بێدەنگیی شاعیرانی دوای ڕاپەڕین؛ گفتوگۆ لەگەڵ سارا سەردار

ڕەخنەی چاودێر 18/07/2020

چاودێر: ئاکار محەمەد

بێدەنگیی شاعیرانی دوای ڕاپەڕین دەبێتە تەوەری ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ شاعیری لاو سارا سەردار.

ئاکار محەمەد: خاتو سارا ئەمەوێت لێرەوە درگایەک بکەمەوە بەڕوی گفتوگۆکانمان، ئەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەم هەموو بێدەنگیە چیە لە شیعری ئێستای جیلێک کە خۆی بە نەوەیەکی مۆدێرنەو یاخی دەزانێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بێدەنگە لەئاست ئەم هەموو زوڵمە کە دەرهەق بە ئینسانەکان دەکرێت ؟ ئایە شیعری ئێستای دوای ڕاپەڕین توانیویەتی جۆرە گومان و پرسیارێک لای خوێنەر دروست بکات؟.

سارا سەردار: بێدەنگی لە ناو ئەدەبیات دەکرێ هۆکاری زۆر بێت بە تایبەت بۆ ئەو کەسەی کە خاوەن نووسین و قەلەمە بەڵام ئەوەی کە بۆ چی نووسەری ئێستا لە ئاست ئەو هەموو کێشە و نەهامەتییە کە رووبەرووی مرۆڤەکان دەبێت بێدەنگن دەکرێ یەکێک لەو هۆکارانە بێدەسەڵاتی رۆحی و رەوانی شاعیر یان نووسەر بێت، مرۆڤ کاتێک لە بەرامبەر روداوێک یان کارەساتێک چارەی نییە هەست بە بێدەسەڵاتی لەبەرامبەر گەردوون دەکات بۆیە زۆرجار تەنانەت نووسینیش ناتوانێت ناخمان بەتاڵ کات و بڕیار بە بێدەنگی دەدەین، بەڵام لە هەندێ جارلە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی بینیومانە کە کوێلە بوون واتا لە بەند و چوارچێوە بوون کاریگەری لەسەر ئەو بابەتە دەکات، کوێلە بوون بە واتای ئەوەی مرۆڤ خوی گیرۆدەی کۆمەڵی دابونەریت و دەبێت و نابێت و بەهێزی و بێهێزی دەکات بەو رادەیە کە پاش ماوەیەک ئەوە ئەو چوار چێوەیەیە کە بڕیار لە سەر هەڵسوکەوت و تەنانەت نووسینەکانی دەدات. بەڵام لێرە با ئاماژە بەو بەوەش بکەین کە نووسەر یان شاعریش لە کۆتایی دا وەک هەر مرۆڤێکی تر دەبێت سەرقاڵی ژیانێکی ئاسایی لەگەل کەسانی نزیک و دەوروبەری بێت و تەنانت بژیوی ژیانیشی بکات بۆیە دەکرێ نووسەر یان شاعریش وەک هەر کەسێکی تر رووبەرووی کومەڵێ کێشە و نەهامەتی بن کە کاریگەری لەسەر ئەو هەستە ناسک و جیاوازەیان دەکات کە وای کردبوو ئەو کەسە وەک نووسەر یان شاعیرێک دەربکەوێت، بۆیە لە کۆتاییدا دووچاری هەڵبژاردەنێک دەبێت کە زۆر جار بۆ ماوەیەک بێدەنگی دەکات.

ئاکار محەمەد: بە بڕوای تۆ چۆن جارێکی تر شیعر بێنینەوە ناو کۆمەڵگاو جارێکی تر ئاشتی بکەینەوە لەگەڵ جیلێک کە جیلێکی بێ خەون و بێ پرسیارە؟
سارا سەردار: ڕەها بوون بە واتای وشە یەکێکە لەو ئاستە مەعریفی و ڕۆحینەی کە دوواجار هەموو نووسەر و شاعیرێک دەبێ بگەنە پێی ئەگەر نا ئەو تێکەڵ بوونەی کە پێویستە لە نێوان کۆمەڵگە و شاعر روو نادات. مەبەست لە ڕەها بوون ئەوەیە کە کەسی خاوەن قەلەم لە هەموو کوت و بەندەکان خۆی رەها بکات وەک کوت و بەندی ڕەگەزی، جنسی، نەتەوەیی، ، کۆمەڵگا و هەندێ جار خێزانیش بەڵام لەسەر کۆمەڵگای کوردستا ن ئەو تێبینییەم هەیە کە کەسی خاوەن قەلەم دەبێ خۆی لە بەندی شارچییەتی و قالبی عەشیرەتی ڕەها بکات و خۆی بە موڵکی هەموو تاکێک و هەموو کۆمەڵگا و ژینگەکەشی بە مولکی خۆی بزانێت ڕام وایە لەو کاتەیە کە دیسان دەتوانین شیعر بیهێنینە ناو کومەڵگا و کەسێک لە زاخۆوە بە لەهجەی کرمانجی شعرێک لەسەر زامەکانی گەرمیان و هەلەبجە بنووسێت و ئێمە لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ وشە بە وشەی نووسینەکەی تێکەڵ بە چێرۆک و هەستەکانیان بین.

ئاکار محەمەد: ئایە بەبڕوای تۆ لەم قۆناغەدا کە سۆشیالیزم کەدروشمی بەهەشتێکی دروست کردبوو، بۆ ئینسانەکان و بەڵام فەشەلێکی یەجگاری پێهات لەتەواوی ڕۆژ ئاوادا، وەک چۆن لە ئێستادا دەبینین کەپیتاڵیزم و بۆرژوازەکان دوونیا بەڕێوە دەبەن، ئەبێت لەم نێوەندەدا شیعر چ ڕۆڵێک ببینێت لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا؟
سارا سەردار: سیاسەت و ئەدەبیات دوو بابەتی زۆر جیاوازن کە تێکەڵ بوونێکی هەمیشەییان هەیە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سیاسییەکان هەمیشە هەولی راکێشانی ئەدیب و نووسەرەکانیان داوە بۆ بەرەی خۆیان( ئەوە شتێک نییە کە ووتەی من بێت بەڵکۆ مێژوو سەلماندوویەتی)و زۆر کات نووسەرەکانیش بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان یان باشترکردنی بژێویی ژیانیان یان وەک حەز و خۆشەویستییەک بۆ کەسی خاوەن دەسەڵات تێکەڵ بە سیاسەت بوون، بەڵام بێجگە لەو بابەتەش هەمیشە هەبوونە کەسانێک کە بە نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان هەوڵی کۆنتروڵ کردن(باشتر یان خراپتر کردن)ی بارۆدۆخەکەیان داوە بۆیە ئەوە بابەتێکی هاشا هەڵنەگرە کە ئەدەبیات کاریگەری لەسەر سیاسەت و کومەڵگا هەیە بۆیە لە قۆناخی ئێستا کاری کەسی خاوەن قەلەم ئەوەیە کە زۆر هۆشیارانە لە نێوان باش و خراپ شتێک هەڵبژێرێت کە بە قازانجی گشتی کومەڵگا و بە تایبەت خەڵکی چینی هەژار بێت بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و کاریگەری باشی هەبێت لەسەر دۆخەکە.

ئاکار محەمەد: ئێستای شیعری کوردی بۆ توانای پەڕینەوەی نیە لە ناوچەیەکدا بۆ هەرێمێکی تر؟
سارا سەردار: بە ڕای من جیهان بینین بەشێکی گەورە لەو فەزایە داگیر دەکات کە نووسەر یان شاعیر لە ناوی دا دەژی، بۆیە هەتا جیهان بینینمان گەورە تر و فراوانتر بێت ئاست و پانتایی شیعرەکانمان بەرزتر و زیادتر دەبێت، نووسەرێک ئەگەر لە رووی تێگەیشتن و تێکەڵ بوون سنووری چواردەوری خۆی تێنەپەراندبێت و هێشتا لە ناو ئەو فەزایە بژیت کە خێزان و کۆمەڵگا و بۆیان درووست کردبێت و لەسەری فەرز کرا بێت، ناتوانێت هەست بەو ئازار و کالێنەی بکات کە لە ئاستی جیهانی و نێو نەتەوەیی بوونی هەیە و لەسەری قسە بکات یان ووتەی هەبێت.

ئاکار محەمەد: گرنگترین پرسیار بۆ من ئەمەیە دەمەوێت ڕەئی تۆ لەسەر پەیوەندی شاعیر بە مەرگەوە بزانم چیت هەیە لەسەر مەرگی شاعیران؟
سارا سەردار: مەرگ لە ناو ئەدەبیات یان مەرگی شاعیر، ئەمە بابەتێکە کە زۆربەی هەرە زۆری نووسەریان شاعیرەکان بابەتیان لەسەر نووسیوە یان بە لایەنی کەم ئەم هەستە(مەرگ و کۆتایی ژیان)لە سوچی یەک یان چەند بابەت و نووسینێکیان دەردەکەوێت کە ئەمە پێش هەمووشتێک نیشانەی ئەوهەستە ناسک و جیاوازەی هەیە کە شاعیر یان خود مرۆڤی ئەدەبی هەیەتی، ئەمە واتا تێپەراندنی قۆناغە جیاوازەکانی ژیان و بگرە سەخت ترین قۆناخەکان کە نووسەر لەسەری تێپەریوە، زۆر جار بێ هیواییەک کە تەنیا خودی نووسەر دەیناسێت و هەستی پێدەکا و لەگەڵی ژیاوە ئەتگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە لە شیعرێکت بڵێی:ئامادەم بۆ مردن، لە هەندێ حاڵەتی جیاوازیش نووسەر یان شاعیر پاش گەیشتن بە ویست و ئارەزووەکەی ئەگاتە ئەو قۆناغەی کە بەڵێ من ئێستا ئامادەم بۆ مردن.بەڵام سەبارەت بە مەرگی شاعیران دەبێ بڵێم لەوە کۆمەڵێ بیرەوەری نووسراو بە بیرم دێتەوە کە توشی جۆرێک لە سترێسم دەکا، زۆربەمان ئەزموونی ئەوەمان هەیە و کۆمەڵێ نووسەر و شاعیر دەناسین کە چ لە ئاستی ناوخۆ چ لە ئاستی جیهانی لە پشت مەرگ ناوبانگیان دەرکردووە هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەو کۆمەڵگایەکە ئەو کەسایەتیە تیا ژیاوە کومەڵگایەک بووە کە پاش چەندین ساڵ جۆریەتی بیرکردنەوەی ئەو کەسەیان ناسیوە یان قبولیان کردووە بۆیە ئەو کەسایەتیە هەتا لە ژیان ماوە نەناسراو یان کەم ناسراو بووە بەڵام پاش مەرگ جا کۆمەڵگا زانیوەتی کە چ جۆرە کەسایەتییەکی لە دەست داوە بۆیە ئەکەونە بڵاو کردنی بابەتەکانی و رێز گرتن لە کەسایەتییەکە و درووست کردنی پەیکەر و تیمسال. بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم مرۆڤە هەست ناسکەکان دۆستایەتی دێرینەیان لەگەڵ مەرگ و قبوول کردنی ئەم ڕاستییە هەیە.

ئاکار محەمەد: کۆتا پرسیار دەمەوێت بڵێم تا چەند ئەو شیعرانەی کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، توانیویەتی خزمەتی خەیاڵی شاعیرانی باشووربکات و تا ئاشنابن بە شیعر و خەیاڵی شاعیرانی ڕۆژ ئاوا، ئەی بۆ تا ئێستا شاعیرانی دوای ڕاپەڕین نەیان توانیوە بپەڕێنەو ئەدەبیاتی گەلانی تر بە نوسینی بەرهەمەکانیان؟
سارا سەردار: بۆ وەرگێرانی بابەت بە تایبەت ئەگەر بابەتەکە ئەدەبی و هونەری بێت سەرەتا پێویستە وەرگێر لەگەڵ رۆح و ئەو ژینگەیە کە نووسەر تیا ژیاوە تێکەڵ بێت و بتوانێت خۆی بخەزێنتە ناو ئەو فەزایە بۆ ئەوەش وەرگێر دەبێ زمان زانێکی باش بێت واتا تەنیا ئەوە بەس نییە کە وەرگێر بتوانێت بەو زمانە قسە بکات بەڵکۆ پێویستە ساڵیانی ساڵ لەگەڵ ئەو فەزا و ئەو زمانە ژیا بێت و لە رووی هەستەوە تێکەڵ بوونێک درووست کرا بێت ئینجا وەرگێر دەست بداتە بەرهەمەکە و هەوڵی وەرگێرانی بدات بە سەر زمانێک کە بە زمانی دایک بۆی حیساب دەکرێ، لە کوردستانیش بە هۆی ئەو بارۆدۆخە نالەبارە سیاسی و کومەڵایەتی و ئیمکانیاتی کە هەمیشە هەبووە زۆر خەڵ روویان لە دەرەوەی کوردستان کردووە و لەوێ ژیاون و تەنانەت خێزانیان پێک هێناوە کە ئەمانە هەمووی بووتە هۆی تێکەڵ بوونێکی قووڵ لە نێوان کەسایەتی و کۆمەڵگا تازەکە، بێ شک چینی نووسەر و ئەدیبیش بێ بەش نەبوون لەو کۆچە بۆیە ئەو چینە تایبەتە کە لە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگایە ژیاوە کە لێی لدایک بووە توانیوەتی ببێتە پردێک بۆ گواستنەوەی ئەدەبیاتی هەر دوو ناوچەکە بۆ ناو یەکتر کە ئەویش کاری کردووە سەر گەشە کردنی خەیاڵی شاعیر و نووسەری کورد بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە هەندێ جار ئەنجامەکە بەو جوانی و پۆختەییەی کە چاوەڕێ دەکەین تەواو نابێت بەڵکە دەبێتە هۆی وەرگێرانی شعری شاعرێکی بێگانە بۆ سەر زمانی دایک و وەرگێر خۆی دەکاتە خاوەنی بابەتەکە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناوی نووسەر بکات کە بەداخەوە ئەوە جێی نیگەرانییە.سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردستانیش هەر وەک لە پرسیارەکانی پێشوو وەڵاممان دا ڕەها بوون و گرۆدەی چوارچێوە نەبوون بەشێکی گرنگی ئەو پەرینەوەیە، واتا شاعیر یان نووسەر دەبێت خۆی بە موڵکی هەمووان بزانێت.