عێراق؛ بۆ ڕووی لە چین کرد؟

عێراق 10/06/2023

ئومید شوکری
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

لە دەیەی ڕابردوودا عێراق ڕۆڵێکی گرینگی لە کەرتی نەوتی ئاسایشی وزەی چیندا هەبووە. هاوکات کۆمپانیا چینییەکانیش بە وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازی عێراق، ڕۆڵێکی گرینگیان لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بینیوە.

دوای ڕووخانی سەددام، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی چین، یەکەم کۆمپانیای بیانی بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت گرێبەستێکی لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژۆ کرد.

بێگومان هاوکاری نێوان هەردوو وڵات، تەنیا لە کەرتی وزەدا سنووردار نییە. حکوومەتی عێراقیش لە دیەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە کڕیارانی چەکی چینی. عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چینی بەکار دەهێنا. حکوومەتی عێراق هەروەها بەرگری لە قانوونی ئاسایشی نیشتمانی هۆنگ کۆنگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سیاسەتی حکوومەتی چین بەرانبەر بە کەمینەی موسڵمانانی ئۆیغوور، کرد.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ چین لە ساڵی ڕابردوو ٥٣ ملیار دۆلار بووە. بەپێی ڕاپۆرتی باڵیۆزخانەی چین لە عێراق، بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی لە سەددا ٤٣‪.١ زیادی کردووە.

ئێستە ئاستی ئەم هاوکارییە گەیشتووەتە ئاستێک کە چین بڕیاری داوە، وەک بەشێک لە ستراتیجییەکی فرەوانتر بۆ لاوازکردنی دۆلار و بەهێزکردنی یوان، مامەڵە نەوتییەکانی لەگەڵ عێراق بە یوان بەڕێوە ببات.

چین بۆ کەمکردنەوەی وردە وردەی باڵادەستی دۆلار لەسەر ئابووری جیهانی هەوڵ دەدات، لە بازرگانی دەرەکی لەگەڵ وڵاتانی دیکە سوود لە یوان وەربگرێت. هەروەها پەکین هەوڵ دەدات لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە بەشێک لە پێداویستییەکانی وزەی ئەم وڵاتە دابین دەکەن یان لەسەر ڕێڕەوی پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێی چینن، لەبری دۆلار سوود لە یوان وەربگرێت.

لە مانگی فێبریوەری ڕابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیاند، بە ئامانجی باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە دراوی بیانی. نیازی وایە بۆ یەکەمجار ڕێگە بەوە بدات، تاکوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە چینەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە یوان حیساب بکرێت.

هەفتەی ڕابردوویش بۆرسەی نەوت و گازی سروشتی شەنگەهای ڕایگەیاند، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی دەریایی چین (CNOOC)و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسا، یەکەم مامەڵەی چین لە بواری گازی سروشتی شل کە بە یوان ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت، تەواو کردووە.

هەروەها عێراق ڕۆڵی لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی کۆمپانیا چینییەکان لە ژێرخانی وزەی ئەم وڵاتەدا هەیە. هەر لەم ڕووەوە بەغدا هەلومەرجی پێویستی بۆ زیاتربوونی کۆمپانیا چینییەکانی دابین کردووە. بە گوتەی باڵیۆزی چین لە عێراق، بەغدا لە ڕووی گرێبەستەکانەوە گەورەترین وڵاتە بۆ چین و هەروەها دووەمین هاوبەشی نەوتی و بازرگانی چینە.

ڕۆڵی بەرچاوی عێراق لە پڕۆژەی "ڕێگەی ئاوریشمی نوێ"ی چین

وەبەرهێنانی چین لەو وڵاتانەی کە لەسەر ڕێڕەوی "رێگەی ئاوریشمی نوێ"ن، بووەتە هۆی ئەوەی عێراق ڕۆڵێکی گرینگ لە سیاسەتی ناوچەیی چین هەبێت.

چین لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، چەندان ملیار یوان وەبەرهێنانی لە پڕۆژە جیاجیاکانی عێراق، لەوانە؛ وزەی سەوز، وێستگەی کارەبا، دروستکردنی ڕێگەوبان و قوتابخانە، کردووە.

لە دیسمەمبەری ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتمەدارانی عێراق و چین لە ڕیاز کۆ بوونەوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی چین، جەختی لە خواستی بەغدا بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ چین لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی عێراق، کردەوە.

یەکێک لە پلانە ستراتیجییەکانی عێراق کە پشکی گەورەی لە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی عێراق لە پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی نوێی چین هەیە، پلانی ستراتیجی پەرەپێدانی بەندەری فاوە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا عێراق چەندان جار هەوڵی داوە هەلومەرج بۆ ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی بیانی بە تایبەت چینی لەم پڕۆژەیەدا بڕەخسێنێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ و لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، ناسر حوسێن شبلی، وەزیری گواستنەوەی ئەو کاتی عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوگرافی و ژێرخانی پێوەندییەکانی عێراق، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم وڵاتە دەبێتە دڵی پڕۆژەی ڕێگەی نێودەوڵەتی وشکانی و دەریایی "ڕێگەی ئاوریشمی نوێ"ی نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا.

بە گوتەی شبلی، ئەگەر پڕۆژەی بەندەری فاو تەواو بێت، عێراق دەبێتە جەمسەری ڕێگەی ئاوریشم، کە لە ڕێگەیەوە چین هەوڵی ئاسانکاری پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا دەدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی شبلی، بەندەری فاو بە هێڵی ئاسنی تورکیاشەوە دەبەسترێتەوە و دوای ئەوەش هێڵی پێوەندی دەریایی نێوان چین و پاکستان و بەندەری فاو و هێڵی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی تا ئەورووپا تەواو دەبێت.

حکوومەتی عێراق هیوادارە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی چین لە ڕێگەی عێراقەوە ببێتە هۆی سەقامگیری و یەکگرتنی ناوچەیی و هاوکات هەزاران هەلی کار بۆ خەڵکی عێراق بڕەخسێنێت.

هەوڵدان بۆ جێگرتوویی یوان لەبری دۆلار

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی تر بە دۆلار یان دراوە باوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، دوو بابەتی جیا دەخرێتە ڕوو: یەکەمیان فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی تر بە دۆلار و دووەمیان وەرگرتنی پارەی بەرهەمە فرۆشراوەکان بە دۆلار یان دراوی وڵاتی فرۆشیارەکە، (بەرانبەر دۆلاری نەوتی فرۆشراو). واتە دیاریکردنی نرخی نەوت بە دۆلار جیاوازە لە فرۆشتن و شێوازی وەرگرتنی.

ئەندامانی ئۆپێک هێشتا نەوت بە دۆلار دەفرۆشن. لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە بەشێک لە کێشەکانی ئێستە، ئۆپێک بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە دۆلار. کەمبوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییان و هەروەها دەبێتە هۆی قەیرانی ئابووری لەم وڵاتانەشدا.

لە ئێستەدا دۆلار بەردەوامە لە زاڵبوون بەسەر ئابووری جیهاندا و ئەم دراوەش بە بەراورد لەگەڵ دراوە نیشتمانییەکانی دیکە کەلێنێکی بەرچاوی هەیە، لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا بەکار دێت و دراوی سەرەکی یەدەگی دارایی جیهانە.

بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١ پشکی دۆلاری ئەمریکایی لە کۆی یەدەگی دراوی بیانی جیهان لە سەددا ٥٨‪.٨ بووە، کەچی لەم ماوەیەدا پشکی یۆرۆ لە سەددا ٢٠‪.٥ و یەنی ژاپۆنی لە سەددا ٥‪.٥ بووە. پشکی یوانی چینی لە یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی جیهان تەنیا لە سەددا ٢‪.٨ و پشکی پاوەندی بەریتانیش لە سەددا ٤‪.٨ بووە.

عێراق و چین دەتوانن قەبارەی بازرگانی بە یوان زیاد بکەن، بەڵام پرسی گرینگ، بریتییە لە بڕی داهاتی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت، کە بەزۆری بە دۆلار یان هاوتای دۆلار وەردەگیرێت.

ڕۆڵی گرینگی کۆمپانیا چینییەکان لە کێڵگە هاوبەشەکانی ئێران و عێراقدا

چین بەردەوام بەشداری لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراقدا کردووە، بەڵام زۆر دواکەوتنی کۆمپانیا چینییەکان چەندان ملیار زیانی بە ئابووری ئێران گەیاندووە و لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی ئەوەی تا بڕی دەستکەوتی عێراق لە کێڵگە هاوبەشەکان بەردەوام لە ئێران زیاتر بێت.

مانگی فێبریوەری ڕابردوو، حکوومەتی عێراق واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی نوێی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا عەرەبی و چینییەکان ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا عێراقییەکان، بە هۆی ئەم گرێبەستانە، سێ کێڵگەی نەوتی (کلابات ـ قمر، خشم الاحمر ـ انجانا، خضرالماء) بۆ کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی و هەر سێ کێڵگەی نەوتی (نفت‌خانه، سندباد، حویزه) دراون بە کۆمپانیای جیۆ جید (Geo-jade)ی چینی تاکوو کاریان تێدا بکات.

بە جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٨٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات. ئەم کێڵگانە لە نێوان عێراق لەگەڵ کوێت و ئێراندا هاوبەشن.

وەبەرهێنان لە کێڵگە هاوبەشەکاندا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستانە ڕێگە بە عێراق دەدات بچێتە ناو بازاڕەکانی گازی جیهانییەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەسەڵات و کاریگەری جیۆپۆلەتیکی عێراق.

عێراق لە ساڵانی داهاتوودا دەتوانێت بۆ ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە دراوە بیانییەکانی خۆی، لە ڕێگەی یوانەوە بازرگانی لەگەڵ چین ڕێک بخات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاکوو قەبارەی بازرگانی زیاد بێت و کۆمپانیای زیاتری چینی بەشداری لە پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی عێراقدا بکەن.

بەڵام ئەوەی کە چاوەڕێی ئەوە بکەیت ئەم بڕیارە هاوبەشەی نێوان عێراق و چین، لە کورت ماوەدا و بە تەنیا دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەهای دۆلار لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، چاوەڕوانییەکی زۆر خۆشبینانەیە.



-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە ئومید شوکری نووسیویەتی و بە ناونیشانی (عراق، در قلب استراتژی انرژی چین؛ چه شد که بغداد به سراغ یوآن رفت؟)، ٢٣ی مەی ٢٠٢٣، لە سایتی بی‌بی‌سی فارسی بڵاو کراوەتەوە.

•• ئومید شوکری، شارەزای سیاسەتی دەرەوە و جیۆپۆلەتیکی وزەیە، شرۆڤەکاری بواری دیپلۆماسی و ئاسایشی وزەیە و تووێژەرە لە زانکۆی جۆرج مەیسۆن لە ئەمریکا.