كوشتن بەبیانووی شەرەف، هەڕەشە لەهەزاران گەنج دەكات

ژن 27/05/2020

چاودێر: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی رووداوەكانی كوشتن  بەبیانووی شەرەف لەچەند شارێكی ئێراندا تەشەنەی كردوەو چەندین گەنج بوونەتە قوربانی.

بەداس سەری دەپەرێنێت 
رومینا ئەشرەفی كچێكی تەمەن 13 ساڵان لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لەگوندێكی سنوری قەزای تالشی پارێزگای گیلان، لەلایەن باوكیەوە لەناوخەودا بەداس سەری پەرێندرا.
فەرنووش فەرەجی رۆژنامەنووسی ئێرانی لەوبارەیەوە رایگەیاندوە:" رومینا ئەشرەفی كەتەمەنی 13 ساڵان بووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن باوكیەوە لەناو گەرمەی خەودا بەداس كە ئامرازێكە بۆ درەو بڕینی پوش و پاوان و دارو چیلكە بەكار دێت سەری پەرێندراوە".
وتووشیەتی:" هەرچەند باوكی دەستگیركراوە، بەڵام باوكی هۆكاری ئەو كارەی بۆ بیانووی شەرەف گەڕاندوەتەوە، گوایە كچەكەی ویستوویەتی  هەڵبێت و لەگەڵ پیاوێكی تەمەن 30 ساڵاندا هاوسەرگیری بكات".
كەسانی نزیك لەرۆمینا ئەوەیان ئاشكراكردوە:" كە ئەو كچە پێشتر بەمەبەستی توندوتیژی و هەڕەشەكانی باوكی چووەتە لای پۆلیس و داوای كردوە رادەستی باوكی نەكەنەوە، بەڵام پۆلیس كچەكەیان داوەتە دەستی باوكی".
بەپێی یاسایی تاوانەكانی ئێران، ئەو كەسانەی تاوانباری كەیسی شەرەفن سزایەكی كەم دەیانگرێتەوە، بۆیە پێدەچێت باوكی رومینا 3 بۆ 10 ساڵ زیندانی بكرێت.

برایەك خوشكەكەی خۆی سوتاند 
هاوكات لەشاری رەشتی ئێران، برایەك لەسەر بیانووی ناموس، خوشكەكەی سوتاندوە، كە رێژەی سوتاندنەكەی 90% بووەو دواتر گیانی لەدەستداوە.
براكەی لەبەرامبەر لێكۆڵینەوەی پۆلیسدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، كە خوشكەكەی خۆی خۆی سوتاندوە.
هەرچەند براكەی دەستگیركراوە، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت سزایەكی قورسی بدرێت.
ساڵانە 400 ژن بەبیانووی ناموس دەكوژرێن 
مەنوچهری بابایی چالاكوان لەبواری مافەكانی مرۆڤ، لەلێدوانێكیدا، جەختیكردوەتەوە: كەساڵانە نزیكەی 400 بۆ 500 حاڵەتی كوشتنی بیانووی ناموس لەسەرانسەری ئێران بەتایبەت لەگوندەكاندا روودەدەن.
باسی لەوەشكردوە: ئەو رێژەیە دەكاتە 20% كۆی كوشتنەكانی ژنان لەسەرانسەری ئێران و مەترسیەكی گەورەیە بۆ چارەنووسی ژنان و كچان لەو وڵاتە. 

رۆژهەڵاتی كوردستانیش بێ بەش نەبووە 
لەكۆی ئەو تاوانانە بەشێكیان  لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان روودەدان، بەپێی ر اپۆرتی رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ، ساڵانە نزیكەی 25 بۆ 30 ژن لەسەر بیانووی ناموس دەكوژرێن و رێژەكەش ساڵ لەدوای ساڵ لەبەرزبوونەوەدایە.
داوای هەمواری یاساكە دەكرێت
جێگری یاسایی سەرۆككۆماری ئێران داوایكردووە پڕۆژەیاسای پاراستنی ژنان و رێگری لە تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زووتر لە پەرلەمانی ئێران دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەم پڕۆژەیاسایە لە حكومەتی رووحانی ئامادە كراوە و دەزگای دادی ئێران گۆڕانكاری زۆری تێدا كردووە. هەر لە سەرەتاوە لە 92 مادەی پڕۆژە یاساكە 40 مادەی رەشكرایەوە.