مەلا بەختیار گۆڕانکاری ناوچەکە دەخاتەڕوو
لەسەردانەکەیدا بۆ رۆژئاوا، لەسەر داوای کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنی و سیاسی و رووناکبیریی، رۆژی (٢٦ی ٤)، لەشاری لۆڤن، جڤاتێکی سازدا و رۆژی دواتریش لە شاری (گینت)، دووەم جڤاتی بۆ رێکخرا.
لەهەر دوو جڤاتەکەدا بەڕێز مەلا بەختیار، هەمەلاینە شرۆڤەی بۆ دۆخی جیهان، ناوچەکە و کاریگەرییە سیاسی و ستراتیژیی نوێی زلهێزەکان و ئەگەرە سیاسییەکانی لەمەودوای ناوچەکە و بەشەکانی کوردستان، لێکدایەوە.
لەجڤاتی یەکەمدا، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار، روونیکردەوە، کە لەدوای جەنگی یەکەم، بەریتانیا و فەرەنسا، غەدرێکی گەورەیان لە دۆزی کوردستان کرد، کەچی کاتێک ئەو وڵاتانە کەوتنە بەر هێرشی نازیی و فاشییەکان، نەتەوەی کورد لەبەرەی دژایەتی نازیزمدا هەڵوێستی وەرگرت. هەلپەرست نەبوو بۆ قۆستنەوەی ناکۆکییەکانی جەنگەکە! وەکو ستالین، کە لەسەرەتاوە پشتیوانی هیتلەری کرد.
کەچی بەداخەوە، دوای سەرکەوتنی بەرەی هاوپەیمانان، لایەنی کەمی ئاوڕیان لەکێشەی کورد نەدایەوە و کەوتینەوە ژێر دەستی شڤێنێتی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە.
ئەو دۆخە سیاسییە نالەبارە تەواوی سەردەمی جەنگی ساردی خایاند و کورد کەوتە ناو بەرداشی بەرژەوەندی هەرە زیانبەخشی زلهێزەکان، هەتا گەیەنداریە ئەنفال و کیمییابارانیش.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە عیراق کوێتی داگیرکرد، سەرەتای گۆڕانکاری هاوکێشەکان هاتە ئاراوە، کوردایەتیش شوێنێکی بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی پەیدابوو، کە تا ئيستاش بەردەوامە.
وتیشی: حکومەتی هەرێمیش زادەی گۆڕانکارییەکانی سەردەموکەیە، سەرەڕای تەنگوچەڵەمەکانی، هەتا هەنوکە بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی ناکرای چاو لە هەڵەکانی بپۆشرێت، هەروەک ناکرێ لایەنە خزمەتگوزارییەکانیشی نەبینرێت.
بەڕێز مەلا بەختیار، راشیگەیاند: گرنگە بزانرێت لە ئەنفالەکانەوە گەیشتبوینە ئەو ترس و بیمەی تەواوی کورد رابگوێزرێت، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە چاودێریمان دەکرێت و پیلانمان لەدژ دەگێڕدرێت، کە نەگا کوردستان بگاتە سەربەخۆیی. دۆخی ئەنفال و دۆخی دوای ئێستا، ئاسمان و رێسمانی نێوانە، کە بەداخەوە گەندەڵی و رانەپەڕاندنی ئەرکەکان وایانکردووە، ناڕەزایەتییەکی زۆر دژی دەسەڵات سەرهەڵبدات! هەربۆیە لەدوا هەڵبژاردندا، لە٦٩٪ی خەڵک، دەنگیان بە حزبەکانی دەسەڵات نەدا!
هەروەک لەجڤاتی دووەمیدا، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار، باسی نەهامەتییەکانی کورد، لە دوای کۆماری مەهاباد و بەڵێنشکێنی سۆڤییەتی بەرامبەر بەکورد کرد.
کە دۆخی شکستی کۆمار، چ کاریگەرییەکی نالەباری لەسەر سەرجەم خەبات و هەستی نەتەوایەتی هەبووە.
چۆن تروسکاییەک لەلایەن زلهێزەکانەوە بەرامبەر کێشەی کورد و ئەرمەن و فەڵەستین نەبووە. بەڵکو بە تەواوی توانای تەکنەلۆژیای جەنگینەوە، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی جیهان پشتیوانی دەوڵەتانیان کردووە، دژی دیموکراسی و کوردایەتی لەناوچەکەدا.
ئینجا، لە جەنگی سارددا، جەمسەرەکانی زلهێزەکان، بە سیاسەتی کلاسیکی داگیرکاری، یان ململانێی نێودەوڵەتی، دروستکردنی چەکی کوشندە، ج دۆخێکی ترسناکی لە تەواوی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاتە ئاراوە. گەلانی وەکو کورد،، چۆن دەکرانە قوربانی ئەو سیاسەتانە. ئەگەر لە دوای داگیرکردنی کوێتەوە کوردستانی عیراق، شانسی سەرکەوتنی بۆ رەخسابێ. ئەوا لەم دۆخەدا، لە دوای ستراتیژی نوێی ترامپ و کۆمارییەکان، ئاڵوگۆڕی خێرا رووی کردۆتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەکارهێنانی چەکی نوێچەشن لەغەزە، باشوری لوبنان، یەمەن و تاڕادەیەک لەسوریا. هەروەها جیهانبینی ئابوری سیاسی ئەمریکا، بۆ جەنگی ئۆکراین، بەستنەوەی ئێران بەرێککەوتنی ئەتۆمی و سیاسی و ئاسایشی نوێوە، روخاندنی بەشار ئەسەد و تەفرو توناکردنی سوپاکەیی و چەکە کوشندەکانی، هاوکات، هێرشی پەیتا پەیتا بۆ سەر یەمەن و تێکشکاندنی توانای موشەکە دور و هاوێژەکانی، سنوردانان بۆ عیراق.. تاد.
ئەو رووداوانە تێکڕا، رچە شکاندنی دۆخێکی نوێی جوگرافی- سیاسین. بەشەکانی کوردستان یەکەمینجار، هاوشانی کوردستانی عێراق، دەکەونە ناو دۆخێکی سیاسی کە ئەگەری گۆڕانکارییەکانی لە قازانجی بەشێکی مافە دیموکراسییەکانی نەتەوەی کوردە.. هەر لەبەر ئەم دۆخە نوێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە.
بەڕێز ئۆجەلان دەرگای ئیمرالی کردۆتە روانگەی ستراتیژی نوێی و پرۆسەیەکی نوێی سیایس.. کە رەنگە هەنگاوی تری پۆزەتیف بێنێتە ئارای سیاسییەوە، دوور نییە لەقۆناغی یەکەمدا، نیمچە ئازادی بدرێتە بەڕێز ئۆجەلان.. هەتا بتوانێ باشتر پرۆسەی ئاشتەوایی بباتە پێشەوە!!
هەر لەناو ئەو دۆخەشدا.. بەڕێز مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، رێککەوتنی سەرەتاییان مۆرکرا و دەستەبەری ئەمریکاشی هەبووە. پشتیوانی نێودەوڵەتیش کرا. لەم بارەوە، دەستخۆشی لە رێککەوتنی پەیەدە و ئەنەکەسە کراو بە هەنگاوێکی هەرە گرنگ بۆ قۆزتنەوەی هەلی سیاسی سوریا زانرا.
لەهەردوو جڤاتەکەدا، زۆرترین کات درا بە میوانانی ئازیز، بەو پەڕی راشکاوی و ئازادانە دیالۆگیان لەسەر کۆی دۆخەکە و هەر پرسیارێکی دیکەشیان کردبێ، مشتوماڵی رووداوەکان کرا. بەگشتی رەوەندی کوردەواری.. چاوەڕێی ستراتیژی کوردایەتی نوێین لە بەشەکانی کوردستاندا.