بەدیلی شێوازی حزبیی نەریتی لە پرۆسەی سیاسی چی دەبێت؟
کوردستان 8 کاتژمێر پێش ئێستا
بەرەو بیرکردنەوەیەک لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان
نوسینی : ئاراس تالب رشید (پشکۆ )
ئەڵمانیا / برلین
بەشی دووەم
بەدیلی شێوازی
حزبیی نەریتی لە پرۆسەی سیاسی چی دەبێت؟
مەبەست لە ئەلتەرناتیڤ (بەدیل) بۆ کارو پرۆسەی سیاسی حزبایەتی لەم زنجیرە
وتارەدا،ئەوە نیە کە بیر لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەیەکی نافەرمی سەربەخۆی هەرێمی
کوردستان، یان حکومەت، یاخود پەرلەمان بێت
، یا هەڵوەشانەوەی دادوەری یان فرەیی سیاسی بێت . هەروەها مەبەست نەمانی ڕێکخستن و
ڕکابەری حزبی سیاسی نیە ، بەڵکو مەبەست
گۆڕینی ئەو شێوازە حزبیە نەریتیە(تقلیدی)یە کە بۆتە تەنها کەناڵی ڕێکخستنی
کۆمەڵگا، بۆ نوێنەرایەتی و گەیشتن بە دەسەڵاتی حوکمڕانی ، لە بەرامبەردا
پێشنیارەکە بریتیە لە تۆڕێکی مەدەنی و نیشتمانی لە ئەنجومەنە ناوخۆیەکان، تۆڕە
پیشەیی و مەدەنیەکان، بونی پلاتفۆرمی
نیشتمانی و دامەزراوەکانی چاودێری ، کە لە چوارچێوەی دەستور و یاساکانی دەوڵەتدا
کار بکەن .
ئەگەر باسی ئەم بابەتە بکەین لەسەرەتاوە خوێنەر
زۆر بە بابەتێکی هەستیاری دەزانێت و بگرە تا ئاستی بیرکردنەوە لەوەی مەحاڵە پرۆسەی
سیاسی لە هیچ ووڵاتێکدا بروات بەڕێوە بەبێ
بونی حزبی سیاسی، هەروەها لە هەمان کاتدا ئەم بابەتە ئەگەر تیوریش بێت لە یەکێک لە
پرسە گرنگەکانی زانستی سیاسی مۆدێرن تەماشا دەکرێت و لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە
و بەردەوامیشە لەوەی کە دەبێت بەدیلی حزبی سیاسی چی بێت و چی ڕوبدات ؟، و چۆن
پرۆسەی سیاسی بەڕێوە دەڕوات ئەگەر پارتە سیاسیەکان لە پێگەی کەناڵی سەرەکی ڕێکخستن
و نوێنەرایەتیدا دوور بخرێنەوە، چی دەبێت لە دوای ئەو پرۆسەیە؟ یاخود ئەڵتەرناتیڤی
زانستی و پراکتیکی بۆ شێوازی حزبی نەریتی چیە؟
هەر بۆ وەبیر
هێنانەوەو زانیاری خوێنەر، لە زانستی سیاسیدا چەند مۆدێل و میکانیزمێک هەن کە
دەتوانن بەشێک لە ئەرکەکانی پارتە سیاسیە تەقلیدیەکان لەنێوان دامەزراوە و کەناڵە
بەشداریکەرەکاندا دابەش بکەن، بەبێ ئەوەی دەوڵەت و حکومەت لاببرێن یان ڕێکخستنی
سیاسی لەناوبچێت. هەریەکەشیان سوود و زیانەکانی خۆیان هەیە، لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە
ڕوونی و ڕاستەوخۆ ئەو مۆدێلانە ڕوون دەکەینەوە کە لەگەڵ واقعی بارودۆخی ئێستای
هەرێمی کوردستان نزیکترن. بۆچی پارتە سیاسیەکان لە پلەی یەکەمدا گرنگن؟
١- لە زۆربەی
سیستەمە سیاسیە نوێنەرایەتیەکاندا، پارتە سیاسیەکان سێ ئەرکی جەوهەری ئەنجام
دەدەن:
سەرەتا بە پرسیارێک دەست
پێ دەکەین ، کە بۆچی حزبە سیاسیەکانی بە پلەی یەکەمی گرنگی دێن لە پرۆسەی سیاسیدا
؟
آ - دەسەڵاتی
ڕێکخستن
دەبێت ئەوە بزانین کە ڕێکخستنی دەسەڵات
تەنها پەیوەندی بە بونی حزبێکەوە نیە بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی حوکمڕانی و
بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت. بەڵکو ئەوە بە مانای گۆڕینی کێبڕکێی دەسەڵاتە لە ململانێیەکی کراوەی پرۆسەیەکی
جیاوازیشەوە دێتە ئاراوە ، کە ئەگەری هەیە بەهۆی هێز یان بەرژەوەندی کەسیەوە
بجوڵێنرێت و بە ئەنجام بگەیەنرێت بۆ پرۆسەیەکی سیاسی دامەزراوەیی کە بە ڕێسا و
یاسا بەڕێوە بچێت ، دەشێت حزب بەرژەوەندی
و ڕەوتە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان کۆبکاتەوە و بیانگۆڕێت بۆ بەرنامەیەکی سیاسی و دواتر کاندید و سەرکردەیەک هەڵ
دەبژێرێت کە توانای جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی حزبەکەیان هەیە لەناو حکومەت یان
پەرلەماندا.
کەواتە حیزب لە
ڕێگەی ئەو ئەرکەوە کۆمەڵگا و دەوڵەت بەیەکەوە دەبەستێتەوە ، و بە ڕوونی
بەرپرسیارێتی سیاسی دیاری دەکات. ئەوە بەو مانایە دێت کە دواجارحزبی دەسەڵاتدار
دەرئەنجامی بەرپرسیارێتی و بڕیارەکانی لە
ئەستۆ دەگرێت ، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش چاودێری دەسەڵاتی حکومەتی جێبەجێکار دەکەن و
بەدیل پێشکەش دەکەن ئەگەر زانیان دەسەڵات ڕێچکەیەکی هەڵەی گرتۆتە بەر لە جێبەجێ
کردنی بڕیارە یاساکاندا . بەم شێوەیە دەسەڵات دەبێتە بژاردەیەکی کاتی، دەبێت هەموو
کاتێک ملکەچی لێپرسینەوە و دەستاودەستی دەسەڵات بێت ، نەک ببێتە موڵکی کەسی
فەرمانڕەوا یان گروپێکی دیاریکراو.
بەڵام ئەو
ئەرکە بەپێی سروشتی سیستەمی سیاسی دەگۆڕێت. لە سیستمی دیموکراسیدا حزبەکان بەشداری
لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەن و هاوسەنگی لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا
دەپارێزن. به ڵام له سیسته مێکی پاوانخوازدا، حزبێک له وانه یه ببێته ئامرازێک بۆ
قۆرخکردنی ده سه ڵات و پاساودانه وه ی بە به رده وامبوونی لە دەسەڵاتدا . کەواتە
گرنگی حزبەکان بە تەنها بوونیان لە دەسەڵاتدا ناپێورێت، بەڵکو بە توانایان بۆ ڕێگریکردن لە کەسایەتیکردنی دەسەڵات و
ڕێکخستنی گواستنەوەی دەسەڵات واتە دەستاو دەستکردن و ملکەچکردنی پراکتیکەکانیان بۆ
چاودێری و لێپرسینەوە دەپێورێن و هەڵدەسەنگێنرێن .
ب - بەستنەوەی
کۆمەڵگا بە حکومەتەوە
ڕونە کە حزبە سیاسیەکان نوێنەرایەتی ئەو
پەیوەندیە ڕێکخراوەیەی نێوان کۆمەڵگا و دامودەزگاکانی حوکمڕانی دەکەن. داواکاری
هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گروپە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان وەردەگرن، پاشان دووبارە
دای دەڕێژنەوە بۆ بەرنامە و ئەو پێشنیارانە پێشکەش دەکەن کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ
یاسا و سیاسەتی گشتی . بەو مانایە حزب تەنیا ئامرازێک نیە بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن،
بەڵکو کەناڵێکی سیاسیە کە ئیرادەی کۆمەڵگا دەگەیەنێتە دەوڵەت و بە پێچەوانەشەوە
بڕیارەکانی حکومەت و لێکدانەوەکانیان بۆ هاووڵاتیان دەگوازێتەوە.
ئەو ئەرکە
ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان حکومەت وەک فەرمانرەوا و
هاووڵاتی ، بەو پێیەی ئامرازێکی دامەزراوەیی بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات بۆ
دەربڕینی پێداویستیەکانیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتەکان و
کاریگەری لەسەر پرۆسەی بڕیاردان. هەروەها یارمەتی حکومەت دەدات لە گۆڕانکاریە
ڕاستەقینەکانی ناو کۆمەڵگا تێ بگات، نەک پشت بە ڕاپۆرتی کارگێڕی یان تێڕوانینەکان
ببەستێت کە دورن لە واقیعەوە . کاتێک ئەم پەیوەندیە لاواز دەبێت، هاوڵاتیان هەست
دەکەن دامەزراوەکان بە ڕاستگۆیانە نوێنەرایەتیان ناکەن ، ئەمەش دەبێتە هۆی
زیادبوونی نامۆبوونی سیاسی و لاوازبونی ئاستی متمانە بە دەوڵەتەوە . پاشان ڕەنگە
داواکاریەکان لە کەناڵە یاسایەکانەوە بگۆڕدرێن بۆ ناڕەزایەتی یان توندوتیژی. بەڵام
لە ڕژێمە پاوانخوازەکاندا زۆرجار ئەم ئەرکە پێچەوانە دەبێتەوە ، حزب دەبێتە
ئامرازێک بۆ گەیاندنی فەرمانەکانی توانای دەسەڵاتدار بە کۆمەڵگا و کۆکردنەوەی
پشتیوانی لە بەرژەوەندی خۆی ، لەبری ئەوەی نێوەندگیرێکی ڕاستەقینە بێت بۆ گەیاندنی
ئیرادەی کۆمەڵگا بۆ حکومەت.
ج –
بەرهەمهێنانی سەرکردە سیاسیەکان و داڕشتنی بەرنامەکان
سروشتی هەموو پارتە سیاسیەکان بواری زەمینە
سازی سەرەکین بۆ رەخاسندنی کەشێکی لەبار بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدان و گۆڕینی بەهرەی سیاسی بۆ سەرکردەیەک کە توانای
وەرگرتنی بەرپرسیارێتی گشتیان لە ئایندە هەبێت. ئەمە بەشێکە لەو پرۆسە سیاسیەی
کەحزبە سیاسیەکان سەرکردەی سیاسی تیا بەرهەم دەهێنن ، هەر لە ڕێگەی کاری حزبی و
پراکتیزەکاردنی پرۆسەی سیاسی لە ناو حزبەکانەوە لە بەشداریکردن لەسەر ئاستی (ناوخۆیی و پەرلەمانی
و ڕێکخراوەیی) ، کەسێتی سەرکردەکان ئەزموون لە بەڕێوەبردنی ( ململانێکان،
دانوستان، بڕیاردان و مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ) ئەزمونی
زیاتربەدەستدەهێنن . بەم شێوەیە سەرهەڵدان و بەرهەم هێنانی سەرکردایەتی لە ئەنجامی
ڕێکەوت یان کاریگەری کەسیەوە نایەتە ئاراوە ، بەڵکو ئەوە بەرهەمی پرۆسەی هەڵبژاردن
و ڕاهێنان و تاقیکردنەوە و لێپرسینەوەیە کە لەناو حزبەکانەوە پێ دەگەن .
هاوکات حزبەکان
کاردەکەن بۆ وەرگێڕانی پێویستی و تێڕوانینە فیکریەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرنامەی سیاسی
کە ئەولەویەتەکان دیاری دەکەن و پێشنیاری چارەسەر لە بوارەکانی ( ئابووری،
پەروەردە، تەندروستی، کارگێڕی، و پەیوەندیەکانی دەرەوە دەکەن) . پاشان دایان
دەڕێژنەوە و دەیانکەنە بەرنامەیەکی ڕاستەقینە ، نەک تەنیا لە دروشمدا سنووردار بیان هێڵنەوە ، هەروەها دەست دەکات بە ڕونکردنەوەیان وەک گوتار و پەیامێک دەیگەیەنێتە ناو خەڵکەوە کە حزب بەنیازە چی جێبەجێ
بکات، ئەو ئامرازانەی کە بەکاری دەهێنێت و ئەو ئەنجامانەی کە لێپرسینەوەیان لەگەڵ
هاوڵاتیان دەکات. بە دروست کردن یا بەرهەمهێنانی سەرکردایەتی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پەرەپێدانی
بەرنامەی حزبەوە ، بەرنامەیەک کە
سەرکردایەتیەکی لێهاتوو نەبێت وەک بەڵێنێکی تیۆری دەمێنێتەوە و سەرکردایەتی بەبێ
بەرنامە دەبێتە مومارەسەیەکی کەسی دەسەڵاتدار. کاتێک حزبەکان لە بازنەیەکی
سنوورداردا دەمێنەوە و لەسەر بنەمای
دڵسۆزی یان خزمایەتی بەرپرسەکانیان هەڵدەبژێرن، ئەوا واز لە بەرهەمهێنانی سەرکردەی
نوێ دێنن و بەرنامەکانیان دەبنە تەنیا ڕومالی ڕووبەرێکی هەڵبژاردن، بەمەش توانای نوێکردنەوەی خۆیان و
نوێنەرایەتیکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە کۆمەڵگادەبێتە پێوەرو هەڵسەنگێنەری،
لەدەستی دەدەن. لە گریمانەی نەمانی حزبە سیاسیە تەقلیدیەکان یان دەست بەرداربون لە
ڕۆڵی سەرەکیان لە پرۆسەی سیاسیدا ، چی ئەڵتەرناتیڤێک شوێنی ئەو ئەرکە دەگرێتەوە؟
دێمەوە سەر پرسیاری سەرەکی و ئامانجەکەمان لەم زنجیرە وتارەدا ، داماڵین یان دەست
بەردار بون لە حزبە سیاسیەکان بە مانای نەمانی ئەو ئەرکە سیاسیانە نایەت کە حزبەکان
ئەنجامی دەدەن، چونکە حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسی هێشتا پێویستی بە ڕێسا دەبێت بۆ
ڕێکخستن و دەستڕاگەیشتن و گواستنەوەی دەسەڵاتی حوکمڕانی. کۆمەڵگا هێشتا پێویستی بە
کەناڵێک دەبێت بۆ گەیاندنی داواکاریەکانی بە حکومەت، دەوڵەتیش هەر پێویستی بە
سەرکردە و بەرنامەی توانای بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی دەبێت. بۆیە مەسەلەکە لەسەر
هێشتنەوەی ناوی حزب نیە، بەڵکو لەسەر هەبوونی دامەزراوەیەکە کە بە شێوەیەکی
ڕێکخراو و شەرعی ئەو ئەرکانە ئەنجام بدات. ئەگەر حزبە سیاسیەکان بەبێ دامەزراندنی
ئەڵتەرناتیڤێکی دامەزراوەیی لە پرۆسەی سیاسی کەم ببنەوە یان لە پێگەی کەناڵی
سەرەکیی ڕێکخستن دابەزن، گۆڕەپانی سیاسی بەتاڵ نامێنێتەوە. بەڵکو لەوانەیە
بەهێزترین ڕێکخراو و دامەزراوەکان ئەو بۆشایە پڕ بکەنەوە، وەک سیستەمی بیرۆکراسی، هێز
و دامەزراوەی سەربازی، پێکهاتە خێڵەکیەکان، تۆڕی دارایی یان کاریگەریی
سەرکردایەتیی کاریزمایی. بەڵام ئەمانە بەدیلە دیموکراتیەکان نین، بەڵکو نموونەی
ئەو مەترسیەن کە لە نەبوونی بەدیلێکی یاسایی و دامەزراوەی، ئەوکات بۆشایی دەسەڵات
لەلایەن هێزە نافەرمیەکانەوە پڕ دەکرێتەوە. بۆیە پرسیارە سەرەکیەکە چاودێری و
لێپرسینەوەی ئەو هێزانەیە، چونکە لە بازنەی نافەرمیەوە بە ئاسانی ناتوانرێت
لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. لەو بارەدا قەوارەیەکی سیاسی نوێ، وەک پلاتفۆرمی نیشتمانی
بەشداربوو یان تۆڕێکی مەدەنیی ڕێکخراو، دەتوانێت ئەو ئەرکانە ئەنجام بدات، بە
مەرجێک ڕێسای ڕوونی بۆ بەشداریکردن و بڕیاردان هەبێت، ڕێگە بە کۆمەڵگا بدات
داواکاریەکانی خۆی دەرببڕێت، سەرکردەی لێهاتوو پەرەپێ بدات و بەرنامەی جێبەجێکراو
بەرهەم بهێنێت. ئەگەر وا بکات، دەبێتە فۆرمێکی مۆدێرن لە ڕێکخستنی سیاسی، تەنانەت
ئەگەر پێکهاتە پلەبەندیەکەی لە شێوازی حزبە تەقلیدیەکان جیاواز بێت.
بەم پێیە،
گرنگی حزبەکان لە فۆرم و ناوەکانیان نیە، بەڵکو لە ئەرکەکانی پراکتیزەکردن و
ئەنجامدانە. دەتوانرێت مۆدێلێکی نوێی ڕێکخستنی سیاسی، جێی شێوازی حزبی نەریتی
بگرێتەوە، بەڵام ناتوانرێت دەست بەرداری خودی پرۆسەی ڕێکخستنی سیاسی بێت. بەدیلێکی
ڕاستەقینە ئەو بەدیلەیە کە ئەم ئەرکانە بە شێوەیەکی بەشدارانەتر و شەفافتر و لێپرسینەوەتر
ئەنجام بدات ، ئەگەر نا، تەنها ئەوە دەبێت کە حزبە تەقلیدیەکان لە ژێر ناوێکی
نوێدا دووبارە بەرهەم بهێنرێنەوە.
٢-
ئەڵتەرناتیڤێکی زانستی بۆ ئەرکەکانی پارتە سیاسیەکان چیە؟
لە توێکاری یا لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی
زانستی سیاسی بۆ ئەلتەرناتیڤ (بەدیل ) بۆ پارتە سیاسیەکان ، ناتوانرێت لە ڕوانگەی
بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنی سیاسیەوە دەست پێ بکەین ، بەڵکو لە پێداچونەوە بە
دابەشکردنەوەی ئەرکەکانی حزب لە نێوان دامەزراوەکانەوە دەست پێ دەکەین ، بە شێوازێک کە بەشداربێت بەڵام بە نەرمتر
دەست پێ بکات، ڕەنگە بەدیلەکە ببێتە
بزووتنەوەیەکی سیاسی مەدەنی، یا وا دابنێین پلاتفۆرمی ئۆنلاینێکی نیشتمانی، یاخود
گریمان ئەنجومەنێک بە بەشداربونی هاوڵاتیان، ، یان تۆڕە پیشەیی و ناوخۆیەکان بێت ،
کە ڕاستەوخۆ پەیوەست بن بە میکانیزمەکانی بڕیاردانەوە. لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە هیچ مۆدێلێک تەنیا لەبەر ئەوەی ناو یان فۆرمەکەی
لە حزبێک جیاوازە، نابێتە بەدیلێکی ڕاستەقینە بۆ جێگرەوەی حزب ، بەڵکو دەبێت توانای ڕێکخستنی دەسەڵات و
بەستنەوەی کۆمەڵگا بە حکومەت و بەرهەمهێنانی سەرکردە و بەرنامەی سیاسی لە
چوارچێوەی ڕوون و ئاشکرای شەفافیەت و لێپرسینەوە و دەستاو دەستی دەسەڵاتدا هەبێت.
بۆیە پێویستە بەدیلەکان بە پشتبەستن بە توانای ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە بخوێنرێنەوە
نەک تەنها لەسەر ناوەکانیان.
ئەم مۆدێلانە هەموویان بە تەنیا جێگرەوەی تەواوی
حزب نین، بەڵکو هەر یەکێکیان بەشێک لە مۆدێلی جێگرەوەیە ، حوکمرانی مەدەنی و
ئەنجومەنەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداری، تەکنۆکراتەکان بۆ بەڕێوەبردن و
جێبەجێکردن، دیموکراسیی ڕاستەوخۆ بۆ بەشداری و چاودێری، و سیستەمی هاوبەشی هێز بۆ
پاراستنی هاوسەنگی و فرەیی.
یەکەم: مۆدێلی
حوکمڕانی مەدەنی (Civic Governance Model)
مۆدێلی
حوکمرانی مەدەنی دەشێت ببێتە بەشێک لە چوارچێوەیەکی جێگرەوە بۆ شێوازی حزبی نەریتی
باو (تەقلیدی). لەم مۆدێلەدا، (سەندیکا، فیدراسیۆن، ئەنجومەنەکان، ڕێکخراوە پیشەی
و مەدەنیەکان)و ئەمانە دەتوانن لە دیاریکردنی پێداویستی و ئەولەویەتەکان و داڕشتنی
سیاسەت و چاودێریی جێبەجێکردنیاندا بەشدار بن، بەڵام جێی حکومەت ناگرنەوە و
بەرپرسیارێتی یاسایی و دەستووری بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەر لە ئەستۆی دامەزراوە
دەستووریەکاندا دەمێنێتەوە. ئەم شێوازە بەشداریی هاوڵاتیان فراوانتر دەکات و
بڕیارەکان لە پێداویستیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە نزیکتر دەکاتەوە ، بە مەرجێک یاسا و
ڕێسای ڕوون و نوێنەرایەتی هاوسەنگ هەبێت لە چاودێری و لێپرسینەوەدا.
ئەرکی
سەندیکاکان ، پاراستن ودەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی توێژە پیشەیەکان ڕێک دەخەن ،
هەروەها دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە گەیاندنی داواکاریەکانیان بە دەسەڵتدارانی حکومەت
، دەشێت سەرکردەی شارەزایان تێدا
هەڵبکەوێت لە دانوستاندن و نوێنەرایەتیکردندا ، بەڵام دواجارهەر سەندیکایەک
نوێنەرایەتیی کەرتێکی دیاریکراو دەکات، نەک کۆمەڵگە بە گشتی. فیدراسیۆنەکانیش بە
کۆکردنەوەی چەند سەندیکا و ڕێکخراوێک لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا، داواکاریە
جیاوازەکان دەگۆڕن بۆ هەڵوێست و پێشنیاری گشتگیرتر، بەڵام ئەوانیش بە تەنیا
ناتوانن بەرنامەیەکی گشتگیری حوکمڕانی پێشکەش بکەن. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن بەرژەوەندیی گشتی بنوێنن، داواکاریی
هاوڵاتیان بگەیەنن، چاودێریی کارکردنی حکومەت بکەن و لە بوارەکانی ( ماف،
گەشەپێدان و خزمەتگوزاری ) دا چارەسەر و پێشنیار بکەن ، بەڵام ئەمانیش
چالاکیەکانیان زۆرجار لە چوارچێوەی پرسێکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە. کەواتە، هیچ یەکێک لەم دامەزراوانە بە تەنیا
نابێتە جێگرەوەی تەواوی حزبی سیاسی، بەڵام ئەگەر لەناو تۆڕێکی فراوان و
دامەزراوەیدا پێکەوە کار بکەن، دەتوانن بەشێکی گرنگ لە ئەرکە سیاسیەکان ئەنجام
بدەن، مۆدێلی حوکمڕانی مەدەنی بەهێز بکەن و سنوورێک بۆ قۆرخکاریی دەسەڵات و
هەژموونی حزب و بنەماڵە سیاسیەکان دابنێن.
دووەم : مۆدێلی حوکمڕانی تەکنۆکراتی (Technocratic Governance )
حوکمڕانی
تەکنۆکراتیک بە تەنیا جێگرەوەی تەواوی پارتە سیاسیەکان نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای
سپاردنی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئەرکە سەرەکیەکانیان بە کەسانی شارەزا
و پسپۆڕانە، نەک دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی لایەنی حزبی یان دڵسۆزیی حزبی و فکری.
ئەم مۆدێلە ڕۆڵی لە بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی کارگێڕی و باشترکردنی
پلاندانان و بڕیاردان لەسەر بنەمای زانیاری و داتاکاندایە. هەروەها لەوانەیە
گەندەڵی کەم بکاتەوە کە لە ئەنجامی پاڵپشتیکردنەوە دروست دەبێت، بەڵام شارەزایی
تەکنیکی بە تەنها شەرعیەتی سیاسی نابەخشێت. شارەزایی و پسپۆڕی دەتوانێت باشترین
ڕێباز دەستنیشان بکات، بەڵام ئەم فۆرم و مۆدێلە ئەرکیان نابێتە دیاریکردنی
ئەولەویەتەکانی کۆمەڵگا بەبێ بەشداریی هاووڵاتیان. بۆیە بڕیارەکان ڕەنگە لە ڕووی
تەکنیکیەوە دروست بن، بەڵام ئەگەر بەبێ بەشداریی هاووڵاتیان دابڕێژرێن، لە ڕووی
کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە هەمەچەشن و گونجاو نەبن. بەم شێوەیە، حوکمڕانی تەکنۆکراتیک
دەتوانێت وەک قۆڵی جێبەجێکاری تایبەتمەند لە مۆدێلێکی حوکمرانی مەدەنی کۆمەڵگەدا
خزمەت بکات، بە مەرجێک لە ژێر چاودێریی گشتیدا کار بکات، لە چوارچێوەی ئەو
ئامانجانەی کە کۆمەڵگا دیاریان کردووە و بە یاسای ڕوونی لێپرسینەوە و شەفافیەت
بەڕێوە بچێت.
سێیەم: مۆدێلی
دیموکراسی ئەنجومەنەکان (Council Democracy)
ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای ڕێبازی لە خوارەوە
واتە لە بنکەکانی خوارەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ سەرەوە بۆ دەسەڵات دامەزراوەکانی دەوڵەت .
واتە لە ( گوندنشینان و شارۆچکە و ناوچەکان ) ەوە ئەنجوومەنە ناوخۆیەکانیان هەڵدەبژێرن، کە دواتر نوێنەران دەنێرن بۆ ئاستە
باڵاکانی حکومەت. بەم شێوەیە دەسەڵات شەرعیەتی خۆی لە پێکهاتە ناوخۆیەکانەوە
وەردەگرێت نەک لە سەرکردایەتیەکی ناوەندی حزب کە نوێنەرایەتیان بکات ، بەم شێوەیە
بەشداریکردن لە حوکمڕانی فراوانتر دەکات و کاریگەری دابەش دەکات و قۆرخکاری لەسەر
بڕیاردان سنووردار دەکات. بەڵام وەنەبێت نەبوونی حزبە سیاسیەکان
ڕێگری لێ بکرێت لە سەرهەڵدانی کایەو
قەوارە و هاوپەیمانەکان لەناو ئەنجومەنەکاندا. جگە لەوەش، چەندین چین وتوێژی کۆمەڵایەتی لە ئاستی نوێنەرایەتی دە
بێتە هۆی خاوبوونەوەی بڕیاردان و زاڵ بونی کەمایەتیەکان لە بەرژەوەندیە ناوخۆیەکان
بەسەر بەرژەوەندیە گشتیەکانی زۆربایەتیدا . بۆیە ئەم مۆدێلە پێویستی بە دەستورێکی
ڕوون هەیە کە دەسەڵاتی ئەنجومەنەکان و میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و لێپرسینەوە لە
نوێنەران و شێوازەکانی هەماهەنگی نێوان ئەوان و حکومەتی ناوەندی دیاری بکات.
جێگرەوەیەکی بەهێزە بۆ بەشداریکردنی ناوخۆیی، بەڵام پێویستی بە دەستەیەکی
جێبەجێکردن و بەرنامەیەکی نیشتمانی هەیە کە گەرەنتی یەکگرتوویی ئیدارەی دەوڵەت
بکات.
چوارەم:
سیستەمێکی هاوبەشی هێز ( Power‑Sharing System)
سیستەمی هاوبەشی هێز ئەمیش بە تەنیا
جێگرەوەی حزبە سیاسیەکان نیە، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و پاراستنی
فرەیی لە مۆدێلێکی جێگرەوەدا. لەم سیستەمەدا لەسەر داننان بە فرەیی هێزی
کۆمەڵایەتی و پیشەیی و ئابووری و ناوخۆیی و پێدانی نوێنەرایەتی دامەزراوەیی دادەمەزرێت،
واتە لە بڕیاردانیان لەبری چڕکردنەوەی دەسەڵات لە حزبە سیاسیەکاندا بێت. لەم
سیستەمە بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتەکان بەپێی یاسا و ڕێسای ڕێکەوتوو دابەش دەکرێن و
ڕێگری لە باڵادەستی و قۆرخکاری هەر یەکەیان دەکات بۆ بەدەستهێنانی
بەرژەوەندیەکانیان، واتە هاوسەنگی لە نێوانیاندا دروست دەکات، بەتایبەتی لە
کۆمەڵگای هەمەچەشن و چین و توێژە جیاوازەکان. بەڵام خاڵی لاواز و نەرێنی ئەوەیە کە
دابەشکردنی دەسەڵات دەتوانێت بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی پشک پشکێنە و ئەمەش جێگیر بکرێت،
یان ببێتە هۆی خاوبوونەوەی بڕیاردان و بڵاوبوونەوەی بەرپرسیارێتیی هەمە لایەنە و
هەمەچەشن. بۆیە سەرکەوتنی ئەم سیستەمە پێویستی بە دەستورێکی بەهێز و دەسەڵاتێکی
دادوەریی سەربەخۆ و نوێنەرایەتیی هاوسەنگ و میکانیزمی ڕوون بۆ لێپرسینەوە و
چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان هەیە. چونکە ئامانج تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان نیە، بەڵکو
دابەشکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان و بەرپرسیارێتیە.
پێنجەم:
دیموکراسی ڕاستەوخۆ (Direct Democracy )
دیموکراسیی
ڕاستەوخۆ لێرەدا وەک میکانیزمێکی بەشداری دەسەڵات دەدات بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی
خۆیان هەندێک بڕیاری گشتی بدەن لە ڕێگەی ڕیفراندۆم و دەستپێشخەری جەماوەری و
دەنگدانی ناوخۆیەوە، نەک دەسەڵاتی بڕیاردان بە ڕەهای بۆ نوێنەر و حزبە سیاسیەکان
جێبهێڵن. بەشداری کردن و چاودێری کردنی گشتی بەرەوپێش دەبات و شەرعیەتی ڕاستەوخۆ دەدات
بە بڕیارەکان. بەڵام بۆ نموونە، سویسرا بەبێ پارتە سیاسیەکان حکومەت پێک نایەت ،
لە هەمان کاتدا گەلیش دەنگ لەسەر هەموو شتێک نادات. بەڵکو لە سیستەمی حوکمڕانی
سویسریدا، سیستەمی دیموکراسیی نوێنەرایەتی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ تێکەڵ کراوە، واتە
پارتە سیاسیەکان و پەرلەمان و حکومەت وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی حوکمڕانیدا
دەمێننەوە. ئەگەرچی پرۆسەی زۆری دەنگدان بۆ هەریەک لە دەسەڵاتەکان ئەگەری
تێچوونەکانی زیاد دەکات و دەبێتە بارێکی گرانی دارایی بۆ دەوڵەت و هۆی ماندوێتی
سیاسی، پاشان ڕەنگە بڕیارەکان بکەونە ژێر کاریگەریی هەڵمەتەکانی پڕوپاگەندەی
هەڵبژاردنەکانەوە و جۆرێک لە تێکەڵاوی و تێ نەگەشتن لەسەر خەڵکی دەنگدەر لە پرسە
ئاڵۆزەکاندا دروست بکات. هەر بۆیە دیموکراسی ڕاستەوخۆ وەک ئامراز و میکانیزمێک
لەناو سیستەمێکی فراوانتردا کاریگەریی باشتر دەبێت، بەو مەرجەی مافی کەمینەکان
پارێزراو بێت و دامەزراوەکانی حکومەت بوونیان هەبێت بۆ داڕشتن و جێبەجێکردن و
لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە بڕیارەکاندا.
٣- گونجاوترین
مۆدێلی جێگرەوە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان چیە؟
پێشتر لێکۆڵینەوە و تاوتوێی جۆری
سیستەمەکانی حوکمڕانی و پرۆسەی سیاسیمان کرد، زۆر بە کورتی و چڕی بەراورد و
هەڵسەنگاندنێکی زانستیی کورت بۆ هەر یەک لەو سیستەمانەمان خستە ڕوو. پاشان، بە
لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و هەڵکەوتەی جیوپۆلتیکی هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت
مۆدێلی ئەنجومەنەکان و تەکنۆکراتیی تێکەڵاو بە یەکێک لە ئەڵتەرناتیڤە واقیعیەکان
بۆ شێوازی حزبی نەریتی هەژمار بکرێت، نەک بەدیلێک بۆ دەوڵەت و حکومەت. وەک پێشتر
ئاماژەم پێ دا، ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو دامەزراوە کە
نوێنەرایەتی پارێزگا و قەزاکان و هێزە مەدەنی و پیشەیەکان دەکات. ئەم ئەنجومەنە
بەرپرسیار دەبێت لە دانانی ئەولەویەت و یاسادانان و چاودێریکردن، لەکاتێکدا
ئیدارەی حکومەت دەسپێردرێتە ئەو پسپۆڕانەی کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پسپۆڕی
هەڵدەبژێردرێن، نەک لەسەر پشکی حزبی. ئەم مۆدێلە شەرعیەتی نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتی
لەگەڵ کارایی ئیدارەی پیشەیی تێکەڵ دەکات و یارمەتیدەرە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و
کەمکردنەوەی قۆرخکاری و ململانێی حزبی. بەڵام تەنها بە دانانی وەزیرەکان وەک
تەکنۆکرات سەرکەوتوو نابێت. پێویستی بە شێوازێکی شەفاف هەیە بۆ هەڵبژاردنیان،
ماوەی دیاریکراویان بۆ مانەوەیان لەو پۆستە دیاری کراو بێت، پاشان بە پێی یاسا و ڕێساکان
ڕێگری بکرێت لە ناکۆکی یان بەریەکەوتنی بەرژەوەندیەکان، و چاودێرییەکی کاریگەری
هەبێت و دادوەری و کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت. ئەگەر وا نەبێت، ئەنجومەنەکان دەتوانن
بە فۆرمێکی نوێ ببنەوە بە دابەشکردنی دەسەڵات و پشک پشکێنە، و شارەزاکانیش ببنە
بەرەیەک بۆ پاسەوانی قەوارە سیاسییە تەقلیدی و کۆنەکان. ئەگەرچی ئامانج
هەڵوەشاندنەوەی فرەیی سیاسی نیە، بەڵکو جیاکردنەوەی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیەکانە
لە ئیدارەی دەوڵەتداریدا، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ئاراستەی سیاسەت دیاری بکات و پسپۆڕان
جێبەجێی بکەن، لەکاتێکدا هەردوو دامەزراوەکە بە لێپرسینەوە دەمێننەوە. ئەم مۆدێلە
دەبێت لە چوارچێوەی دەستور و یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێبەجێ بکرێت.
لەکاتێکدا ئێستا سەردەمی زیرەکی دەستکرد و دنیای دیجیتاڵکردنی هەموو دام و دەزگا
حکومی و مەدەنیەکانە و هەموو چەمک و سێکتەرەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵگا لەسەر
دەبرێتە ڕێوە، بۆیە ئەگەر ئەو فۆرمە تێکەڵاوە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای نوێدا
بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگای سیاسی کوردی بەکاربهێنرێت، فۆرمێکی نوێ لە
پرۆسەی سیاسی دێتە ئاراوە کە ببێتە بەدیلێک بۆ شێوازی حزبی نەریتی لە ناو پرۆسەی
سیاسیدا، نەک بەدیلێک بۆ خودی پرۆسەی سیاسی یان دەوڵەت. لەم فۆرمە نوێیەدا، دوو
شێوازی ئەنجومەنەکان و تەکنۆکراتی بەرجەستە دەبن و پلاتفۆرمێکی نیشتمانی دەتوانێت
بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە داڕشتنی ڕێبازی سیاسی و حوکمڕانی لە خوارەوە بۆ سەرەوە
ڕێک بخات، هەر وەک هاوشێوەی سیستەمی ئەنجومەنەکان ، پاشان پێشنیارەکان لەلایەن
پسپۆڕانەوە ڕێکبخرێن و فۆرمەلە و دابڕێژرێن. پلاتفۆرمی دیجیتاڵی جێگرەوەی ڕێکخستن
نیە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگایەکی سیاسی، کۆکردنەوەی پێشنیارەکان و
چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان؛ خۆی بەجێی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بڕیاردان
نادات.