فەلسەفەی مێژوو و تراژیدیای دەستەپاچەیی.. ڕوداوه‌کانی ٧ی ئۆکتۆبەر و غه‌ززه‌ به‌ نموونه

کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا


نوسینی: د. کامه‌ران محه‌مه‌د
بەشی دووەم و کۆتایی
کورد لە نێوان هاوسۆزیی بریندار و واقیعبینیی ستراتیژیدا
ئایا نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتی وەک کورد کە مێژووەکەی لێوان لێوە لە ئەزموونی قڕکردن و داگیرکاریی و دەربەدەریی، دەتوانێت لە برینی نەتەوەیەکی تر بڕوانێت به‌بێ ئەوەی ئازارەکانی خۆی لە ئاوێنەی ئەودا ون بکات؟ بۆچی کاتێک شەقامی کوردی دەڕوانێتە مەرگەساتی غەززە و ٧ی ئۆکتۆبەر، لەبری شیکارییەکی عەقڵانی و سەربەخۆ، دوچاری جۆرێک لە شیزۆفرینیای هزری و دابەشبوونێکی دەروونیی لە نێوان هاوسۆزییەکی ئایینیی کوێرانە دەبێت؟ سنوورە لۆجیکییەکە لە کوێدایە لەنێوان ئەوەی ویژدانێکی زیندووی مرۆڤانەت هەبێت و سنوورەکان تێپەڕێنێت لە لایەک و پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی کورد لەناو گەمارۆی ئەو دەوڵەتانەی کە پرسی فەلەستین وەک چەکی ئایدیۆلۆژی بۆ سڕینەوەی شوناسی خودی کورد بەکار دەهێنن لەلایەکی ترەوە؟ دروستترین و زانستیترین ڕێگا کامەیە بۆئەوەی هزری کوردی لە تەڵەی (گوتاری ژێردەستەیی) پێ دەرباز بکات و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی و مەعریفی و ستراتیژی بۆ ئەم قەیرانە ئەنجام  بدات؟
دیارە سەرەتای هەر هەوڵێکی زانستی لە کوردەواریدا بۆ تێگەیشتن لە ٧ی ئۆکتۆبەر، دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دابەشبوونە ئایدیۆلۆژییە دەست پێبکات کە هۆشیاریی سیاسیی کوردی داگیر کردووە. فرانس فانون ئاماژە بە چەمکی (هۆشیاریی ساختە) دەکات، کە تێیدا ژێردەستە لە ڕێگەی زمانی داگیرکەرەکەیەوە بیر لە ڕزگاری دەکاتەوە(1)، واتە شەقامی کوردی لە ڕێگەی زمانی داگیرکەرەکانی خۆیەوە (تاران و ئەنقەرە و بەغدا) سەیری پرسی فەلەستین دەکات، بۆیە ئازارە ڕاستەقینەکەی خۆی لەبیر دەچێتەوە و بە (دەمامکی ئەوانەوە) هەڵوێست وەردەگرێت. بۆیە شەقامی کوردی لەو پرسەدا لەنێوان دوو جەمسەری نائەقڵانیدا گیری خواردووە: لە لایەک گوتاری ئیسلامیی تەقلیدی کە پرسی فەلەستین بە تەواوی لە دۆخێکی نەتەوەیی و مرۆییەوە لە جەنگێکی پیرۆزی مەزهەبیدا کورت دەکاتەوە و حەماس دەباتە پلەی نوێنەری موقەدەس، لەم پرۆسەیەدا، ئەم گوتارە لە ئاست ئەوەی کە هەمان ئەو دەوڵەت و جەمسەرانەی وەک تاران و ئەنقەرە کە بانگەشەی ڕزگاریی قودس دەکەن، تەواو بێدەنگ دەبێت. لە جەمسەری بەرامبەردا، گوتارێکی دژە-ئایینی یان تێکەڵێک لە چەپ و نەتەوەیی کاردانەوەیی بوونی هەیە، کە لە ڕقی جەمسەری ئێرانی و ئیخوانی، چاو لە هەموو تاوان و ڕەهەندە ستەمکارەییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەپۆشێت و دەچێتە ناو وەهمی هاوپەیمانێتییەکی ئەندێشەیی لەگەڵ تەلئەبیبدا(2). لێکۆڵینەوەی زانستی لە کوردەواریدا دەبێت لە خاڵی ڕەتکردنەوەی ئەم دوو (وەهمە جەمسەرییە)وە دەست پێبکات، بە ئاراستەی دروستکردنی میتۆدێکی ڕەخنەیی کە توانای جیاکردنەوەی دادپەروەریی دۆزێکی لە شێوازی ناشرینی ئامرازەکانی هەبێت.
پاشان پێویستە لێکۆڵەری کورد لەنێوان هەردوو دۆزی کورد و فەلەستین پەنا بباتە بەر (میتۆدی بەراوردکاریی بونیادگەریی)، بەڵام بە وریاییەوە لە بەرتەسککردنەوەی مێژوو بۆ هاوکێشەی سادە. لە ڕووی وجودییەوە، کورد و فەلەستین دوو قوربانیی سەرەکیی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی (پەیماننامەی سایکس-پیکۆ و لۆزان لە بەرامبەر بەڵێنی بەلفۆر و دابەشکردنی فەلەستین)، واتە هەردووکیان گوزارشت لە چەمکی (بێ‌دەوڵەتبوون) دەکەن کە هانا ئارێنت بە گەورەترین کارەساتی مرۆڤی مۆدێرنی دەزانێت(3). ئەی کەواتە جیاوازییە جیۆپۆلەتیکییە زانستییەکە لە کوێدایە؟ فەلەستینییەکان لە ڕووی بونیادییەوە خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی ناسنامەیین: پانتایی عەرەبی (٢٢ دەوڵەت)، جیهانی ئیسلامی (٥٧ دەوڵەت)، کۆدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانیی تەواوی چەپی جیهانی و بزووتنەوە دژە-ئیمپریالیستەکان(4). لە بەرامبەردا، کورد نەتەوەیەکە کە لە ناوەڕاستی چوار دەوڵەتی نەیاردا گەمارۆ دراوە، بێ هیچ دەسڕاگەیشتنێک بە دەریا و سنووری ئاویی و بێ بوونی هیچ هاوپەیمانێکی سروشتیی مێژوویی. بۆیە شیکاریی زانستی بۆ کورد ئەوەیە: کاتێک فەلەستینییەکان بەم هەموو پشتێنە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەوە، هەڵەیەکی ستراتیژیی وەک ٧ی ئۆکتۆبەر دەیکێشێتە ناو تونێلی پاکتاوی ڕەگەزییەوە، ئایا پێگەی کورد کە هیچ کام لەم قەڵغانانەی نییە، چەندە لەبەردەم مەترسیی لەناوچووندایە ئەگەر بڕیاری سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای هەڵچوونی ئایدیۆلۆژی بێ پلان بدات؟
لە ئاستێکی ستراتیژیشدا، دروستترین ڕێگا بۆ خوێندنەوەی ئەم قەیرانە لە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکانی کوردستاندا بریتییە لە پێوەری (ئاسایشی نەتەوەیی). لە تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کینیس وۆڵتز، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئەنارکییە و دەوڵەتان و قەوارەکان تەنها بەپێی (هاوسەنگیی هێز) و (خۆپارێزی) دەمێننەوە(5). بەمشێوەیە کورد دەبێت لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر لەم ڕاستییە تاڵە بگات: سەرقاڵبوونی جیهان بە جەنگێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، باشترین ژینگەی شاردنەوەی تاوان و فراوانخوازی دەبەخشێتە دەوڵەتانی ناوچەکە (بۆ نموونە، هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان، یان مووشەکبارانکردنی هەولێر لەلایەن تارانەوە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل). کورد لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژییەوە دەبێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە لاوازبوونی ڕێبازی بەرپەرچدانەوەی ئەمریکی لە ناوچەکە و باڵادەستبوونی میلیشیا نادەوڵەتییە توندڕەوەکان، چۆن ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر قەوارەی فیدراڵیی باشوور.
کەواتە زانستیترین ڕێگا بۆ کوردەواری، داڕشتنی فۆرمه‌لەیەکی نوێی مەعریفییە کە تێیدا: «ئەخلاق بەبێ بەکارهاتنی سیاسی و سیاسەت بەبێ داڕمانی ئەخلاقی» کۆبکاتەوە.
کورد دەتوانێت و دەبێت وەک گەلێکی چەوساوە کە تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی چەشتووە، لە ئاستی مرۆیی و ویژدانیدا لەگەڵ منداڵ و هاووڵاتییانی مەدەنیی غەززە و تەواوی مرۆڤایەتی هاوسۆز بێت کە بەردەوام دەبنە سووتەمەنیی جەنگ، بەڵام هاوکات دەبێت بە تەواوی هێڵی خۆی لە ئەجێندای سۆزی ئایینی پەڕگیرانە و میلیشیایی و دەوڵەتانی داگیرکەری خۆی کە پرسی فەلەستینیان کردووەتە قەڵغانی بەرژەوەندییە سەربازییەکانیان جیا بکاتەوە.
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین وانەی گەورەی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ هۆشیاریی کوردی ئەوەیە کە ڕزگاریی نیشتمانی ناتوانێت لە ڕێگەی بەکرێگرتنی ئیرادە بۆ هێزی دەرەکی، یان بازدان بەسەر یاساکانی هاوسەنگیی هێزدا بێتە دی، گەلێک کە لە گەمەی نێوان ئیمپراتۆرییەکاندا نەخشەی عەقڵانی و پێگەی تۆکمەی ناوخۆیی نەبێت، مێژوو بە بەزەییەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکات و لە کەمترین ساتەوەختی گۆڕانی باڵانسی هێزدا، دەیخاتە قەسابخانەی بەرژەوەندیی ئەوانی ترەوە.
پەراوێزەکان
1.      فرانز فانون: بشرة سوداء أقنعة بیضاء، ترجمة: خلیل احمد خلیل، دار الفارابی، الطبعة الاولی، 2004، ص 19 و مابعدها.
2.      Slavoj Žižek, The Sublime Object of Ideology ،(London: Verso, 1989), pp. 28-33.
3. Hannah Arendt:  The Decline of the Nation-State and the End of the Rights of Man Chapter 9 of The Origins of Totalitarianism,” (1951), pp. 267-302 , (https://www.studeersnel.nl/nl/document/universiteit-van-amsterdam/law-justice-and-morality-i/arendt-reading/41690633?sid=4cf26845-2765-40f3-b6ca-75dc69793aa61794432014).
4. دانيلو زولو: إدوارد سعيد: القضية الفلسطينية، (https://www.juragentium.org/topics/palestin/ar/zolo.htm
5. Kenneth N. Waltz, Theory of International Politics, 1979, (https://dokumen.pub/theory-of-international-politics-1577666704.html).