🔻 عیراق لەبەردەم یەك بژاردەیەی ئەمریكایە، هیچ رێگەی دیكەی نییە

کوردستان 11 کاتژمێر پێش ئێستا


🔻  كۆمپانیای سۆمۆو بانكی رافیدەین لەبەردەم سزاكانی ئەمریكادان 
🔻  بەرپرسانی عیراق لەبەردەم سزای ئەمریكادان، لەنێوانیاندا فایەق زێدان و نوری مالكی..تد
🔻  سزای سەر بەرپرسەكانی عیراق بریتیە لە قەدەغەی هاتوچۆو بلۆككردنی پارەكانیان
🔻  ئەگەر عیراق پابەندی مەرجەكانی ئەمریكا نەبێت، رووبەرووی دۆخێكی ئابوریی زۆرخراپ دەبێتەوە
.
✍️ سەرتیپ جەوهەر
چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی نوێی ئەمریكا فشارەكانی لەسەر بەغدا زیاتر بكات و رۆڵ و كاریگەریی ئێران لەعیراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ كەمتربكاتەوە. ئەو فشارەی ئەمریكا لەسەر عیراق، لەبنەڕەتدا فشارە لەسەر ئێران. پێشبینی دەكرێت لەنزیكترین كاتدا ئەمریكا زنجیرەیەك رێكار دژی عیراق بگرێتەبەر كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر باری ئابوریی و سیاسی عیراق دواتر ئێران دەبێت. بەكورتی عیراق لەبەردەم تەنها یەك بژاردەیە، دووەمی لەبەردەمدا نییە.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەو رێگەپێدانی سەر عیراقی هەڵوەشاندەوە بۆ كڕینی كارەباو گازی سروشتیی لە ئێران بەوپێیەی تاران لەو رێگەیەوە ساڵانە ملیارەها دراوی دۆلاری دەستدەكەوێت. هەروەك پێشبینی دەكرێت ئەگەر عیراق پابەندی مەرج و داواكارییەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا نەبێت، سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت.
مەرجەكانی ئەمریكا لەسەر عیراق بۆ رێگریكردن لەسزاكانی، سێ‌ تەوەری سەرەكیی لەخۆدەگرێت؛ یەكەمیان: هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەكدارەكان كە مەبەست لێی حەشدی شەعبیی و گروپە چەكدارییە نا نیزامیەكانە. مەبەست لێی ئەو گروپانەیە كەلەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرێن. 
دووەمیان: زیادكردنی چاودێریی سەر كەرتی بانكیی و توندتركردنی رێكارەكانی رێگری لەبەقاچاخبردنی دۆلارو سپیكردنەوەی پارە بۆ ئێران. هەروەك لە لەحوزەیرانی 2023 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا 14 بانكی عیراقی خستە لیستی رەش و ترسێكی زۆری لای حكومەتی عیراق دروستكرد.
سێیەمیشیان؛ پابەندبوون بەسزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا بەسەر ئێران بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بەپرسی مامەڵەی دارایی كڕینی وزە هەیە لەئێران.
لەبەرامبەردا رێكارەكانی ئەمریكا بەرامبەر عیراق، سزای جیاواز لەخۆدەگرێت دژ بە ژمارەیەك دامەزراوە و هاوكات كەسایەتی سیاسی و ئەمنی كە پەیوەندیان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام سەپاندنی سزاكان بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی عیراق بەمەرجەكانی ئەمریكا.
ئەو دامەزراوانەی لەنێو سێرەی سزاكانی ئەمریكادان لەپێشی هەموویانەوە دوو دامەزراوەی گرنگن، یەكەمیان كۆمپانیای سۆمۆ بۆ فرۆشتنی نەوت دەبێت و دوومیشیان بانكی رافیدەین.
ئەگەر ئەمریكا سزا بخاتە سەر ئەو دوو دامەزراوەیە، بەدڵنیاییەوە عیراق رووبەرووی دۆخێكی شپرزەو خراپ دەبێتەوە. لەلایەك داهاتی زۆر كەم دەكات چونكە بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بەفرۆشتنی نەوت دەبەستێت، لەلایەكی دیكە بانكی رافیدەین بانكی سەرەكیی گۆڕینەوەو دابەشكردنی موچەیە لەعیراق، ئەگەر ئالوگۆڕی دراوی لێ‌ سنوردار بكرێت ئەوا ناتوانرێت موچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت.
سەبارەت بەسەپاندنی سزا بەسەر قەوارەو كەسایەتیی سیاسی، قسەوباسی زۆر هەیە. ئەو ناوانەی كە لەناوەندەكانی عیراق و ئەمریكا باسی لێوەدەكرێت ئەمانەن:
1- نوری مالكیی؛ سەرۆك وەزیرانیی پێشوتری عیراق. پێشتریش جۆی وێڵسن ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوایكردبوو نوری مالكی سزابدرێت بەتۆمەتی هاندانی میلیشیا چەكدارەكان بەشەڕكردن لەسوریا لەدوای رووخانی ئەسەد.
2- فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق بەتۆمەتی رەخساندنی زەمینەی سەپاندنی هەژموون بۆ ئێران و دەركردنی زنجیرەیەك بڕیار لەبەرژەوەندی ئێران.پێشتریش لە 2024 مایك واڵتز ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا داوای سزادانی كردبوو بەتۆمەتی داردەستبوونی ئێران.
3- هادی عامری؛ سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و بەرپرسی هێزی بەدر.
4- فالح فەیاز؛ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.
5- ئەبو فەدەك محەمەداوی؛ سەرۆكی ئەركانی حەشدی شەعبی.
6- محەمەد كازم ئال سوەییف ناسراو بە (ئەبو فەدەك)؛ یەكێك لەسەردەستەكانی حزبوڵلای عیراق.
جگە لەو ناوانەی سەرەوە، بەدڵنیاییەوە لیستی سزاكان ناوی دیكە لەخۆدەگرێت، بەڵام دیار نین كێین. لیستی ناوەكان دەوەستێتە سەر ئەو راپۆرتەی لەبارەی هاوكارانی ئێران لەعیراق ئامادە دەكرێت، بەتایبەت ئەوانەی لەچوارچێوەی ئەجێندای ئێران هەڵسوكەوت دەكەن.
سزای سەر كەسایەتیەكان وەك چاوەڕواندەكرێت بریتی بێت لە قەدەغەكردن یان سنورداركردنی هاتوچۆ لەنێوان وڵاتان، هاوكات بلۆككردنی پارەكانیان و رێگریكردن لەبازرگانیكردن، هاوكات بەرتەسككردنەوەی جموجۆڵی سیاسیان.
لەدوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ فشارەكانی سەر عیراق زۆر زیاتر بووە، لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد كۆبونەوەو دیداری زۆر لەنێوان بەرپرسانی حكومەت و بەرپرسانی حەشدی شەعبی بووە، بەڵام تائێستا بۆ پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە هیچ ئەنجامێكی نەبووە. لەبەرامبەردا لەئەمریكا راپۆرتی شیكاریی پێشنیار لەبارەی سەپاندنی سزا بەسەر عیراق ئامادە دەكرێت، بەڵام بەتەواوی سزاكان چی دەبن و چۆن دەبن. 
.