عێراق؛ سه‌د ساڵ‌ شكست

عێراق 23/08/2021


سۆران جەلیل

لەگەڵ دەست پێ کردنی جەنگی یەکەمی جیهانی لە تشرینی دووەمی ١٩١٤، ئینگلیز شاری بەسڕە، عیمارە و ناسڕییەی لە ساڵی ١٩١٥ و بەغدای لە ساڵی ١٩١٧ داگیرکرد، لە ساڵی ١٩١٨، بە تەواوی عێراق کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەکان. لە تەمووزی ١٩٢٠، شۆڕشی ٢٠ی حوزەیران لە عێراق بوو بە هۆی ئەوەی حکوومەتێکی پاشایی کاتی بە ئیدارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ژێر چاودێری ئینگلیزەکان پێک‌ بێت. لە ٢٣ی ئابی ١٩٢١، فەیسەڵ وەکوو شای عێراق دەستنیشان کرا. میس بێڵ کە شایەدحاڵی ئەم ڕێوڕەسمە بووە بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژە دەکات؛ ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنان ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر شەش دەستی پێ کرد، سەکۆیەک لە ناوەڕاستی حەوشەی سەرای گەورەدا دانرابوو، لە پێشەوە شوێن بۆ ئینگلیزەکان دیاری کرابوو، من و لەیدی کۆکس و گاربێت و خاتوو سڵەیتەر لە پێشەوە بووین، ڕێک کاتژمێر شەش فەیسەڵمان بینی بە بەرگی ڕەسمییەوە، لەگەڵ سێر پێرسیدا بە دەستەجلێکی سپیی یونیفۆرمەوە بە تەواوی شریت و ئەستێرەکانییەوە، ئێمە هەموو هەستاینە سەرپێ، فەیسەڵ زۆر بە شکۆوە دەرکەوتبوو، بەڵام بە تەواوی شڵەژا بوو و ساتەوەختێکی پڕ کەف‌وکوڵ بوو. پاشان سەید حوسێن ئەفنانی، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، هەستا و بەیاننامەی سێر پێرسیی خوێندەوە و ڕایگەیاند کەوا فەیسەڵ بە دەنگی ٩٦ لە سەددای خەڵکی میسۆپۆتامیا بە مەلیک هەڵبژێردرا. بژی مەلیک. لێرەدا ئێمە هەستاینە سەرپێ و سڵاومان بۆ کرد و ئاڵای نیشتمانی لە تەنیشتییەوە بەرز کرایەوە و تیپی مۆسیقایش سروودی "خوایە مەلیک بپارێزی"ی خوێند، چونکە تا ئێستە سروودی نیشتمانییان نییە، سروودی نیشتمانی بەریتانیا لێ درا، لە پاش سڵاوی نیشتمانی بیست و یەک گوللە تۆپ تەقێنرا و دوعای سوپاسگوزاریی خوا خوێنرا و بەیعەت بە مەلیک درا.

پاشایی و سەربەخۆیی (١٩٢١-١٩٣٢)

ئینگلیز بە بیانووی هەڕەشەی کورد و پشتیوانی تورکەکان لێیان لە عێراق مایەوە، تا ئەوەی کە بەردەوامی شۆڕشەکان وای لە مەلیک فەیسەڵ کرد داوا لە ئینگلیزەکان بکات دەست لە حووکمکردن هەڵگرن. لەگەڵ ڕازیبوونی ئینگلیز پەیمانی یەکێتیی ١٩٢٢ پەسەند کرا و یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ کرا. لە ساڵی ١٩٣١ نەوت لە عێراق دۆزرایە و چەند پەیمانێک لە نێوان عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا بەسترا. لە ٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٢، عێراق بە ڕازیبوونی بەریتانیا هاتە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و بووە پەنجا و حەوتەمین دەوڵەتی ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوەکان و سەربەخۆیی وەرگرت و کۆتاییی بە دەورانی ئینتیداب هات کە لە ٢٥ی نیسانی ١٩٢٠ەوە بەسەر عێراقدا سەپا بوو. مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە ٨ی ئەیلوولی ١٩٣٣ لە سویسرا کۆچی دوایی کرد و غازی شوێنی گرتەوە تا ئەویش لە ٤ی نیسانی ١٩٣٩ لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبیلدا کۆچی دوایی کرد.

کوودەتاکەی بەکر سدقی (١٩٣٦)

بەكر سدقی كوڕی شەفیق عەسكەرییە، لە گوندی عەسكەری نزیک كه‌ركووک لە دایک و باوكێكی كورد ساڵی ١٨٩٠ لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی لە بەغدا تەواو كردووە و پاشان دەچێتە ئیستەنبوڵ و لە خوێندنگەی سەربازی دەخوێنێت، بە پلەی ئەفسەر كۆلێژی سەربازی تەواو دەكات، و لە ڕیزەكانی سوپای عوسمانی بەشداری جەنگی یەکەمی جیهانی دەكات، لە دوای كۆتاییی‌هاتنی جەنگ لە ساڵی ١٩١٨دا بەكر سدقی دەگەڕێتەوە عێراق و دوای ئەوەی بەریتانییەكان لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٢١ سوپای عێراق دادەمەزرێنن، سدقی بە پلەی ملازم ئەووەل پێوەندی بە سوپای عێراقەوە دەكات، پاشان بەرە بەرە پلە سەربازییەكەی بەرز دەكرێتەوە.

٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٦، لە كاتێكدا پلە سەربازییەكەی فەریق بوو و قائیدی فرقەی دووی سوپای عێراق بوو، بەكر سدقی كوودەتایەكی سەربازی لە دژی كابینەی حكوومەتەكەی یاسین هاشمی كرد و تێیدا مۆڵەتێكی سێ كاتژمێری بۆ پاشای عێراق دیاری كرد بۆ ئەوەی حكوومەتەكەی هەڵوەشێنێتەوە، دەستیان بەسەر دام و دەزگاکاندا گرت و حکوومەتە مەدەنییەکەی یاسین هاشمی ڕووخا. وەزارەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی حیكمەت سلێمان پێک‌هات، سلێمان یادداشتی هەردوو جەنەراڵی سەربازی بەكر سدقی و عەبدوللەتیف نووری دایە دەست ڕۆستەم حەیدەر سەرۆكی دیوانی پاشایەتی عێراق. لەمیانی كوودەتاكەدا جەعفەر عەسكەری كە وەزیری بەرگری بوو، هەوڵی دا كوودەتاكە بووەستێنێت، بۆ ئەمەش بەكر سدقی داوای چاوپێكەوتنی لێ كرد و شوێنێكیان دیاری كرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی جەعفەر عەسكەری بە بڕیاری بەكر سدقی کوشتیان.

بەكر سدقی بڕیار دەدات بچێت بۆ توركیا بۆ ئامادەبوون لە نمایشێكی سەربازی كە بڕیار بوو لە ١٨ی ئابی ١٩٣٧ بەرێوەبچێت، وەک لە سەرچاوە مێژوویییەكاندا هاتووە ئینگلیزەكان بڕیاریان دا لە رێگەی توركیا بیكوژن، سدقی لە ٩ی ئاب بە فڕۆكەیەک بەغدای بەرەو موسڵ بەجێهێشت، بڕیار وابوو لە موسڵەوە بە شەمەندەفەر بۆ توركیا بە ڕێ بکەوێت، بەڵام دوای ئەوەی هەستی كرد پلانگێریەک لە دژی هەیە بڕیارەكەی گۆڕیی و بڕیاری دا بە فڕۆكە بچێت بۆ توركیا، ڕۆژی ١١ی ئاب سدقی چوو بۆ فرۆكەخانە لە باخچەی فرۆكەخانە لەگەڵ عەقید محەممەد عەلی جەواد و موقەددەمی فڕۆكەوان موسا عەلی دانیشتبوو، نائب عەریف عەبدوڵڵا تەلەعفەری بەرەو ڕوویان چوو بۆ ئەوەی ساردەمەنیان پێشكەش بكات و دەمانچەیەكی لە ژێر جلەكانیدا شاردبووە، كاتێک لە بەكر سدقی نزیک بووە تەقەی لێ كرد و بەكر سدقی و محەممەد عەلی جەواد فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقی كوژران و بكوژەكەش دوای دەستگیركردنی ددانی بەوەدانا كە لەلایەن مەحموود هندییەوە بۆ كوشتنی بەكر سدقی ڕاسپێردراوە، وا دیار بوو چەند ئەفسەرێکی نەتەوەخواز لە ژێر فەرماندەیی سەڵاحەددین سەبباغ پلانی کوشتنەکەی بەکریان داڕشتبوو، کاتێکیش حکوومەتەکەی حیکمەت سلێمان ویستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات، هەڵگەڕانەوەیەک لە بنکەی سەربازی موسڵ ڕووی دا و ئەو ئەفسەرەش بزر بوو.


کوودەتاکەی ڕەشید عالی گەیلانی (١٩٤١)

مەلیک فەیسەڵی دووەم، کوڕی مەلیک غازی، سێ ساڵ بوو دەسەڵاتی لەدەست بوو، نووری سەعید بە پاڵپشتی ئینگلیز دەوڵەتی ئیدارە دەدا. لە هەمان ساڵ عێراق پێوەندی خۆی لەگەڵ ئەڵمانیا کۆتاییی پێ دەهێنێت. لە ساڵی ١٩٤١ کوودەتایەکی سەربازی لە لایەن سەڵاحەددین سەبباغ، ڕەشید عالی گەیلانی، مەحموود سەلمان، فەهمی سەعید و کامل شەبیب دژی دەسەڵاتی ئینگلیز کرا، بەڵام ئینگلیز نەیهێشت کوودەتاکە سەربگرێت، گەیلانی و سەبباغ ڕایان کرد و هاوڕێ سەرکردەکانیان لە سوپا لە سێدارە دران. گەیلانی دەیویست پێوەندی بە دەوڵەتانی میحوەرەوە بکات، بەوەش ئینگلیز ڕقیان هەستا و بەرەنگاری بوونەوە. دواتر بە پشتگیری ئینگلیز حکوومەتێک بە سەرۆکایەتی جەمیل مەدفەعی دروست کرا و بەدەست لەکارکێشانەوەی کورسێکەی خۆی بە نووری سەعید دا. لە ئەیلوولی ١٩٤٣ عێراق دژی دەوڵەتانی میحوەر (ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن) جەنگی ڕاگەیاند.

ڕاپەڕینە ناوخۆییەکان (١٩٤٥-١٩٥٨)

لە ساڵی ١٩٤٥ و ١٩٤٦ شۆڕش بە ڕابەرایەتی کورد دەستی پێ کرد. لەو کاتەدا ئینگلیز هێزەکانی خۆی بۆ پارێزگاری لە بیرە نەوتەکان ڕەوانەی عێراق کرد، لە ساڵی ١٩٤٧ نووری سەعید لەگەڵ پاشای ئوردن بۆ یەکێتیی نێوان هەر دوو وڵات دەستی بە ڕێککەوتن کرد و لە هەمان ساڵ پەیماننامەی برایی بەسترا کە تێیدا بڕیاری بەشداری سوپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل درا. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٩ تا ١٩٥٨ عێراق شایەدی ڕاپەڕین و بابەتی زۆر ناخۆیی و دەرەکی بوو لەوانە؛ ڕاپەڕینی کرێکارانی نەوت لە ساڵی ١٩٤٨ و شۆڕشی کانوونی دووەم کە پەیماننامەی پورتسموتی نێوان عێراق و ئینگلیزی لێ کەوتەوە، لە ساڵی ١٩٥٢ خەڵک داوای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیان کرد، ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتی بەغدا لەگەڵ تورکیا لە ساڵی ١٩٥٥، کە دواتر ئێران، پاکستان و ئینگلیزیش هاتنە نێو ڕێککەوتنکەوە. لە لایەن مەلیک فەیسەڵی دووەمەوە ئیمزا کرا. بنکەکانی ئینگلیز لە عێراق چالاکتر بوون.

ڕووخانی پاشایی و هاتنەکایەوەی کۆماری (١٩٥٨-١٩٦٣)

لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ شۆڕشێک بە ڕابەرایەتی عەبدولکەریم قاسم دەستی پێ کرد و لەو نێوانەدا مەلیک فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلای خاڵی و نووری سەعید کوژران. حکوومەتێکی کۆماریی بە سەرۆکایەتیی محەممەد نەجیب ڕوبەیعی و سەرۆک وەزیران عەبدولکەریم قاسم بە پاڵپشتی زۆرینەی خەڵک پێک‌هێنرا. هەروەها عێراق لە ساڵی ١٩٥٩ لە پەیمانی یەکێتیی لەگەڵ ئوردن هاتە دەرەوە و لە ساڵی ١٩٦٠ لەگەڵ تورکیاش دوای کشانەوەی ئینگلیز لە کوێت هاتە دەرەوە. لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣، حیزبی بەعس دژی عەبدولکەریم قاسم کوودەتایان کرد و عەبدولسەلام عارف کە بەعسی نەبوو بوو بە سەرۆکی حکوومەت و عەبدولکەریم قاسمی هاوڕێی پێشووی خۆی کوشت، لە ١٣ی نیسانی ١٩٦٦، عەبدولسەلام عارف، بە هۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیەوە گیانی لەدەست دا، دوای مردنی ئەو عەبدولڕەحمانی عارفی برای لە هەمان ساڵ بە سەرۆکی وڵات دیاریی کرا.

کوودەتاکەی نازم گزار (١٩٧٣)

نازم گزار ساڵی ١٩٤٠ لە بەغدا لە دایکبوو، لە سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر بەڕێوبەری ئاسایشی گشتی بوو، لە ١ی تەممووزی ١٩٧٣ هەوڵی دا بەکر بکوژێت کە بە سەردانێک لە پۆڵەندا بوو، دەبوو ڕۆژی ٣٠ی حوزەیران بگاتەوە، بەڵام فڕۆکەکەی لە سۆفیا نیشتەوە و سێ سەعات لە کاتی خۆی دواکەوت. کوودەتاکە شکستی‌هێنا و حەمماد شەهاب، وەزیری بەرگری کوژرا. نازم گزار ویستی بۆ ئێران ڕا بکات، لەسەر سنوور لە ناحیەی زەرباتییە دەستگیر کرا و دواتریش بە فەرمانی سەددام لە یەکێک لە زیندانەکانی بەغدا لە ژێر شکنجەدا کوشتیان.

کوودەتای دووەمی بەعسییەکان (١٩٦٨-١٩٧٩)

کوودەتای حیزبی بەعس لەگەڵ هاوکاری بەشێک لە غەیرە بەعسییەکان لە ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨ سەرکەوتوو بوو، عەبدولڕەحمان عارف دوورخرایەوە بۆ تورکیا و ئەحمەد حەسەن بەکر بە سەرۆکی وڵات دانرا. لە ٣٠ی تەمووز ئەو ئەفسەرانەی دۆستی بەکر و سەددام نەبوون، سەرجەمیان دەستگیرکران، کوودەتاکەیان ناولێنا شۆڕشی ١٧ و ٣٠ی تەممووز. سیاسەتی عێراق بە لای ڕووسیا بوو، بەکر ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری لەگەڵ کورد ئیمزا کرد. لە ساڵی ١٩٧١ عێراق سنووری خۆی لەگەڵ ئوردن بەست و لە ساڵی ١٩٧٢ نەوتی عێراق خۆماڵیی کرا. لە ئازاری ١٩٧٤ دیسانەوە شەڕ لەگەڵ کورد دەستی پێ کردەوە و دوای ساڵێک ڕێککەوتننامەی جەزائیری لێ کەوتەوە. بەکر هەوڵی دا پێوەندییەکی بتەو لەگەڵ سووریا ببەستێت، لە ١٦ی تەممووزی ١٩٧٩ بەکر ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا و لە ١٧ی تەممووز سەددام حوسێن لە تەلەفزیۆنەوە وەکوو سەرۆک کۆماری نوێی عێراق وتاری خوێندەوە و دەسەڵاتی گرتە دەست، بەکریش لە ماڵەوە دەستبەسەر کرا.

جەنگی ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨)

دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا و بوونی سەددام حوسێن بە سەرۆکی عێراق پێوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق ئاڵۆزیی تێکەوت، باڵیۆزەکانی خۆیان کشاندەوە، جەنگی هەر دوو وڵات بە بیانووی ئەوەی لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٨٠ ئێران هێرشی کردووەتە سەر شارە سنوورییەکانی عێراق دەستی پێ کرد، سەددام ڕێککەوتننامەی ١٩٧٥ی جەزائیری هەڵوەشاندەوە. لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ عێراق دەستی بە هێرش کرد. دوای هەشت ساڵ جەنگ کە نزیکەی ملیۆنێک کوژراوی لێ کەوتەوە و زیانە ئابوورییەکانیش بە ٤٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێنرا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٨ی ئابی ١٩٨٨ بڕیارنامەی ٥٩٨ی بۆ ڕاوەستانی شەڕ ئیمزا کرد.

جەنگی دووەمی کەنداو (١٩٩٠)

ڕژێمی عێراق دوای کۆتاییی‌هاتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێراندا، قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووبوو. عێراق کەوتە هەڕەشە لە کوێت و لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ هێرشی کردە سەر کوێت و لە ماوەیەکی کەمدا داگیری کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٦٦٠ی دەرکرد، کە دەبێ بە زووترین کات هێزەکانی عێراق بکشێنەوە، ئەگەرنا بە هێزی سەربازی لە کوێت دەردەکرێن، سی وڵات هاوپەیمانییەکیان دروست کرد هێزیان ڕەوانەی کەنداو و سعوودییە کرد. جۆرج بۆش لە ڕۆژی ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ بڕیاری جەنگی دژی عێراق دەرکرد، جەنگەکە ناونرا (گەردەلوولی بیابان)، هێزەکانی هاوپەیمانان پەلاماری هێزی عێراقیان دا و لە ماوەی چوار ڕۆژدا بەسەر عێراقدا سەرکەوتن. زیاتر لە سەد هەزار کوژرا و حەفتا هەزاریش بە دیل گیرا و نزیکەی پازدە ملیار دۆلارش زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاند. عێراق ئاڵۆزیی تێکەوت و ڕاپەڕینی کورد و شیعەی لێ کەوتەوە.


عێراق دوای ڕووخانی سەددام حوسێن (٢٠٠٣)

لە مانگی نیسانی ٢٠٠٣ سوپای ئەمریکا عێراقی لە ماوەی ٢١ ڕۆژدا گرت، حکوومەتێکی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی پۆڵ برێمەر دامەزرا و ئەنجومەنی ئاسایش بەرێوەبردنی عێراقی دایە دەست وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە تەمووزی ٢٠٠٣ یەکەمین ئەنجومەنی حکوومەتی عێراق بە ئیدارەی ئەمریکا دروست کرا کە لە ١٣ شیعە، ٥ سوننی، ٥ کورد، ١ تورکمان و ١ مەسیحی پێک‌هاتبوو، لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ ئەنجومەنی ئاسایش ڕەوایی بەخشییە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣ سەددام حوسێن لە تکریت دەستگیر کرا. لە حوزەیرانی ٢٠٠٤ حکوومەتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاویی دامەزرا و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمین جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق کرا و حکوومەتێکی ئینتقالی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری پێک‌هێنرا.

دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (٢٠١٤)

دوای زۆربوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨، ئەمریکا بەو ئەنجامە گەیشت کە دەبێ لە عێراق بچێتە دەرەوە، ئەمەش لە ساڵی ٢٠١١ جێبەجێ کرا، زەمینەی لەباری بۆ سەرهەڵدانی داعش خۆش کرد و لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ شاری موسڵ کەوتە دەست داعش، سێ پارێزگایان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو شوێنانە لەدەست داعش دەرهێنران. ئێستەش داعش وەکوو دێوەزمەیەک باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە و مەترسی گەڕانەوەی لە ئارادایە.

--------------------------------------------------------------------

بۆ ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

١- مێژووی خوێناوی عێراق، باقر یاسین، وەرگێڕانی: حەمەساڵح گەڵاڵی، ٢٠٠٤ سلێمانی.
٢- کورد لە نامەکانی میس بێڵدا، وەرگێڕانی: محەممەد حەمەساڵح تۆفیق، ناوەندیی جەمیل ڕۆژبەیانی، ٢٠١٦ سلێمانی.
٣- سەرۆک هۆز و جووتیار لە عێراق، حەننا بەتاتۆ، وەرگێڕانی: سدیق ساڵح، بنکەی ژین، ٢٠٢١ تاران.
٤- جەنگی کەنداو، محەممەد حەسەنەین هەیکەل، وەرگێڕانی: عەلی میرزا عارف، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١٠ سلێمانی.
٥- جەنگی عێراق، لۆرانس کاپلان و ویلیام کریستۆڵ، وەرگێڕانی: عەبدولکەریم عوزێری، چاپخانەی شڤان، ٢٠٠٧ سلێمانی.
٦- کۆتایی عێراق، پیتەر گالبریت، وەرگێڕانی: مامکاک، دەزگای ئاراس، ٢٠٠٧ هەولێر.
٧- تاریخ سیاسی عراق از ۱۹۲۰ تا ۲۰۰۳ میلادی، دکتر مرتضی اکبری، انتشارات هاوار، ١٣٩٩ ایلام.