بەرەو بیرکردنەوەیەک لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان
کوردستان 1 کاتژمێر پێش ئێستا
نوسینی : ئاراس تالب رشید (پشکۆ )
ئەڵمانیا / برلین
بەشی یەکەم
لە مێژووی ململانێکانەوە بۆ قەیرانی دیموکراسی ، بۆچی پێویستمان بە پرسیارێکی نوێ هەیە؟
لەم زنجیرە شیکاریەدا هە⁰وڵ ئەدەین لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە واقیعی سیاسی هەرێمی کوردستان خوێنەوەی بۆ بکەین ، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوەی شێوازی باوی( تەقلیدی) لە گوتاری سیاسی و گێڕانەوەو ڕوماڵی مێژوی ڕابردوو کە چی ڕویدابێت یاخود ئەوانەی لەو سەردەمە مێژویانەدا کە ڕویانداوە چی کاریگەری و پاشماوەیەکی لەسەر هزرو بیرکردنەوەی کۆمەڵگای سیاسی کوردی بە جێ هێشتوە ، ئەوەی جێێ تێڕامانە زۆرجار ڕوداوە مێژویەکان دەبنە کڕۆکی پاساودانەوە بۆ ئەوانەی ئێستا کە ڕودەدەن و دووبارە تێ هەڵکێشی زۆربەی گوتارە ورژێنەرەکانی سەر میدیاکانی ئەم سەردەمەیان دەکەنەوە ، لەسەر یەک فۆرم و رەتم دەینوسن وباسی دەکەنەوە . هەرچی لەم زنجیرە وتارەدا دەمانەوێت وەک پەیامێک بە خوێنەری بگەیەنین و پاشان لای خۆی پرسیاری لا دروست بێت و بکەوێتە بارێک لە ئەرگومند (جدل) ێک یاخود گفتوگۆ و پرسیارێکی لۆژیکی بە دوای خۆیدا بهێنێت ، کە ئاخۆ دەکرێت بە دوای بیرکردنەوە لە ئەلتەرناتیڤێک لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا بگەڕێت ؟ ڕونتر بڵێین کە ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقع دەبینرێت کۆمەڵگای کوردی کراوە بە کۆمەڵگایەکی سیاسی بێ سەروبەر و بێ دیسپلین ، بەرهەمی ئەو کۆمەڵگایەش پیرۆزکردنی حزب و گروپ و دەستەو بنەماڵەو کەسێتیەکانی لێ کەوتۆتەوە ، لە کاتێک و سەردەمێکدا کە هێشتا میللەتی کورد نەگەشتبێتە ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆی و هێشتا لە قۆناغی خەباتی ڕزگاری خوازیدا مابێتەوە و زۆری ماوە تاوەکو بە تەواوی ئامانجەکانی خۆی لە سەروەری بۆ خاک بۆ نیشتمان بەدەست بهێنێت ، ئێمە دەڵێین دووبارە ئامانجمان لەم زنجیرە ووتارەدا دوبارە نووسینەوەی مێژوو نیە، ناشمانەوێت قوڵ ببیەوە لە وردەکاریەکانی هەر قۆناغێک کە میللەتی کوردی پێدا تێپەڕیوە یا پیایدا تێ دەپەڕێت ، بەڵکو ئامانجمان پێشکەشکردن و خوێندنەوەیەکی هێمنانە و ڕەخنەگرانە یە بۆ دۆخی ئێستای پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە ناوچەکەدا، و چۆن دەتوانین بەدیل یان مۆدێلێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی لەبەرچاو بگرین کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵی سیاسی کورد و بارودۆخی ئێستایدا بگونجێت.
هەرلەم زنجیرە ووتارەدا ئامانجمان لێی هێرشکردنە سەر کەس و یا تاوانبار کردن و بێ تاوان کردنی هیچ کەس و لایەنێک نیە ، بەڵکوو وروژاندنی پرسیارێکی بنەڕەتیە لەناو عەقڵی سیاسی کوردا ، کە ئایا ئامرازە سیاسیە تەقلیدیەکان هێشتا توانای بەرهەمهێنانی داهاتوویەکی جیاواز وگۆڕانیان هەیە؟ یان پێویست دەکات بیر لە خودی فۆڕمی خودی پرۆسەی سیاسی بکەینەوە؟ ئەمە ئەو چەند پرسیارەیە کە دەبێت وەڵامەکانی لەم زنجیرە وتارەدا وەڵام بدرێنەوە ، بۆیە لێرەوە بە چەند بەشێک دەچینە ناو بابەتەکەوە ، کە هیوادارین خوێنەر تا کۆتایی ئەم زنجیرە ووتارە لە گەڵماندا بەشدار بێت .
لە ململانێی مێژوویەوە بۆ پێکهێنانی هۆشیاری سیاسی کورد
ئەگەر پێداچوونەوەیەکی خێراو کورت بە مێژووی سیاسی کوردا بکەین ، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە میللەتی کورد بەرگەی هەلومەرجی زۆر سەخت و نالەباری گرتوە ، کە لە زۆربەی وێزتگەکانی ڕوداوە مێژویەکاندا دەکرێت بوترێت دژبەیەک وپڕ لە ئالنگاری ئاستەنگ بۆتەوە ، بەردەوام لە هەوڵی گۆڕانی ڕێباز و ڕەوتی پرۆسەی سیاسیدا بووە ، میللەتی کورد هەرگیز زەمینەیەکی سیاسی سەقامگیری بە خۆوە نەبینیوە ، بەڵکو هەمیشە لە دڵی جوگرافیایەکی ناجێگیردا ژیاوە ، واتە هەمیشە قوربانی پێگەی جیوپۆلتیکی خاکی کوردستان بۆتەوە ، لە نێوان ئەو سنوورانەی کە بۆی کێشراون و دووبارە کێشراونەتەوە ، یا بونەتە قوربانی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان ، کە زۆرجار بوونی شوناسی میللەتی کوردی تیادا پشتگوێ وپەراوێز خراوە ، خاکی کوردستان لەو ڕێکەوتنانە دابەشکراوە ، یان مافی سروشتی کوردی بۆ چارەنووسیان لێ زەوت کراوە . لەو واقیعەدا تەنیا گێڕانەوەی مێژووی میللەتێک نیەو تێپەڕی بێت ، بەڵکو ئەو ڕوداوانە بونە بناغەی بنیات نانی گۆڕانکاری مێژوویی لای کورد و ئەزمون و هۆشیاری سیاسی کوردی لەسەر بنیات نراوە ، لەوانە ( ناکۆکیە ناوخۆیەکان ، هەروەها بەرگری کردن لە شوناسی نەتەوەیی کورد ، یاخود پەراوێز خستنی کورد لە پرۆسەی سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا ، ، ڕوبەڕو بونەوەی لە گەڵ ڕژێمەکانی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، پاشان هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێن پێگەی لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە ) ، ئەمانە گشتی ئالنگاری و ئاستەنگ بون بۆ گۆڕینی شێوازی خەباتی نەتەوەیی کورد بە پێێ ئەو بارودۆخانەی پێیدا تێپەڕیوە کە ئاماژەمان پێ کردن . بۆیە هەر قۆناغێکی مێژووی سیاسی کورد فۆرمێکی نوێی خەباتی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئاراوە و لایەنی کەم توانیویەتی لە گەڵ ئەو بارو دۆخەدا هەڵبکات کە هاتبوە ئاراوە ، هەروەها بەپێی هەلومەرجەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لەگەڵ ئەو واقیعەدا لایەنی کەم خۆی گونجاندوە .
لە خەباتی چەکداریەوە بەرەو سیاسەتی مەدەنی
بەدرێژایی خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد و لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردا، هەمیشە بە قۆناغی جیاوازی خەباتدا تێپەڕیوە لە هەر قۆناغیکیشدا ئەزمونێک یا وردتر بڵێین وانەیەکی وەرگرتوە ، جا ئەگەر سەرکەوتنی بەدەست هێنابێت یاخود لەو پرۆسەی خەباتەدا شکستی لێ بەسەر هاتبێت ، بە هەر شێوازێکیش بوبێت بە پێی بارودۆخی بابەتی ئەو قۆناغەدا پێداچونەوەو هەڵوێستێکی بابەتیانەی وەرگرتوە لە گەڵ گونجانی بارو دۆخەکەدا هەڵی کردوە . ئەتوانین هەندێک لەو قۆناغانەی خەباتی سیاسی میللەتی کورد بە جۆرەکانیەوە پۆلێن بکەین بۆ چەند جۆرێک لەوانە ( خەباتی چاکداری و توندو تیژی ، دانوستان و سازان لە گەڵ هێزی بەرامبەردا یا رژێم ودەسەڵاتدارانی حکومەتدا ، دبلۆماسیەتیشی وەک پرۆسەیەکی ئاشتیانەو مۆدێرنانە لە پەیوەندیەکانیدا گرتۆتە بەر ، دیالۆگ وەک پرنسیبەکانی دیموکراتیەت بۆ هەر قۆناغێک لە خەباتدا بەکارهێناوە ،لەو قۆناغەدا ڕێبازێکی ڕون بووە تا لایەنی کەم لێک تێگەشتن و لێک نزیک بونەوە بۆ چارەسەری کێشەو ململانێکان بدۆزێتەوە ، پێکهێنانی پرۆسەی کاری ڕێکخراوەیی وحزبی سیاسی لە سەر بنەمای دیسپلین و پابەند بون بە ئایدلۆژایاوە ،پاشان شۆڕشی چەکداری و ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕێکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دواجاریش بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی فەرمیدا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی ، یا جیاوازی و کێبڕکێێ حزبایەتی کە گشت ئەوانەی تاقی کردونەتەوە یا تێپەڕاندوە ، ئەوانەی ئاماژەم پێدان هەریەکەیان بۆ خۆی لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی خەباتدا هەنگاوێک بووە بەرەو پرۆسەی سیاسەتی مەدەنی لە چوارچێوەی قەوارەیەکی نافەرمیدا خەبات وهەوڵی بۆ داوە ، کەواتە هیچ حزب و ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکی سیاسی نەبووە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان لەگەڵیدا خەریک نەبووبێت و تاقی نەکردبێتنەوە ، جا چی نەتەوەیی بوبێت، یاخود چەپ ، دواجاریش حزب وبزوتنەوە سیاسیە ئیسلامیەکان بوبێت ، هەندێک جاریش زۆر رادیکالانە چۆتە ناو پرۆسە سیاسیەکانەوە وئیلهامی لە ئەزموونی شۆڕشە جیهانیەکانەوە وەرگرتوە ،کەواتە ناکرێت ئەو ئەزموونانە بە شکست هەژماریان بکەین ، یاخود بە چاوی بێ بەها تەماشا بکرێن ، بەڵکو ئەوانە بڕگەیەکی پێویست بوون لە گەشتی سیاسی گەلێکدا کە بەدوای ناسنامەی سیاسی و مافە نەتەوەیەکانی خۆیاندا بگەڕێت .
ڕاپەڕین و دامەزراندنی سیستەمی سیاسی نوێ
ئەگەربگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ، ئەو قۆناغە بۆ خۆی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەیی کوردا ، چونکە گەلی کورد توانی بەشێکی زۆر لە باشووری کوردستان ئازاد بکات و پەرلەمان و حکومەت دابمەزرێنێت و بۆ یەکم جاریش بوو خەڵکی کوردستان یەکگرتوو گشتگیر بوون لە ئەزمونی خەباتێکی نوێی ڕزگاری خوازی گەلی کوردا ، لە هەمان کاتدا وەک ئامرازێکی بەرگری درێژە بە خەباتی چەکداری بگوازێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی مەدەنی. هەرلەو ساتەوەختەوە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد چووە قۆناغێکی نوێوە ، قۆناغێک لە بنیاتنانی دامەزراوەیی، وپێکهێنانی حزبی سیاسی مۆدێرن وشارستانی ، پاشان لە هەموی گرنگتر بۆ یەکەم جار بوو پرۆسەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستاندا پراکتیزە بکرێت .بەڵام سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریە بەرچاوانەی کە ئاماژەم پێدان، هێشتا ئامرازە کۆنەکانی پرۆسەی حزبی تەقلیدی زۆر بەزەقی ئامادەیی هەبوو ، بۆ نمونە هێزی چەکداری هەر لە ژێر هەژمونی حزبدا مایەوە ، پارتە سیاسیەکان هێشتا لە ململانێی تەقلیدی بەرێوە دەچون ، ئایدلۆژیای ڕەق هەر لە هزرو بیری زۆرێک لە سەرکردایەتی بزونتەوەی سیاسی حزبیدا تا دەهات توندتر دەبۆوە ، ململانێی ناوخۆی نێوان حزبە سیاسیە تەقلیدیەکان کۆتایان پێ نەهاتبوو ، ڕکابەری حزبی زۆر بە زەقی بەسەر بنکەی جەماوەری حزبەکاندا تا دەهات توند تر دەبونەوە ، لە خاڵێکی زۆر ناوازەی ناشازدا دابەشکردنی دەسەڵات تا دەهات زیاتر دەبوو لە نێوان حزبە سیاسیەکانی کوردستان سەرباری ئەوەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن ودیموکراسیشدا تێپەڕی بوون ، لە گشت ئەوانە مەترسیدارتر کاریگەری هێزی چەکداری سەربازی و سیاسی کە تا ئەمڕۆش کاریگەری بونی هەر ماوە .هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە ڕوبەڕووی ئاستەنگ وئالنگاری زۆری پێکهاتەیی بێتەوە.
بۆچی پرۆسەی سیاسی نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی ؟
بۆ ئەوەی زیاتر لە ناوەڕۆک و ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە نزیکتر بینەو ، ئەوە ئێمە ناڵێین هەموو هەوڵەکان شکستیان هێناوە ، یا مەبەستمان بێت لە بەهای خەباتی درێژخایەن کەم بکەینەوە . بەڵام لە ڕێگەی شیکردنەوەیەکی هێمن و ڕەخنەگرانە، دەبینین کە پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا بە چەند هۆکارێک نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات ، لەوانە : بارو دۆخی سەختی بابەتی ناوچەیی و ناوخۆیی تا ڕادەیەکی زۆریش نێو دەوڵەتی ، خاڵێکی تری گرنگی تریش دابەشبونی حزبایەتی ، لە ژێر چەتری حزبی تەقلیدی کە خەڵکی کوردستانی لەسەر دابەش کرا ، پاشان نەبونی دامەزراوەیی بەهێز کە ڕۆڵی ڕێکخستنی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر دامەزرێنێت ، لەوانەیە خاڵێکی تریان تا ڕادەیەک بۆ ئێشتاش هەر وابێت کە بڵێین لاوازی ئۆپزسیون ، کە نەیانزانیوە پێگەی خۆیان بدۆزنەوە نەشیان توانیوە ڕۆڵی ئۆپزسیونی سیاسی ببینن . لەسەروو ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێدان کە دەکرێت بە جەوهەری گشت ململانێ و کێشەو ئالنگاریەکان هەژمار بکرێت ، ئەویش نەبونی دەستورە بۆ هەرێمی کوردستان ، خاڵێکی تر لە وەی کە بۆچی ئێمە نەمان توانیوە بگەین بە ئامانجەکانمان ، ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە کاریگەری و هەژمونی چەک لە سیاسەتی بەرامبەر یەکتر باڵادەست وزەقتر بووە ، ، پاشان زۆر بونی حزبی تقلیدی و جۆری دوبارە بونەوە لە پرۆسەی کاری حزبایەتیدا هۆکار یا فاکتەرێکی تری ئەو ئالنگاریانە بوە لەبەردەم پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ، هەر ئەوە وای کردوە فەرەیی لە ڕێبازو ئایدلۆژیای پەرش و بڵاو سەر هەڵبدەن بێ ئەوەی لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ زەرورەتی بونی ئەو ئایدلۆژیاوحزبانە بکرێت کە ئاخۆ تا چەند لە گەڵ خواستی واقعی تێگەشتنی عەقڵی خەڵکی کوردستاندا یەکانگیر دەبنەوە ، دوا جار دەڵێین مۆدێل و فۆرمێکی نوێی پرۆسەی سیاسی حزبایەتی کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگای کوردیدا یەکانگیر بێت و بگونجێت بونی نەبووە ، بە تێپەڕ بونی کات دەرکەوتوە کە دیموکراسی حزبی تەقلیدی توانای بەرهەمهێنانی چارەسەری نوێێ پێ نیە ، بۆیە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە دۆخی چەقبەستویی .
بۆچی پێویستمان بە پرسیارێکی نوێ هەیە ؟
دوا خاڵی ئەم بەشە لەم زنجیرە وتاری لێکۆڵێنەوەیەدا ئەو پرسیارانەیە ،کە ئاخۆ دوای هەموو ئەم ئەزموونانە و ئەم هەموو گۆڕانکاریە و ئەم هەموو مێژووە دورو درێژە ، پێویستمان بە پرسیارێکی نوێ نیە بیخەینە ڕوو ؟
ئایا مۆدێلی حزبی تەقلیدی هێشتا ئامرازی گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان ؟
یان پێویستە مۆدێلێکی نوێ لەبەرچاو بگرین کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگەی سیاسی کوردی و بارودۆخی ئێستای باری کۆمەڵایەتی سیاسی بگونجێت ؟
ئەم پرسیارە هێرش نیە بۆ سەر پارتە سیاسیەکان، نە بانگەوازێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە خودی پێکهاتەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان .
سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە لە تۆڕی ئەلکترۆنیەوە
1-UN Peacemaker
Parties 16 June
DEMOCRACY WITHOUT POLITICAL PARTIES:
CONSTITUTIONAL OPTIONS
Michael Riegner and Richard Stacey
Center for Constitutional Transitions at NYU Law
دیموکراسی بەبێ لایەنی سیاسی بژاردەی دەستوری
مایکل ڕیگنەر و ڕیچارد ستایسی
سەنتەری گواستنەوە دەستوریەکان لە یاسای NYU
https://peacemaker.un.org/sites/default/files/document/files/2022/07/demcracywithoutpoliticalparties2014.pdf (دیموکراسی بەبێ لایەنە سیاسییەکان2014_0.pdf)
2 - SAGE Journals
داهێنانی دیموکراسی بەبێ پارتە سیاسیەکان دەبێ بیری لێ نەکرێتەوە
Democratic innovation without political parties should be unthinkable
https://journals.sagepub.com/doi/pdf/10.1177/13540688251319517?download=true
3 - philosophy.institute
گەڕان بەدوای جۆرەکانی دیموکراسی, لە نوێنەرەوە بۆ کۆسمۆپۆلیتی پەیمانگای فەلسەفە
Exploring the Varieties of Democracy: From Representative to Cosmopolitan • Philosophy Institute
https://philosophy.institute/social-political/exploring-varieties-democracy/
4 - Cambridge University Press & Assessment
لە دەرەوەی دووانەیی تێکەڵکردنی تەکنۆکراسی و دیموکراسی لە ئەوروپا پێداچوونەوەی زانستی سیاسی ئەوروپی کامبریج کۆر
Beyond dualism: the hybridization of technocracy and democracy in Europe | European Political Science Review | Cambridge Core
https://philosophy.institute/social-political/exploring-varieties-democracy/
5 - Cambridge University Press & Assessment
ئایا دەتوانین بەبێ سیاسەتمەداران بژین؟ پێداچوونەوەیەک بە سیاسەت بەبێ سیاسەتمەداران دۆسیەکە بۆ حوکمڕانی هاووڵاتیان. هێلین لاندمۆر. (ئالن لەین، ٢٠٢٦). | زانستی سیاسی ئەوروپی | کامبریج کۆر
Can we do without politicians? A Review of Politics without Politicians: The case for citizen rule. Hélène Landemore. (Allen Lane, 2026). | European Political Science | Cambridge Core
https://www.cambridge.org/core/journals/european-political-science/article/can-we-do-without-politici