ئیدارەدانی ئەو كێشە سەرەكییانەی كە ڕووبەڕووی پێكهاتەی سوننەكان دەبێتەوە.


لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 پۆستەكان بەم شێوەیە بەسەر پێكهاتەكانی عێراقدا دابەش كران؛ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننە و پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد و سەرۆكوەزیران بۆ عەرەبە شیعەكان.


سەرچاوە/ ئاژانسەكان