كەجەكە كوژرانی شنگالی راگەیاند
كەجەكە داوای رونكردنەوە لە پارتی و بەغدا دەكات

کوردستان 16/08/2018


چاودێر:

 هاوسەرۆكایەتیی كەجەكە ڕایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەكان لە شەنگالەوە، گومان دەكرێت كە هێزی نزیك لە پارتی یان حكومەتی عێراق هاوكارییان كردبێت بۆ بە ئامانج گرتنی مام زەكی شەنگالی، ڕاشیدەگەیەنن: گەر دەستی ئەوانی تێدانییە، با بەفەرمی شەرمەزاری بكەن و ڕوونكردنەوە بدەن.

كەجەكە بە بۆنەی كوژرانی زەكی شنگالی ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دەڵێت "هێرشی ئاسمانیی و كردنە ئامانجی مام زەكی شەنگالی بەردەوامیی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یە، ئەوەش جارێكی دیكە دەیسەلمێنێت كە پشتی پەردە و هاندەری هێرشی سەر شەنگال دەوڵەتی تورك بووە".

كەجەكە ڕاشیگەیاند "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شنگالەوە بە دەستمان گەیشتووە، گومان دەكرێت هێزەكانی نزیك بە پارتی یان حكومەتی عێراق هاوكارییان كردبێت بۆ ئەو هێرشە، سەرنجڕاكێش ئەوەیە، كە ئەو هێرشە ڕێك پاش سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە ڕوویداوە، مام زەكی زۆر جار وەك نوێنەری خەڵكی ئێزدی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق دیداری كردووە، بەپێی ئەوە حكومەتی عێراق پێویستە لەبارەی ئەو هێڕشەوە ڕوونكردنەوە بڵاوبكاتەوە".

ڕاشیگەیاند "حكومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، كە لە دژی هەموو جۆرە هێرشێك بۆ سەر شنگال، ئایا حكومەتی عێراق بەپێی ڕێككەوتنێك لە ئەنقەرە ڕێگای بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە داوە؟ ڕایگشتی ئێزدی چاوەڕێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی عێراقە لەو بارەیەوە، ئەگەر حكومەتی عێراق و پارتی پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە، پێویستە بۆ ڕایگشتیی ئاشكرا بكەن و ئەو هێرشە شەرمەزار بكەن، هەروەها ناڕەزایی دەرببڕن لەدژی دەوڵەتی تورك".

كەجەكە هەروەها ڕایگەیاندووە، كە لەبەرامبەر پێشێلكردن و بەزاندنی سنوورە ئاسمانییەكانی شەنگال، ئەمریكا، پارتی و عێراق بەرپرسیارن، ئەو فڕۆكەیە سنوورە ئاسمانییەكانی بڕیوە، چونكە ڕێگای پێدراوە، ئەوانەی نەیانتوانی ڕێگری بكەن لە هێرشی چەتەكانی داعش بۆسەر شەنگال، لەو هێرشەدا هاوكاریی دەوڵەتی توركیان كردووە، ئەگەر نایانەوێت لەوە زیاتر بەشداربن لە كۆمەڵكوژیی خەڵكی ئێزدیدا، پێویستە سنوورە ئاسمانییەكانی شنگال بەرەو دەوڵەتی تورك دابخەن.

لە بەردەوامیدا كەجەكە تیشكی خستووەتە سەر كشانەوەی هێزی گەریلا لە شنگال و ڕایگەیاندووە، كە لەكاتی هێرشی چەتەكانی داعش بۆ سەر شەنگال گەریلاكانی هەپەگە و یەژاستار خۆیان گەیاندە شنگال و بەرگرییان لە خەڵكی ئێزدی كرد، پاشان هێزەكانی یەبەشە و یەژەشە بۆ بەرگری لە خەڵكی ئێزدی دامەزران، هەپەگە و یەژاستار ڕایانگەیاند، كە ئەگەر هێرش بكرێتەوە سەر شنگال ئامادەن بۆ بەرگری لە خەڵكی ئێزدی و پاشان گەریلاكانیان لە شنگال كشاندەوە، هێرشی دەوڵەتی تورك بۆسەر شنگال لەپاش كشانەوەی گەریلاكان لە شنگال، دەیسەلمێنێت كە دەوڵەتی تورك بەتەمای قڕكردنی خەڵكی ئێزدییە، دەیەوێت كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان كە لە باكوری كوردستانەوە دەستیپێكرد لە شەنگال كۆتایی پێبێنێت.

لەكۆتاییدا كەجەكە ڕایگەیاند: كاتێك چەتەكان هێرشیان كردە سەر شەنگال مام زەكی خۆی گەیاندە شنگال و پێشەنگایەتی خەڵی ەنگالی كرد بۆ بەرگری لە هەبوونیان، بۆ ڕێكخستنی خەڵكی ئێزدی شەو و ڕۆژ تێكۆشانی كرد، هەڤاڵ زەكی شەنگال ٣٥ ساڵ تێكۆشانی كرد و بوو بە یەكێك لە پێشەنگەكانی كۆمەڵگای ئێزدی، بانگەوازیی هەموو كۆمەڵگای ئێزدی دەكەین كە لەدژی ئەو تاوانە ناڕەزایی دەرببڕن و سەرهەڵدەن، بانگەوازیی هەموو گەنجانی ئێزدی لە سەرتاسەری جیهانیش دەكەین، كە بەشداری ڕیزەكانی یەبەشە و یەژەشە بن و خەونەكانی مام زەكی و ڕێبەر ئاپۆ لەبارەی شەنگالەوە بەدیبێنن.