بەرەو بیرکردنەوەیەک لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان

کوردستان 3 رۆژ پێش ئێستا


بەشی سێیەم  

لە حزبی تەقلیدیەوە بۆ بنیاتنانی ڕەوتی پلاتفۆرمێکی سیاسی نیشتمانی هاوچەرخ
ئاراس تالب رەشید
لە دوو بەشی پێشوودا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە قەیرانی هەرێمی کوردستان لە نەبوون وکەمی حزبەوە سەرچاوەی نەگرتوە ، بەڵکو کێشەو قەیرانەکانی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا  لە  ( بەردەوامیی مۆدێلێک یا بوترێت فۆرمێکی تەقلیدی  سیاسیەوە سەرچاوەی گرتووە)  ، واتە کۆمەڵگای سیاسی چیتر توانای وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانکاریانەی نەماوە کە کۆمەڵگا بەسەریدا هاتووە. ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت ، کە ئایا پێویستمان بە حزبێکی نوێ دەبێت ، یان فۆرمێکی نوێ  هەیە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانەوەی پەیوەندی هاوڵاتی بە دەوڵەتەوە ؟ ئەشێ ئەو پرسیارە لەوێوە دەست بە وەڵامدانەوەی بکرێت کە بڵێین ، حزبە کوردیەکان ڕۆڵێکی مێژوویی بەرچاویان لە خەباتی نەتەوەیی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد هەبووە  ئەوەش بابەتێکی حاشا هەڵنگرە و باتوانرێت لە بەهای مێژوویی ئەو قۆناغە بە چاوی کەم تەماشا بکرێت یا خوێنەوەی بۆ بکرێت ، چی لە قۆناغی خەباتی ڕزگاری خوازی چەکداری بوبێت یاخود بۆ قۆناغی دوا راپەڕین لە دامەزراندنی دامودەزگای فەرمی مەدەنی کە لە هەرسێ دەسەڵاتی حوکمڕانیدا بەرجەستە دەبنەوە ، دەسەڵاتی یاسا دانان لە پەرلەمان و  دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریدا . به ڵام ئه وەی جێی سەرنجە زۆرجار ئەو ڕێکخراو وحزبانەی که له چوارچێوه ی شۆڕش و چالاکی نهێنی و ململانێی چه کداریدا سه ریان هه ڵدا، نەیان توانیوە سەرکەوتوبن یاخود بوترێت ئەو شۆڕشەیان گەیاندۆتە ئەو ئامانجەی کە سەرەتا  لە گوتاری شۆڕشگێرانەوە دەستیان پێ کردنی وەک دروشم هەیان بوو، ڕونتریش ئەگەر شی بکەینەوە دەکرێت بڵێین نەیان توانی لە قۆناغی دوای شۆڕش و خەباتی چەکداری خۆیان لە گەڵ ئەو بارو دۆخە بابەتی و واقعە نوێیەی کە هاتە پێشەوە بۆ حزب و ڕێکخراو گروپە سیاسیەکان بگونجێن وهەڵبکەن لە پراکتیزەکردنی ئەو ڕێبازو بیرو باوەڕ و ئایدلۆجیانەی لە قۆناغێ خەباتی ڕزگاریدا هەیانبوو ، یاخود توانای له گونجاندنی پێکهاتەکەی له گه ڵ خواسته کانی حوکمڕانی مه ده نی و دیموکراسیدا  هەبوبێت . لەوانەیە هەندێک تایبەتمەندی قۆناغ وعەقڵیەتی شۆڕشگێری و بزوتنەوەی ڕزگاری گواسترابێتنەوە بۆ قۆناغی ئیدارەی دەوڵەت ، بەڵام  ڕێچکە وپاشماوە تەقلیدیە زاڵەکەی فۆرمی حزبایەتی لە مەرکەزیەت و گوێڕایەڵی و دڵسۆزی  ( ولائی کەسی ) لەناو ئەو دامەزراوانەدا هەر مانەوە ، کە بڕیارلەسەر بنەمای یاسا و لێپرسینەوە دەکەن ، لە پێناو مانەوە و تاوەکو گەشتنیان بە ئامانج و برەودان بە پرۆسەی سیاسی لە بەرژەوەندی خۆیان  .
بۆیە  کاتێک دەڵێین دامەزراندنی حزبی نوێ بە بیرۆکە و ئایدلۆجیا و پێکهاتە و میکانیزمی تەقلیدیەوە ناتوانێت گەشەسەندنی سیاسی بەدی بهێنێت ،  واتە فەرهەنگی سیاسی قۆرخکاری زاڵ ناگۆڕێت لە جەوهەری  حزبە تەقلیدیەکاندا. ڕەنگە ناو و دروشم و سەرکردایەتی بگۆڕێت، بەڵام ناوەندگەرایی وەک خۆی دەمێنێتەوە ، بڕیاردان لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەردەوامە و ئەندام وەک جێبەجێکار دەمێنێتەوە ، نەک هاوبەش ( شەریک ) کۆمەڵگا لە پرۆسەی سیاسیدا  .  دەتوانین بەمەش بڵێین ، دووبارەکردنەوەی دامەزراوەیی وهەیکەل و دیسپلینی حزبە تەقلیدیەکان وەک خۆیان دەمێنەوە، یاخود بڵاوبونەوەی ڕێکخراوەکان لە فۆرمێکی تەقلیدی بێ گۆڕانکاری بە چەقبەستویی لە بازنەی خۆیدا دەخولێتەوە ، گۆڕان لای ئەوان ناوی حزب و تەنها هەیکەلی کاری ڕێکخراوەیی حزبیە ، هەروەها لێکچون لە بیرکردنەوە و بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی سەرکردایەتیەکی نوێ هاوچەشنی پێشو هەر بەردەوام دەبێت و دەمێنەوە  . جگە لەوەش مەرج نیە ژمارەی زۆری یا فەرەیی لە حزبەکان بە مانای فکری سیاسی و تەواوکردنی پرۆسەی دیموکراسیەتی ڕاستەقینە بێت. ئەگەر هەموویان پشت بە سەرکردایەتی تاکەکەسی ببەستن ، یا تەنها دڵسۆزی بۆ کاری ڕێکخراوەیی هەبێت، یاخود بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و بەستنەوەی خزمەتگوزاری و دەرفەتەکان بە پەیوەندی حزبیەوە ببەستنەوە ، یاخود لە هەموی باوتر لە حزبە تەقلیدیەکاندا پیرۆزکردنی کەسایەتی و بۆماوەیی لە دەسەڵات و پلەو پایەی جومگەکانی ناو حزبەکان ، کە گشت ئەوانەش وەک پرنسیبێک  پارێزراوە وهەمان بەرهەمی سیاسی ڕابوردوو بەرهەم دەهێننەوە . لەم حاڵەتەدا حزب ئەرکی خۆی وەک نێوەندگیری نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت لەدەست دەدات و دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی کاریگەری و دووبارە دابەشکردنەوەی ئیمتیازات. ئەم واقیعە، دابەزینی متمانەی چین و توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگەی سیاسی کورد بە حزبایەتی ڕوون دەکاتەوە.  هەرچەندە هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان ئارەزویان لە کاروباری گشتی لەدەست نەداوە، بەڵام کەمتر متمانەیان بە توانای کاریگەربوونی خۆیان لە ڕێگەی کەناڵە هەبووەکانەوە هەر دەمێنێتەوە  ، بەڵام ئەو پرنسیبانەش کە ئاماژەمان پێدان لە حزبە تەقلیدیەکاندا جۆرێک لە نامۆبوونی سیاسی فراوانتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتیان لە بەشداریکردن لەپرۆسەی سیاسی بکشێنەوە، هەندێکی دیکەش پەنا بۆ ناڕەزایەتی یان ڕەتکردنەوە دەبەن بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بدۆزنەوە ، وەک ئەلتەرناتیڤێک کە توانای گۆڕینی ناڕەزایەتیەکانیان هەبێت بۆ بەرنامەی گۆڕانکاری لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئەبێت ئەوە بە بەرچاو بگیرێت تێپەڕاندن لە حزبی تەقلیدی بە مانای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ڕێکخستنی سیاسی نیە. کۆمەڵگا هێشتا پێویستی بە قەوارەیەک دەبێت بۆ ڕێکخستنی بەشداریکردن و گەیاندنی داواکاریەکانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەرهەمهێنانی بەرنامە و سەرکردە و کاندید ، ئەگەر دامەزراوەیەکی دیموکراسی بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە ئامادەنەبێت، ئەوا بۆشایەکە ڕەنگە بە هێزی پارە واتە ئمکانیاتی دارایی ،  یاخود پەیوەست بە خێڵەکی، و بیرۆکراسی،  و بەهێز کردنی گروپە چەکدارەکان، یان کاریزمای کەسی پڕبکرێنەوە. ئەگەر لە خولگەی ئەو بیرکردنەوانە  کۆمەڵگا ڕزگار بکرێت و بهێنرێتە دەرەوە ، کەواتە لێرەوە کۆمەڵگای سیاسی کوردی پێویستی بە ئاراستەیەک یاخود ڕەوتێک یا پلاتفۆرمێکی سیاسیی نەتەوەیی هاوچەرخ دەبێت و ئەرگومندێکی هاوچەرخی نوێ دێتە ئاراوە ، نەک لەسەر بنەمای ئایدۆلوجیایەکی رەق و داخراو، یاخود  پێویستی بە  تاکە ناسنامەی دژایەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان بێت، بەڵکو ئەوکات زیاتر لە هەلومەرجی بابەتیی کۆمەڵگەی کوردیەوە سەرچاوە دەگرێت و لەگەڵیدا بگونجێت. کۆمەڵگەی ئەمڕۆ لە چین توێژە جیاوازەکان لە نەوە خوێندەوارەکان، و ژنان، گەنجان، پێکهاتەکان لە  پسپۆران وشارەزایان و ئەکادیمیست و پیشەیەکان، و بەهرەمەندەکان لەخۆدەگرێت چی لە ناوخۆی وڵات و چی  لە ناو ڕەوەندی دەرەوە ، لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا دەرفەتی بەرفراوانی بۆ پەیوەندی کردن و بەرهەمهێنانی زانیاری و بەشداریکردن هێناوەتە ئاراوەو ئەو هەلەی ڕەخساندوە کە پرۆسەی هاوبەشی ئەو چین و توێژانە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان لە پرۆسەی سیاسیدا ڕاستەوخۆو زیاتر بێت .
پلاتفۆرمێکی سیاسی دەتوانێت وەک چوارچێوەی دامەزراوەیی بۆ ئەم ئاراستەیە بواری زیاتر دەرەخسێنێت . ئەوەش تەنها بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی یان ئامرازێک نابێت بۆ پڕوپاگەندە ، بەڵکو تۆڕێکە کە ئەنجومەنە ناوخۆیەکان بە کۆمەڵە پیشەیەکان و پسپۆڕان و هاوڵاتیانەوە دەبەستێتەوە ، پرۆسەکە بە دەستنیشانکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگاوە دەست پێدەکات، دواتر شیکاریان لەلایەن پسپۆڕانەوە بۆ دەکرێت ، پاشان گفتوگۆی کراوە لەسەر بەدیلەکان و گۆڕینیان بۆ بەرنامەیەکی سیاسی پێوانەکراو و جێبەجێکراولە پرۆسەی حوکمڕانیدا بەرجەستە دەبێت .  ئەگەر پلاتفۆرمەکە بەشداری لە حکومەتدا بکات، دەتوانێت نوێنەرایەتی کۆمەڵگا لەگەڵ بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتی تێکەڵ بکات. ئەنجومەنی هەڵبژێردراو ئەولەویەتەکان دادەنێت و چاودێری ئەدای کارکردن وپرۆسە سیاسیەکە زیاتر دەکات، لەکاتێکدا پسپۆڕان مامەڵە لەگەڵ  شیکاری وجێبەجێکردندا دەکەن. ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەو فۆرمە نوێیەدا کە ئێمە وەک تێروانینی تیوری لە بەدیلی حزبی تەقلیدیدا تەماشا بکەین کە لە دەرەوەی  بەشداری لە حکومەت بمێنێتەوە، ئەوە پرۆسەکە نابێتە ئۆپۆزسیۆنێکی هەمیشەیی کە لە پێناو ئۆپۆزسیۆندا دژایەتی بکات، بەڵکو چاودێری دەستووری دەکات و بەدیلەکان پێشنیار دەکات و پشتگیری لە بڕیاری سودبەخش دەکات و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەرامبەر بە بڕیارە زیانبەخشەکان ئەمە ئەو پرۆسە هاوچەرخەیە کە لەگەڵ واقعی کۆمەڵگای کوردی بۆ ئەم قۆناغە گونجاو تر بێتب وەک لەو بێ سەرو پەرویەی ئێستا بە ناوی ئۆپزسیونەوە لەبەرچاودا دەبینرێت ، کەواتە فۆرمی نوێی پلاتفۆرمێکی سیاسی دەبێتە ئەو ئۆپزسیونە هاوچەرخەی کە لە فۆرمێکی نوێدا ڕۆڵی خۆی ببینێت  .
ئەگەری ئەوەش دەبێت خودی پلاتفۆرمەکە دەتوانێت لەژێر ناوێکی نوێدا بگۆڕێت بۆ پارتێکی تەقلیدی ئەگەر سەرکردایەتیەکەی قۆرخکاری بڕیاردان بکات یان ملکەچی کاریگەریی هەژمونی دارایی وپارە و دەسەڵات بێت. بۆیە ئەم مۆدێلە پێویستی بە بودجەی شەفاف وجوڵانەوەی بەرپرسیارێتی و ڕاگەیاندنی گشتی بڕیارەکان و ڕێگریکردن لە ناکۆکی بەرژەوەندیەکان و نوێنەرایەتیکردنی گەرەنتیکراوی هەرێمەکان و ژنان و گەنجان و پەیوەندی نێوان بەشداریکردنی دیجیتاڵی و کاری مەیدانی هەیە.
هەر لەسەرەتای ئەم زنجیرە ووتارەدا وەک لێکۆڵێنەوەیەکی کورت دووبارە دێینەوە سەر ئەو بابەتە کە کۆمەڵگەی سیاسی کورد پێویستی بە ڕێکخراوێک یا حزبێکی دیکە نیە کە تەنیا  وەک ڕێکخستنەکانی پێش خۆی ڕۆڵەکانی دووبارە بکاتەوە، بەڵکو پێویستی بە ڕەوتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە کە توانای گونجاندنی دامەزراوەیی هەبێت لەگەڵ گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەکنەلۆژیەکاندا. گۆڕانی سیاسی لە گۆڕینی ناوی حزبەکانەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو بە گۆڕینی پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی و هاوڵاتیەوە دەست پێ دەکات ، لە نێوان مەعریفە و بڕیاردان و لە نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت. پرسیاری ئەمڕۆ ئەوە نیە ، کێ حزبی داهاتوو دادەمەزرێنێت؟ بەڵکو، ئەوەیە کێ ئەو مۆدێلە سیاسیە بنیات دەنێت کە توانای هەڵگرتنی ئەرکی نەتەوەیی کورد لە ئەستۆ بگرێت بۆ قۆناغی داهاتووی هەرێمی کوردستان ؟