(سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی - پرسی کوردبوون- د.مەجید ساڵح) کتێبێکی نایابە
کوردستان 5 کاتژمێر پێش ئێستا
مەلا بەختیار
وا چارەکی یەکەمی هەزارەی سێهەمی جیهانگیری و شۆڕشی خێرایی تەواو دەکەین و دەشگەینە ژیری دەستکرد، وەلێ:
هێشتا کورد، نەک بۆ ئەم سەردەمە، بەڵکو بۆ مێژووی خۆیشی، لێکۆڵینەوەی زانستی هەمەلایەنەی نییە. مێژوومان، کۆن و نوێ، نوقمی خیانەت، چەواشەکاری، هەڵگەڕانەوەو خورافاتە؛ بەڵام ژێردەستەیی و عیشقی ئازادی و هەستی زاڵی کوردایەتی، وای لە زۆربەی نوسەرانی کردوین، تەنها لایەنە گەشەکانی مێژوومان، بەتایبەت مێژووی نوێمان، باس بکەن.
دەسەڵات و مێژوونوسانی نەتەوە باڵادەستە ستەمکارەکان، بەئارەزوی قەڵەمڕەوی نەتەوەییان، مێژووی خۆیان و ناوچەکەیان نوسیوە. غەدرێکی بێڕادەیان لە پێکهاتە نا عەرەب و ناتورک و نا فارس لەناوچەدا کردووە. بەگشتی، نەبونی میتۆدی زانستی ڕەخنەگرانەی مێژوونوسین، هەژمونی تێگەیشتنی زیانبەخشی لەناو خوێنەران و خوێندنگاکان، لەسەر روداوەکانی مێژوومان دروستکردوە. بگرە نەبونی میتۆدی رەخنەگرانە، هۆکاری سەرەکی مانەوەی هەژمونگەری کولتوری نەتەوە باڵادەستەکانە، لەسەر نەوە دوای نەوەمان. تەنانەت هەتائێستاش ئاسان نیە، لاپەڕەکانی مێژووی چەواشەکراومان، یان ڕوداوە تراژیدیەکانی نەژادی کورد هەڵبدرێتەوە.
نەتەوە نییە لەسەر زەمین، بەئەندازەی کورد، لە باسنەکردنی کولتوری داگیرکردنمان بەدرێژایی مێژوو خۆپارێز بێ!! هەرکە باسی کارەساتەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەکرێ، دەیان نوکە قەڵەمی ژەهراوی و سەدان کۆمێنتنوسی ڕقاوی، دەوروژێن و زەردەواڵەئاسا چزوی ڕقیان دەچەقێننە رەخنەگرانی مێژووی چەواشەکراوی سەپێنراو. کە پێمانوایە هەتا کورد، بوێرانە هەژمونی کلتوری داگیرکاری، لەژێر هەر پەردەو پاساوێک داگیریان کردبین، زانستیانە دانەماڵێ، بەردەوام لەناو بازنەی داخراوی کلتوری داگیرکەراندا، گێژ گێژ، دەسوڕێتەوە. هەڵبەتە ناکرێ ئاماژە بەوە نەکەین، کە لە دوای راپەڕینەوە، چەندین کتێبی دانسقە لەسەر مێژووی کۆن و نوێ زانستیانە نوسراون. بەڵام ژمارەیان لەچاو ئەو کتێبانەی رەواج بە هەژمونی چەواشەکاری مێژوو دەدەن، ئێجگار کەمە. زیانی هەرە کاریگەری ئەو قۆناغە نەتوێژراوانەمان، سەرهەڵدانی وەچەی دوای وەچەیە، کە نەتوانراوە لە قۆناغەکانی خودپارێزی، بۆ تێگەیشتنی مۆدێرن، بگۆڕدرێن.
د. مەجید ساڵح، پار (2024)، کتێبێکی زانستیانەی رەخنەگرانەی، بەناونیشانی (سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی، پرسی کوردبوون) لە (٣٢٩) لاپەڕەدا، بەرهەمهێناوە؛ کتێبەکە (287) ناونیشانی گرتۆتەخۆی؛ سوودی لە (٢١٧) سەرچاوەی عەرەب و کورد و فارسی، هەروەها ١٢ چاوگی ئینگلیزی وەرگرتوە. کتێبەکە لە هەموو بارێکەوە، نایابە. دەتوانین بڵێین:
یەکێکە لە سەرچاوە هەرە باشەکان، کە لەسەر مێژووی سەلاحەدین و روداوەکانی سەردەمەکەی و ئەو سەرچاوانەی کە باسی کردوون، نوسرابێ. نە پیاهەڵدانی بێبناغە لەکتێبەکەدا زاڵە؛ نە لە مێژوودا هەڵدێرانی سەلاحەدینیش، لەبابەتەکاندا، دەخوێنرێتەوە.
لەم کتێبەدا، ئەشیعەی سەلاحەدین، باوک، مام، کەس و کاری.. هتد. هەروەها، لایەنی باش و خراپی ئەم رۆڵەیەی ئەیوبیەکانی گرتووە. جگەلەوە، بێ تەمومژ سەلماندویەتی سەلاحەدین کورد بووە، ئازا بوە، هۆشمەندی ناو هۆز، عێراق، سوریا و میسریش بوە، هاوکات سەلماندوشیەتی، سەڵاحەدین زۆربەی لەشکرەکەشی کورد بوون. ئەم ناساندنەی سەلاحەدین، گەلێ گرنگە. هێندە جوانیش بەڵگەکانی بۆ بۆچونەکان هێناوەتەوە، ئیتر نە ئەوانەی سەراپا سەلاحەدینیان رەشدەکردەوە، دەتوانن هەمان بۆچونیان لەسەری هەبێ. نە ئەوانەش زیاد لە ئەندازە سەلاحەدینیان هەڵدەدا، قسەیاکیان بۆ دەمێنێتەوە. خۆزگە کتێبەکە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی عەرەبی، بەڵکو عەرەب زمانیش واز لە چەواشەکردنی مێژووی سەلاحەدین بێنن.
د. مەجید ژیرانە دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، ئاوڕ لە قەڵەمڕەوی ئومەویەکان دەدا و باسی چۆنیەتی تێکشکانیان لە کوردستان روندەکاتەوە (بڕوانە لاپەڕە 27). هەر لە درێژەی ئەم باسەدا، باسی ستەمکاریی عەرەبەکان دژی کورد، جوان لێکدەداتەوە (بڕوانە لاپەڕە 28). لەدرێژەی ئەم ستەمکاریەدا، بە بەڵگەوە باسی جیاکاری و ستەمکاری خەلیفە (ئەبو ئەفزەل جەعفەر ئەلمتەوەکل علی اللە) دەکات، کە چۆنچۆنی مەزهەبی شافعی پەیڕەوکردوە و رەفتار و جل پۆشینی نەشیاوی بەسەر جولەکە و مەسیحیەکان و ئەهلی زمەدا، سەپاندووە (بڕوانە هەمان لاپەڕە 28). باسی ئەوەشی بە رۆشنی کردووە کە خەوارج چۆن پەنایان بۆ کوردستان و شارەزوور بردووەو کوردیش داڵدەی داوون. بیری نەچووە باسی دووپشکی شارەزوریش بکات کە چی بەسەر ئەو هێزانە هێناوە. (بڕوانە لاپەڕەی ٢٤و٢٦).
سەلاحەدین یەکەمین سەرکردەی ئیسلامیش بوو، توانیویەتی بەرەی لێکترازاوی ئیسلام–عەرەب، رێکبخاتەوە (بڕوانە لاپەڕە 53). سەرەڕای ئەمەش د. مەجید دەریخستووە کە عەرەبەکان لەگەڵی باش نەبوون، بەڵکو دژیشی بوون(بڕواننە لاپەڕە 255). بەڵێ ... لەم کتێبەشدا هاتووە کە سەلاحەدین لێوەشاوانە سەرکەوتووە و جگە لە سەرکەوتنەکانی لە شام و لوبنان و تورکیا و میسر و کوردستان، قودسی رزگار کردووە. سەرکردەیەکی دادپەروەریش بوە. تەنانەت هەندێک جار لەگەڵ دوژمنەکانیشیا دڵڕەق نەبووە. ئەم خەسڵەتانە بەسەر مێژوو و دەسەڵات و راپەڕینی سەلاحەدین زاڵە. بەڵام هەر ئەم پیاوە مەزنە دیلیشی کوشتوە (بڕوانە لاپەڕە 145). تاوانیشی ئەنجام داوە (بڕوانە لاپەڕە 148).
لەشکرەکەی.. کە بۆ رزگاری قودس ساز داوە، کەمترین عەرەب، زۆرترین کورد، ئاشوری و ئەرمەنی، هەروەها ئێزدیش بوون (بڕوانە لاپەرە 154). ئەوکاتە دژی گەندەڵی بوو (بڕوانە لاپەڕە 163). تورک.. لەگەڵ سەلاحەدین باش نەبوون، بەڵکو تورکەکان دوا پاشای ئەیوبی دەکوژن (بڕوانە لاپەڕە 181). بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەیوبی لەسەر دەسەڵاتی تورک دێ!! بەمەشدا دەردەکەوێ لەو سەردەمەدا دوو میللەتی گەورەی ناوچەکە (عەرەب و تورک) دژی سەلاحەدین بوون. سەلاحەدینیش دەسەڵاتی ئیسلامی لەو پەرتەوازەییە رزگار و قودسیش سەرفراز دەکات.
هەر ئەم سەلاحەدینە کە دەبێتە حاکمی میسر، وەنەبێ تەنها دادپەروەری و جوامێری نواندبێ.. بەڵکو کاتێک دەرەقەتی هێزی چەکداری فاتمی-سودانیەکان لە قاهیرە نایەت، بڕیاردەدات گەڕەکەکەیان بسوتێنن (بڕوانە لاپەڕە 79). ئینجا هەر لەوکاتەدا سەلاحەدین بێویژدانیەکی گەورە ئەنجامدەدا (بڕوانە لاپەرە 84).
وا باوە کە سەلاحەدین تەنها بە شەڕ و ئازایەتی قودسی رزگار کردوە. ئەمەیان راستە، بەڵام سەرەنجامی کێشە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی، سوڵتان کامل کوری سولتان عادل ناچار بوو لەگەڵ خاچپەرستەکان رێکبکەوێ و قودسیان تەسلیم بکاتەوە، بەمەرجێ لە چەک دابماڵرێ (بڕوانە لاپەڕە 172). ئێستاش لە غەزە خەریکە هەمان سیناریۆ دەسەپێنرێتەوە.
ئەم کورتە وتارە، هەرگیز ناتوانێ تەواوی کتێبەکە، کە گەلێ بابەتی زۆرتری تیایە.. بە خوێنەر بناسێنێ، بۆیە بە گرنگی دەزانێت کە خوێنەری وشیاری چەقنەبەستوو، کتێبەکە بخوێنێتەوە، بەڵکو هەقوایە لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆندا، چەندین چاوپێکەوتن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ.
دوای خوێندنهوهی وردی بابهتهكانی كتێبهكه، بۆ خوێنهری كورد دهردهكهوێ، چهند پێویسته كورد، بهقوڵیی له مێژووی سهلاحهدین تێبگات و بهجوانییش لهم سهركرده ههڵكهوتووه، بۆ ئهو زهمان و زهمینهیه، سهرهڕای ئهوهی بۆ نهژادهكهی و نیشتمانهكهی خۆی هیچی نهكردووه، تێبگات. ههن دهڵێن: خۆ ئهوكاته رزگاری نهتهوهیی لهئارادا نهبووه؛ وهكو پرسی رزگاری نهتهوهیی و دیموكراسی لهو سهردهمهدا بۆ هیچ نهژاد و ئهتنیكێك لهئارادا نهبووه. ئهمهیان راسته. بهڵام سهلاحهدین دهیتوانی، وهكو رۆمانیهكان، بیزهنتینیهكان، یان سهلجوقیهكان، یاخود عهباسیهكان و ئومهویهكان، پاشان عوسمانی و سهفهویهكانیش كاری گهوره بۆ كورد بكات. با بەناوی ئیسلامیشەوە بێ. بهداخهوه نهیكرد.
سهلاحهدینی ئهیوبی.. شایهنی رێزه و بۆ رۆژگاری خۆی ههڵكهوتووه. بۆیه كتێبهكه لهبارهی سهلاحهدینی ئهیوبیهوه، دانسقهیه!