نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ.. په‌یامی ئاشتی و راچه‌نینی نه‌ته‌وه‌ییه
مه‌لا به‌ختیار
راچه‌نین؛ به رای به‌نده، واتا: (یقظة)ی عه‌ره‌بی. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له رێڕه‌وی پێگه‌یشتندا، سه‌ره‌نجامی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن، هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌ی، نه‌گاته لوتكه‌ی راچه‌نین، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه، به‌ئاسانی له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی دونیا و ده‌وروبه‌ری، كارلێك ناكات. مه‌به‌ستمان كارلێكی شارستانییه به چه‌مكه هاوچه‌رخه‌كه‌ی. چه‌مكی (نه‌ته‌وه-دیموكرات).
كورد، جگه له‌وه‌ی له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، زۆرتر له میلله‌تانی تر به‌رگری له‌خۆی كردووه‌و قوربانییه‌كی بێشوماری داوه. راسته ئامانجه گه‌وره‌كانی به‌دینه‌هێناوه، به‌ڵام توانیویه‌تی شوناسی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و زمانه‌كه‌ی و به‌شی زۆری كلتور و خاكه‌كه‌ی بپارێزێت. له‌مه‌ش گرنگتر، هه‌ستی ده‌رونیی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌ی كورد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به زه‌بروزه‌نگی نه‌ته‌وه باڵاده‌سته‌كانی ده‌وروبه‌رمان، ئازاردراوه، به‌ڵام به‌هیچ هێزێك و به هه‌ژمونی هیچ ئاینێك، مه‌زهه‌بێك، كو‌لتور و ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوی فارس و تورك و عه‌ره‌ب، هه‌ستی هاوبه‌ش و داب و نه‌ریتی كورده‌واریمان، ریشه‌كێش نه‌كراوه. ئه‌مه له‌كاتێكدا هه‌ر له ده‌وروبه‌ری خۆمان، نهژادگهلێ له‌ناوچوون. ئه‌تنیكی تر، زۆر لاواز كراوون.
سه‌ده‌ی بیسته‌م، سه‌ده‌ی تراژیدیای نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو. ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و نۆزده‌هه‌م، سه‌ده‌ی سه‌ركوتكردن و روخاندنی میرنشینیه كوردستانیه‌كان بوبێ، به قه‌ڵمڕه‌وی ئایینی و چه‌كه سه‌ره‌تاییه‌كانی قڕكردن. به‌ڵام كورد به‌رسنگی له پیلانه‌كان گرتووه‌و سه‌ربڵند له دۆزه‌خی مێژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، خۆی گه‌یانده سه‌ده‌ی بیسته‌م. هه‌ر له به‌ره‌به‌یانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، پێش روخاندنی ئیمپراتۆریهتهكهكان، كورد ده‌كرایه پێخۆری به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریه‌ته‌كان. له سه‌روبه‌ندی جه‌نگی یه‌كه‌م به‌دواوه، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا، ستراتیژی خۆیان له رێكه‌وتنامه‌ی سایكسپیكۆدا (1916) داڕشت. تا ئێستا هه‌ڵه تێگه‌یشتنێك له‌م رێكه‌وتنه هه‌یه. نه فارس و نه عه‌ره‌ب و نه تورك، وه‌كو نه‌ته‌وه زیانیان له سایكس پیكۆ نه‌كرد. راسته عوسمانیه‌كان له‌ناوبران، به‌ڵام قه‌واره‌ی توركیایان بۆ مایه‌وه. هه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیاش سه‌پاندیه سه‌ر به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا، په‌یمانی سیڤه‌ر (1920) به په‌یمانی لۆزان (1923) بگۆڕێ. له گۆڕینی په‌یمانی سیڤه‌ره‌وه، چاره‌نوسی تراژیدیای نه‌ته‌وه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، نوسرا. هه‌تا داگیركردنی كوه‌یت و راگه‌یاندنی فیدراڵی كوردستانی عێراق، ئه‌و چارهڕهشییهمان بۆ مایه‌وه. به‌ڵام تورك و عه‌ره‌ب و فارس، سێ نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی دژه دیموكراسییان دروستكرد و له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌م و جه‌نگی دووه‌میشه‌وه، پارێزران و سه‌پێنران.
ئێستا له چاره‌كه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی سێههمداین. سه‌رده‌می سیڤه‌ر و لۆزان به‌سه‌رچوو. هه‌ژمونی ده‌وڵه‌ت-ئیقلیمیش، لاواز بووه. له‌بری ده‌وڵه‌ت-ئیقلیمی، سیسته‌مه‌كانی سه‌رمایه‌داری جیهان، به‌تایبه‌تی رۆژئاوا، به‌ره‌و سیسته‌م-جیهانیی ده‌ڕۆن. له‌م دۆخه‌دا ئه‌مریكا پێشه‌نگی پۆست ئیمپرپالیزمه. یه‌كێتی ئۆروپا هه‌ڵپه‌یانه، هیچ نه‌بێ لاواز نه‌كرێن. چین وه‌كو زلهێزێكی نهرمئاژوو، نه‌رم نه‌رم خه‌ریكی بره‌وپێدانی ستراتیژێتی، كه له‌سه‌ر ئاستی دونیا، فراوانكردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییه؛ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ریای باشوری چینیش، هه‌ژمونگه‌راییه. زۆرتر به هێزی ئابوری و ته‌كنیكی و ته‌كنه‌لۆژی به‌رهه‌مهێنانی زۆر و زه‌به‌ند، تا ڕاده‌یه‌ك به نرخی هه‌رزانتر، له سۆپهرماركێتهكانی جیهاندا، ته‌نگی به كاڵای وڵاتانی دیكه، هه‌ڵچنیووه! به‌ڵام له‌دوائه‌نجامدا، دژواره، هه‌موو نه‌خشه‌كانی بۆ بچێته سه‌ر. به‌تایبه‌تی دوای چاره‌سه‌ركردنی جه‌نگی ئۆكراین و ئاشته‌وایی ئه‌مریكا و روسیا.
له‌م هه‌لومه‌رجه جیهانییه‌دا، باشتر له دۆخی داگیركردنی كوه‌یت و لێدانی سه‌دام و راپه‌ڕینی كوردستانی عێراق، كه بۆ یه‌كه‌مینجار بوو، كێشه‌ی باشورمان، ئاوێته‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بوو. له‌م بارودۆخه‌دا، كه له كه‌وانه‌ی چاره‌سه‌ری جه‌نگی ئۆكرانیا و سه‌رخستنی پیلانی ستراتیژی ئه‌مریكا-ئیسرائیلداین له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا، دیارده‌ی ئه‌م سهرخستنهیش، روخانی به‌شار ئه‌سه‌د و توانای به‌رگری له‌ده‌ستدانی حه‌ماس و حزبوڵڵایه. هه‌روه‌ها ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ر عێراق هه‌یه و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌رامبه‌ر به ئه‌مریكا و ئیسرائیل، زۆر كه‌مبۆته‌وه. حوسیهكانیش كه‌وتنه به‌ر هێرشێكی بێئامانی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و پێشتریش ئیسرائیل. ئێرانیش ته‌نها كه‌وتۆته به‌رگری له‌خۆكردن.
ته‌واوی ئه‌م رووداوانه، خه‌ریكه سیمای سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كه‌نداو ده‌گۆڕن.
هێزه كوردستانیه‌كان، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستمان هه‌بێت له‌م گۆڕانكاریانه‌دا، یان كاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌ناو ئه‌م گۆڕانكاریانه‌دا، ده‌توانین بڵێین: مۆته‌كه‌ی ترسی ستراتیژیی پیلانگێڕان دژی كورد، له هه‌ر به‌شێكی كوردستان به‌پێی بارودۆخی تایبه‌تی، به‌گشتی له‌كۆڵ بۆته‌وه. چونكه به‌شی زۆری كاره‌ساته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌هۆی زلهێزه‌كانی دونیاوه به‌سه‌رمان هاتووه. ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمیش به‌هۆی زلهێزه‌كانی دونیاوه ده‌یانتوانی راپه‌ڕینه‌كانی رزگاریمان دامركێننه‌وه. بۆ نموونه: 16ی مانگ یادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه بوو. به فڕۆكه‌ی میراجی فه‌ره‌نسی و میك و سیخۆی شوره‌وی-روسیا، كیمیاباران كراین. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كۆمپانیاكانی هۆڵه‌ندا و وڵاتانی تر، كه‌ره‌سته‌ی چه‌كی كیمیاییان ده‌دایه عێراق. به‌ڵام گۆڕانكاریه‌كانی دونیا، سه‌راپا سیاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان، گۆڕیوه. هیچ ده‌وڵه‌تێك ئاماده نییه وه‌كو سه‌ده‌ی بیسته‌م، بۆ سه‌ركوتكردنی كورد، پشتیوانی ده‌وڵه‌تێكی ئیقلیمی بكات. به‌ڵكو داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ده‌كه‌ن. ئه‌مه وه‌كو ده‌ركه‌وتنی سیاسه‌تێكی نوێی نێوده‌وڵه‌تی بێراده دڵخۆشكه‌ره‌یه. كاریگه‌رییه‌كه‌یشی له توركیا و سوریا، بۆ باكور و رۆژئاوای كوردستان، ده‌ركه‌وتووه. ئه‌مه وه‌كو سیاسه‌ت. به‌ڵام وه‌كو راچه‌نینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، كورد به غه‌ریزه‌ی ئازار و ئه‌زمونی خۆی، گه‌رچی هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر كاریگه‌ری گۆڕانكاری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و چاره‌نوسی كورد نه‌كراوه، به‌ڵام به غه‌ریزی كاره‌ساته‌كانی كه زاده‌ی ژانی نه‌ته‌وه‌ییمانه، و تێپه‌ڕینی سه‌د ساڵی غه‌دركردن له ئامانجه‌كانی دیموكراسی كورد له رابوردودا، ئه‌م غه‌ریزه نه‌ته‌وه‌ییه، هه‌ستێكی نوێی له كورده‌واریدا خه‌مڵاندووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی له بارودۆخی ئێستادا، مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر چاره‌نوس له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كورددا كه‌مبۆته‌وه‌و به شێوه‌ی جۆراوجۆر، دوور له سیاسه‌تی توندوتیژی، نه‌ته‌وه‌كه‌مان به گیانی لێبورده‌یی و هه‌ستێكی سیاسی دیموكراسییانه، به‌ره‌و پیری رووداوه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت. بانگه‌وازه‌كه‌ی به‌ڕێز ئۆجه‌لان و رێكه‌وتنی سه‌ره‌تایی به‌ڕێزان سه‌رۆكی سوریا و مه‌زڵوم عه‌بدی و به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه و په‌یه‌ده، هه‌روه‌ها، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان په‌یه‌ده و هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌مانه هه‌مووی دیارده و رووداوی هه‌ره به‌هاداری چه‌كه‌ره‌كردنی سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی نوێ و خه‌مڵینی هه‌ستێكی كوردپه‌روه‌رانه‌ی هاوچه‌رخه، له‌ناو گۆڕانكاریه‌كاندا.
پێناسه‌ی هه‌ره گه‌شی ئه‌م خهمڵینه نوێیه‌ی هه‌ستی كورد، جۆش و خرۆشی ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزه، له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه، دوور نییه هه‌تا كۆتایی مانگه‌كه‌ش درێژه بكێشێت.
ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز، جۆش و خرۆشه‌كانی، پۆشینی جلوبه‌رگی ئاڵوواڵاكانی، سرود و گۆرانیه‌كانی، رهشبهڵهكهكانی، پێكه‌نین، ئاوێته‌ی كوڕان و كچان و مه‌شخه‌ڵه پڕ له ئیراده‌ی ئازادی هه‌ڵكردن، نیشانه‌كانی گه‌شی راچه‌نین (یقظة)ی كورده‌وارییه له‌سه‌رده‌می گۆڕانكاریه‌كاندا. به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌م كۆههسته كورده‌وارییه‌ی، سه‌راپای كوردستانی گرتۆته‌وه، له‌م مانگی رمهزانهشدا، له‌خۆڕا سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه. به‌ڵكو هه‌لومه‌رجه بابه‌تییه‌كه‌ی دونیا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی، ئه‌و كۆههستهی دروستكردووه. ئه‌مه‌یه گۆڕانكاری دونیا، كه كورد له كۆڕه‌وی دوای راپه‌ڕینی كوردستانی عێراق (به‌هاری 1991) به‌ره‌و كۆهه‌ستی نه‌ورۆزی (به‌هاری 2025) وه‌رده‌چه‌رخێنێ.
وروژانی ئه‌م كۆههسته، سازدانی ره‌شبه‌ڵه‌كی كوردهواری، له كرماشان و ده‌وروبه‌ریه‌وه، هه‌تا ده‌گاته ورمێ و ده‌وروبه‌ری، ئینجا له‌سه‌رانسه‌ری باكور و رۆژئاوای كوردستاندا، دیارده‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویستی راچه‌نینی ناخی خه‌فه‌كراوی كانگای ئازادیخوازانه‌ی كورده. ته‌نانه‌ت ئه‌مساڵ به‌رێز سه‌رۆكی توركیا به‌شداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆز ده‌كات. تۆ بڵێی ئۆجه‌لان یان ده‌میرتاش ئازاد بكات و له‌ته‌كیا هه‌ڵپه‌ڕن؟!
پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به وتاره‌كه‌م بێنم، ده‌مه‌وێت دوو نمونه‌ی جوان، بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م هه‌سته راچهنینهی كورد و نه‌ورۆز، له سنه‌ی پایته‌ختی ئه‌رده‌ڵان و كانگایه‌كی جوانی ئێستای هونه‌ر و توێژینه‌وه‌ی كوردی، له‌م نه‌ورۆزه‌دا بهێنمه‌وه..
تیمێك له هونه‌رمه‌ندانی كورد، سه‌رقاڵی كارێكی هونه‌رین، بۆ هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان، بودجه‌یان بۆ ئه‌م كاره گه‌وره‌یه نه‌بووه. بڕیاریانداوه پیتاك كۆبكه‌نه‌وه. له دێیه‌كی نزیكی سنه، كه ناوی (ئاره‌نان)ه، جوتیاره‌كان سی ملیۆن تمه‌نیان بۆ كۆكردونه‌ته‌وه. ده‌ستفرۆشێكی ناو شاریش، كه داهاته‌كه‌ی مانگانه ره‌نگه نه‌گاته ده ملیۆن تمه‌ن، كه ده‌كاته سه‌د دۆلار، له پاره‌ی ره‌نجی خۆی، بیست ملیۆن تمه‌نی پێ به‌خشیون. ئه‌مه‌ش داهاتی دوو مانگی ره‌نجی خۆی و ماڵ و مناڵیه‌تی. ئه‌م هه‌ستانه، خۆرسكی نین. له‌ناخه‌وه خه‌ڵكه‌كه ههژاوون. بۆیه پێمانوایه، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كورد، به‌ره‌و راچه‌نینی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌خه‌مڵێ.
ئومێده‌وارین، نهورۆزهكهمان چۆن به‌خۆشییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، ئاواش به خۆشیی هه‌تا سیانزه‌به‌ده‌ر ته‌واوده‌بێت، بۆمان بچێته سه‌ر.