ره‌شنوسی ده‌ستوری سوریا و چاره‌نوسی رۆژئاوای كوردستان
نوسینی: مەلا بەختیار
له 1/3/2025، ماوه‌ی حكومه‌تی راگوزه‌ر له سوریا ته‌واو بوو. له‌و ماوه‌یه‌ی كه حكومه‌ته‌كه ئه‌ركه‌كانی راده‌په‌ڕاند، هاوكات حكومه‌ت، له‌لایه‌كه‌وه سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی نیشتمانیی بوون و له‌لایه‌كی تریشه‌وه پسپۆڕه یاساییه‌كانیان، سه‌رگه‌رمی نوسینی ره‌شنوسی ده‌ستور بوون.
له‌و ماوه‌یه‌دا، نه له حكومه‌ته كاتییه‌كه‌دا، ته‌نانه‌ت یه‌ك كوردی رۆژئاوا، پۆستی به‌ڕێوبه‌ری گشتیشی پێ ره‌وا نه‌بینرا؛ نه له كۆنگره‌كه‌ی هێزه سیاسیه‌كان و شاره‌زایانی سوریا، نوێنه‌رانی رۆژئاوا، چ هی په‌یه‌ده و چ هی ئه‌نه‌كه‌سه، به‌شدارییان پێ نه‌كرا. هه‌روه‌ها له دانانی لیژنه‌ی نوسینی ره‌شنوسی ده‌ستور، دیسان كورد بێبه‌ش كرا. (ئه‌ڵێن كوردێكی تیایه. به‌ڵام پێده‌چێت كوردێكی ئیسلامگه‌رای بێده‌نگ و بێهه‌ڵوێستی دیموكراسی بێت). هه‌روه‌ها نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی تریش، وه‌كو نوێنه‌ری پێكهاته‌ی جیاواز، قبوڵ نه‌كراوون.
دوێنێ (3/3/2025) ئه‌حمه‌د شه‌رعی سه‌رۆكی سوریا، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاماده‌كاری ده‌ستور و نوسینی ره‌شنوسی ده‌ستوری كاتیی، كۆبۆوه. هه‌واڵه‌كان وا ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌م ره‌شنوسی په‌سه‌ند ده‌كرێت و ده‌شكرێته بنه‌مای بنچینه‌یی نوسینی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی گه‌لپه‌سه‌ند. دیاره له سوریاشدا زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه، عه‌ره‌بن. له‌دوای حوكمڕانی فاشستانه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دیش، زۆربه‌ی خه‌ڵك ئه‌وه‌نده چه‌وسێندراونه‌ته‌وه‌و برسی كراون و مافی ئازادییان زه‌وت كراوه، وه‌كو هه‌موو وڵاتانی تێوه‌گلاوی شه‌ڕی ناوخۆ و وێرانكاری، زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه شه‌كه‌تن. ده‌رونیان دڕدۆنگه. به‌دوری نازانم زۆربه‌ی خه‌ڵك ره‌شنوسی ده‌ستوره‌كه له‌سه‌ره‌تاوه قبوڵ بكه‌ن و له راپرسیشدا، په‌سه‌ندی بكه‌ن. به‌ڵام له‌دوائه‌نجامدا، كێشه‌ی گه‌وره‌یان تووش ده‌بێت. ئه‌مه كێشه‌ی كورده له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه باڵاده‌سته‌كان و سیسته‌مه نادیموكراسیه‌كان، له هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان.
دیارینه‌كردنی كورد له هیچی ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و كۆمیته و شاره‌زایانی یاسایی و حكومه‌ته كاتییه، زه‌نگێكی مه‌ترسیداره له‌سه‌ر دیموكراسی، مافی ره‌وای كورد، سریانی، دروز و عه‌له‌ویش. به‌تایبه‌تی له‌دوای كۆبونه‌وه‌كان، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاماده‌كاری ده‌ستور و ره‌شنوسی ده‌ستور، جه‌ختیان كرده‌وه كه‌وا پێكهاته‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ناو ده‌ستور و سوریادا جێگه‌ی نابێته‌وه. ئه‌مه‌ش دیسان زه‌نگێكی مه‌ترسیدارتره، له‌و زه‌نگه‌ی كورد له كۆبونه‌وه‌و كۆڕه‌كاندا بێبه‌ش كراوه.
له وڵاته هه‌ره پێشكه‌وتوه‌كانی دیموكراسیدا، بوونی نه‌ته‌وه‌كان، فه‌رامۆش نه‌كراوه. هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، گریمان حزبێكی سیاسیان یان سه‌ركرده‌یه‌كیان، له قۆناغێكدا، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌یشی كردبێت، ئه‌و حزبه یان ئه‌و سه‌ركرده‌یه، قابیلی سزایه. نه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك. هه‌تا له ده‌ستوردا، دوژمنایه‌تی بكرێن.
ئێستا له سوریادا، له‌پێش پێكهاته‌كانی تر، رۆژئاوای كوردستان پێشه‌نگی داكۆكیكردنه له مافی دیموكراسی نه‌ته‌وه‌یی. به‌درێژایی مێژووی دامه‌زراندنی سوریا، كورد له سوریا، سیاسه‌تی شۆڤێنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه. عه‌ره‌بیش نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست بووه. له‌ناو عه‌ره‌بیشدا نه‌ك هه‌ر حزبی فاشستی به‌عس، به‌ڵكو حزبه‌كانی تریش، ته‌نانه‌ت پارتی كۆمۆنیست و زۆربه‌ی چه‌پ و دیموكراته‌كانیش، له‌ترسی فاشیه‌تی به‌عس، پێچه‌وانه‌ی بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی خۆیان، نه‌یانوێراوه پێداگیری له دیموكراسی بكه‌ن و مافی چاره‌نوسی كوردستان بسه‌لمێنن. به‌ڵكو زۆربه‌یان، هاوپه‌یمانی به‌عسیه‌كان بوون. ئه‌وه‌ی ده‌بێ لێپێچینه‌وه‌ی لێ بكرێ، حزبی به‌عسه به‌پله‌ی یه‌كه‌م، ئینجا ئه‌و حزبانه‌یه كه پاساویان بۆ به‌عس ده‌هێنایه‌وه. نه‌ك رۆژئاوای كوردستان و حزبه تێكۆشه‌ره‌كانی، كه هه‌میشه سه‌ركرده و ئه‌ندامانیان میوانی زیندانه‌كان و قوربانی ئه‌شكه‌نجه بوون.
كه‌چی، دوای روخانی به‌شار، ئه‌و مێژووه خوێناوی و پڕ له تاوانه له‌بیرده‌چێته‌وه، دیسان ده‌ویسترێ كورد بكرێته پێخۆری جۆرێكی تر له فه‌لسه‌فه‌ی ناسیۆنالیستی-سونیگه‌رایی، به پاساوی ئه‌وه‌ی گوایه، له ده‌ستوری سوریادا، پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه قبوڵ ناكرێ:
- ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئێستای سوریا نیشتمانپه‌روه‌ره، ئه‌وا سوریا ته‌نها بریتی نیه له عه‌ره‌بی باڵاده‌ست. به‌ڵكو كورد و سوریانی و عه‌له‌وی و دروزی و كه‌مینه‌ی تریشی تیایه.
- ئه‌گه‌ر سوریا دیموكراته، ئێ له سیسته‌می دیموكراسیدا، نه‌ته‌وه نه‌ك هه‌ر پێگه‌یان ناسڕدرێته‌وه، به‌ڵكو مافی چاره‌نوسیشیان ده‌سه‌لمێندرێت.
- خۆ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئێستای سوریا، ده‌یانه‌وێ له جیهانبینی سونیگه‌راییه‌وه، سه‌یری پێكهاته‌كانی سوریا بكه‌ن، رۆژئاوای كوردستان، هه‌م ئیسلامی و هه‌م زۆبه‌ی ره‌هایان سوننه‌ن. ده‌ی به چ هه‌قێكه‌وه، وه‌كو مسوڵمانیش فه‌رامۆش ده‌كرێن؟! به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌تا ده‌بینین له توركیای دراوسێی سوریا، زیاتر له سه‌د ساڵ، نكولی له بوونی كورد ده‌كرا، ئێستا ئیمرالی، كه به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی تیا زیندانی كراوه، خه‌ریكه ده‌كرێته ده‌روازه‌ی ئاشته‌وایی و له سه‌رۆك كۆماره‌وه تا حزبی ناسیۆنالیستی توركی، دان به بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورددا ده‌نێن.
- جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، له‌سه‌رده‌مێكدا، له چاره‌كه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی سێهه‌می سیسته‌می جیهانگیریداین، شه‌پۆله‌كانی دیموكراسی گه‌یشتونه‌ته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش. كێشه‌ی كورد بووه به به‌شێك له تێگه‌یشتنی نوێی رای گشتی جیهان و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا. كه‌چی ده‌ستوری نوێی سوریا، نایه‌وێت بونی كورد بسه‌لمێنێت.
- رۆژئاوای كوردستان، به ره‌سمیی سه‌رۆكی ئێستای سوریای بانگهێشت كردوه‌وه، بۆ سه‌ردانی ئه‌زمونی رۆژئاوا. كه‌چی هه‌ر وه‌ڵامیشیان ناداته‌وه. به‌ڵام ده‌یه‌وێ سه‌ردانی عێراق بكات، تائێستا له‌به‌ر كێشه‌ی كۆنی داعش و كوشت و كوشتار و ناكۆكیه مه‌زهه‌بیه‌كان، زۆربه‌ی حزبه‌كانی شیعه، ئاماده نین میوانداریی بكه‌ن. ته‌نانه‌ت بریار بوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا سه‌ردانی عێراق بكات، ئه‌م سه‌ردانه‌ش هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ئێمه پێمانوایه، دانانی بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی سوریا، به‌م چه‌شنه به‌رده‌وام بێت و سه‌ره‌نجام ده‌ستوری هه‌میشه‌یی سوریا، به‌م ناوه‌رۆكه نادیموكراسییه بسه‌پێندرێت، نه‌ك هه‌ر كێشه‌ی گه‌وره ده‌كه‌وێته نێوان حكومه‌تی سوریا و هێزه دیموكرات و پێكهاته نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی تر. به‌ڵكو سه‌پاندنی سیسته‌م و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی، به‌م چه‌شنه‌ی له سوریا بناغه‌ی بۆ داده‌نرێت، سه‌ره‌نجام سوریا ده‌خاته ناو گێژاوی كێشمه‌كێشی ئیقلیمی و، به‌ڵكو ده‌ستێوه‌ردانیش.
هه‌ق وایه هێزه دیموكرات و مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا و نوێنه‌رانی پێكهاته ناعه‌ره‌به‌كان، له‌ئێستاوه هه‌ڵوێستیان یه‌كخه‌ن و پێش ئه‌وه‌ی گه‌مارۆ له‌سه‌ر سوریا لاببرێت، مه‌ترسیه‌كانی نوسینی ده‌ستورێكی نادیموكراسی و نامه‌ده‌نی، كه به پیلانی سیاسی، پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تر بخاته خانه‌ی دژایه‌تی سوریا، هه‌تا له‌دوائه‌نجامدا، سه‌ركوتكردنیشیان به حه‌ڵاڵ بزانرێ. هه‌ق وایه له‌ئێستاوه، ئه‌م مه‌ترسییانه به‌به‌ڵگه‌وه بخه‌نه به‌رده‌م ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئۆروپا و رای گشتی جیهان.
تكایه كات له‌ده‌ست مه‌ده‌ن، هه‌موو لایه‌ك، زوو بكه‌ونه راوێژ و گه‌ڵاڵه‌كردنی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش.
كات له‌ده‌ستدان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی سوریا و ئیقلیمیدا، بۆ چاره‌نوسی دیموكراسی و رۆژئاوای كوردستان مه‌ترسی گه‌وره‌ی هه‌یه. به‌تایبه‌تی ئێمه دڵنیاین له‌پشتی په‌رده‌ی سیاسیه‌وه، سیناریۆی سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌نوسرێ.