کورتە تاوتوێیەک لەسەر یاداشتەکانی دکتۆر فواد مەعسوم( ڕاستییەکان دەرکەوتن)
دکتۆر فواد مەعسوم، دووبەرگ یاداشتی ڕۆژانەی خۆی، بەھاوکاری و دڵسۆزی شێرزاد ھەینی، چاک و چاپ کردووە. تێکڕا ٧٢٨ لاپەڕە، تۆماری ڕۆژانەی چۆنێتی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ھەتا سەردەمی شۆڕش، دامەزراندنەوەی پارتی_ قیادەی مۆقەتە_و شەڕی ناوخۆ. جیابونەوەی سۆسیالیست و گرتنی نەوشیروان مستەفا. کێشەکانی ناو بزوتنەوە و ھەڵوێستی ڕەسوڵ مەمەند. جیابونەوەی ئاڵای شۆڕش و پەلاماردانی مەلا بەختیار و ھاوڕێکانی. دانوستان لەگەڵ حکومەت، ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش، ئەنفال و کیمیاباران، پاشەکشە بۆ سنوری ھەر دوو بەشی کوردستان ڕۆژھەڵات و باشوری کوردستان و ئێران، سوریا، لوبنان، لیبیا، ھەندەران. ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و شۆڕشگێڕان و توانەوەیان لەناو یەکێتی، پەیوەندی یەکێتی و حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.
لەم مێژووە دورو درێژەدا، جگە لەوەی دکتۆر فواد ھەندێک بۆچونی خۆی و ھەڤاڵەکانی دەرەوەی ووڵاتی، بەڕەخنەکان و کۆڵدان و وازھێنانەوە، باسکردووە. کە ئەمش بۆ وردەکاری مێژوو کارێکی ئێجگار گرنگە. لەم دوو بەرگەیدا، ھەڵسەنگاندنی زانستیانە لەئارادا نییە، لەناو سەدان ڕووداودا کەمترین ڕەخنەی سیاسی ھەیە.
لەدوای ڕاپەڕینەوە، دەیان کتێب لەسەر مێژووی یەکێتی نوسراوە، ھەندێک لەو کتێبانە سوود بەخشن، بەڵام ھەندێکیان گوناحە بۆ کتێبخانەی کوردی ناو بنرێن کتێب.
نوسینی مێژوو ئەگەر بەمیتۆدی ڕەخنەگرانە نەنوسرێت، کتومت دەچێتە خانەی چەواشەکارییەوە. نوسینی زانستیانەی مێژوو، نە زیندوو دەناسێ و نەمردوو. ھەر لەم دوو بەرگەی دکتۆر فواد مەعسومدا، بەسەرزەنشت و ڕەخنەوە باسی چەندین زاتی کردووە کە لە دنیا نەماون. یەکەم مام جەلال، دووەم_ نەوشیروان مستەفا، سێیەم_عادل موراد، چوارەم_ عومەر دەبابە....ھتد
لەم کتێبەدا دەسەلمێ، کە جگەلەوەی پیاوی تێکۆشەرو کۆڵنەدەر، لەدەرەوەی ووڵات لەدەوری یەکێتی کۆکراونەتەوە. بەڵام لەپاڵیا جاسوسی ڕژێمی عێراق( مونزر نەقشبەندی) ھەروەھا پاراستن، کەسانی ناشایستە، پارەخۆر، بەدمەست و شەڕەنگێزو ئاژاوەچیش کۆبونەتەوە لەیەکێتی.
لەدەرەوەی ووڵات بەرھەمێکی بەرچاوی چاپەمەنی، چالاکی دبلۆماسی، ڕێکخراوە و کۆکردنەوەی کۆمەک وەکو: چەک، تەقەمەنی، دەرمان، پارەیەکی زۆر بەتایبەتی لەلیبیا، وەرگیراوە. ھێندەی توانراوە بەشێکی گەیەنراوەتەوە کوردستان. بەشێکیشی دراوە بە مشەخۆر بەشەکەی تریشی حەپەلوش کراوە.
ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، دوانیان لەدەرەوەی ووڵات، سەرەنجامی قوڵبونی کێشەکان وازیان لەیەکێتی ھێناوە. وەکو عادل موراد سەرەنجام چوە ناو بزوتنەوەی سۆسیالیستی و بوو بەمایەی ئەوەی یەکێتی خرایە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ. ھۆمەر شێخ موس، لەسەر پارەی فڕێندراوی بانکی عێراق کەنەیان توانیوە بۆیەکێتی لەندەن دابینی بکەن، مام جەلال پیسترین جنێو نامەی بۆناردووە، کەبۆتە مایەی ئەوەی لەناخەوە بریندار بێت و دوور بکەوێتەوە لەیەکێتی.
لەم دوو یاداشتەدا، دەردەکەوێ ھیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی نییە، ھەڵەی نەکردبێ، ڕەخنەی لێنەگیرابێت.زۆر ترین دەستەی دامەزرێنەر و مشەخۆرەکانی دەرەوەی ووڵات، کە بەمۆڵی مانگانە پارەیان وەرگرتووە و لەم کتێبەدا بەووردی ھەمووی نوسراوە، کەچی زۆربەی ھەرە زۆیان ئامادە نەبون بڕیاری مەکتەبی سیاس و مام جەلال جێبەجێ بکەن و بگەڕێنەوە ناو شۆڕش.
لەسەر دانوستانی ساڵی ١٩٨٤—١٩٨٥ سەرەڕای ئەوەی لەھەندێ دانیشتن و گفتوگۆدا، یەکێتی نەرمی نواندوە، پشوی گفتوگۆی درێژ بووە. پارەو سەیارەی وەرگرتووە. بەڵام لەدوا ئەنجامدا یەکێتی ساتوسەودای لەسەر پرینسیپەکانی خۆی نەکردووە و دژی جود لەگەڵ حکومەت ڕێکنەکەوتوە. ھەروەھا لەسەر کەرکوک و شێخان و خانەقین، قسەکانی حکومەتی نەسەلماندووە. حیزبە کارتۆنییەکانی کوردو جاشەکانی ڕەتکردۆتەوە. مام جەلالیش لەناخی خۆیا باوەڕی بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەعس نەبووە. تەنھا نەوشیروان و فەرەیدون و ملازم عومەر تەواو لەگەڵ ڕێکەوتن بوون، لەگەڵ بەعس. ھەموو سەرکردەو ئەندامەکانی یەکێتی لەدەرەوەی ووڵات، سەرەتا دژی دانوستان بوون. بەڵام سەرەنجام ھەموویان ڕازیبوون. پارەی حکومەتی عێراقیشیان وەرگرتوە بۆ چالاکییەکانیان. دکتۆر فواد مەعسومیش دەگەڕێتەوە و دەبێتە سەرۆکی وەفدی یەکێتێ لەدوو خولی دانوستانەکاندا. ئەمە لەکاتێکدا لەدەرەوەی ووڵات دژی دانوستان بووە.
کاتێک نائومێد دەبن لەڕژێم، کە داخوازییەکانی کوردو یەکێتی قبوڵ بکات، یەکێتی دانوستانەکە ھەڵدەوەشێنێتەوە و بەشەڕی دابان و ھەلاج وەڵامی سیاسەتی دژە دیموکراسی بەعس دەداتەوە.
کە شەڕ دەبێتەوە، ئیتر ھەڵە قورسەکانی یەکێتی وەکو پەرچەکردار بەرامبەر بە ڕژێم، ڕودەدات. چونەسەر کەرکوک و ھەڵەبجە، نمونە ھەرە زیان بەخشەکانن. کەسەرەنجام بون بەبیانو بۆ فاشیەتی بەعس، چەکی کیمیایی بەکار بێنێت و ئەنفال بسەپێنێ، چونکە یەکێتی لەھاوکێشەی جەنگی عێراق و ئێران کەوتە خانەی ئێران. بەڵام ھەر لەوکاتە ھەنگاوی باش نرا بۆدروست کردنی بەرەی کوردستانی. ئێرانیش لەدوای ڕوخاندنی شا ١٩٧٨ ھەتا دڵنیا نەبوون یەکێتی ئامادەیە ھاوکاری پاسداران بکات بۆ لێدانی کەرکوک، بەردەوام دەسی بەدەسیان بە یەکێتی کردووە.
کاتێک ئەنفال و کیمیاباران و ھێرشە بەربڵاوەکانی ڕژێم دەست پێدەکات، دکتۆر فواد و فەرەیدون عەبدولقادرو ملازم عومەرو چەندین فەرماندەو سەرکردایەتی، خۆڕاگر بوون. بەڵام مام جەلال لەدەرەوەی ووڵات دەبێت. سەیر ئەوەیە ھەڵوێستی نەوشیروان لاواز پشاندەدرێ و ھەر زوو بەبێ بڕیاری مەکتەبی سیاسی بۆی دەرچووە. باسی ئاوات قارەمانی و چەندین فەرماندە لەکاتی شەڕەکاندا بەترسنۆک و لاواز پیشاندەدات.
لەدوای ئەنفال و کیمیاباران، باسکی مفاوەزات ئەستور دەبێت. فشار دەخرێتە سەر مام جەلال و دکتۆر فواد و ئەوانەی دەرەوەی ووڵات، کە ھەرچی چۆنێک بێت مفاوەزات بکەن. بەڵام مام جەلال توند بەرامبەریان دەوەستێ و ڕێگەنادات ئەزمونی ١٩٦٦ دوبارە بکرێتەوە.ھەر ئەم سیاسەتەی مام جەلالیش ڕاست دەرچوو. ئەگینا دوای لێدانی عێراق و ڕوخاندنی سەدام نەوشیروان لەسەردەمی جەلالی خراپتری بەسەر یەکێتی دەھێنا، دیسان پارتی دەبووە بەتاقە شۆڕەسوار.
لەکۆتایدا مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ھەیە، لەلاپەڕەکانی ١٦٣ وە ھەتا ٣٠/٦/١٩٧٧ واتە ساڵێك لەدوای دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەجوانی بڕیار و بەرنامە و پێگەی دەستەی دامەزرێنەر و یەکێتی لەدەرەوەی ووڵات بەرجەستە کراوە. تەمومژ نامێنێت لەبەردەم ھیچ خوێنەرێک، بتوانێ بەراوردی نێوان سیاسەت و جموجۆڵەکانی دەرەوەی ووڵات لەم ووڵات بۆ ووڵاتێکی تر. لە ئوتێلێک بۆ ئوتێلیکی تر، لەتەخشان و پەخشان کردنی پارە. ئینجا بەراورد بکرێ بە دۆخی سەختی بەرپاکردنی شۆڕش و سەنگەر بەسەنگەر شەڕکردن و بەنانەسکە ڕۆژبردنە سەرو بەخەوتنی مزگەوتەکان و بەرگەگرتنی ھێرشی فاشیستەکان. بۆنمونە:
یەکەم: ٢٢/٥/١٩٧٥ یەکێتی لە چایخانەی (طلیطلە)_ دیمەشق دادەمەزرێ تەنھا چوار ئەندامی دامەزرێنەر ئامادە دەبن: مام جەلال، دکتۆر فواد، عەبدول ڕەزاق فەیلی، عادل موراد. دوایی ناوی کەمال فواد و نەوشیروان مستەفا و هۆمەر شێخ مۆسیان بۆزیاد کردووە_ بڕوانە لاپەڕە ١٦٣بەرگی یەکەم:
دووەم: دوای شەش مانگ و ١٧ ڕۆژ لەدامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ یەکەم جار نەوشیروان مستەفا لە ١٧/١٢/١٩٧٥ لەماڵی مام جەلال لەدیمەشق بەشداری یەکەمین کۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی دەکات _بڕوانە لاپەڕە ١٦٩ ھەمان سەرچاوە.
سێھەم: ھەتا ٣٠/٦/١٩٧٧ مام جەلال ھێشتا لەدەرەوەی ووڵاتە. بەشداری کۆبونەوەکان دەکات، واتە ساڵێكە شۆڕش بەرپا بووە مام جەلال نەگەڕاوەتەوە.
چوارەم: ھەتا ١٣/٩/١٩٧٦ دکتۆر فواد دەڵێت، دوای چونەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ووڵات، ڕاپۆرتێک بنوسێت لەسەر ئەو سەرکردەو پێشمەرگانەی دەشێن بۆ زیاد کردنی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لەناو ووڵات شۆڕش بەرپا کراوە، دەستەی دامەزرێنەر بەووردی ئاگای لە پێشمەرگەکان و فەرماندەکان و چۆنێتی بەرپا بوونی شۆڕش و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەو سۆسیالست نەبووە_ بڕوانە لاپەڕە ١٩٩ ھەمان سەرچاوە.
پێنجەم: ھەتا ٣١/٥/١٩٧٧ کە پڕۆگرامی کۆبونەوەکانیان لە ٧ خاڵ داناوە، دوورو نزیک ھیچ پەیوەندییەکیان بە ڕێکخستنەکانی ناو شارو بەرپا بوونی شۆڕشەوە نەبووە_ بڕوانە لاپەڕە ٢٢٢ ھەمان سەچاوە.
شەشەم: چۆن چۆنی لەبەیانی دامەزراندنی یەکێتیەوە بۆ ئەدەبیاتەکانی تری دەرەوەی ووڵات، تۆوی سەرلەنوێ شەڕی ناوخۆ وەشێنراوە. کەئەمە ھەڵەبوو، چۆنچۆنیش پارتی شەڕی ناوخۆی ھەڵگیرساندووە.
حەوتەم: ھەموو ھەوڵەکانی یەکێتی بۆ ئەوەی سوریاو لیبیاو فەڵەستینیەکان و حیزبەکانی( التجمع الوطن العراق) و حیزبی شیوعی عیراق، دژی پارتی بن. ھیچی ئەم ھەوڵانە سودیان نەبووە و ھاوتای یەکێتی پەیوەندی لەگەڵ پارتیش کراوە.
ھەشتەم: ھەموو دەمامکەکان لەدەموچاوی بەشێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەسەر گرتنی مەلا بەختیار و شێخ علی و مامۆستا پشکۆ، دکتۆر فواد ئەو دەمامکانە ھەڵدەماڵێ و دوفاقی و دووڕوویی چەندین مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەردەخات، کە بەنھێنی داوای کوشتنی مەلا بەختیاریان کردووە. بەڵام مێژوو ڕاستیەکانی دەرخست و جیاوازی سەرکردەکانیشی ناساند. شایەنی مێژووە بوترێت، دکتۆر فواد و ھەڤاڵەكانی لەیەکێتی شۆڕشگێران، ھەڵوێستێکی جوامێرانەیان بۆ ڕێگرتن لەکوشتنی مەلا بەختیار و ھاوڕێکانی ھەبووە.
لە ھەموو بارێکەوە ئەم کتێبە شایەنی خوێندنەوەیە. ھیوادارین دوای خوێندنەوەی، خوێنەری وشیار تێبگات کە لەدەرەوەی ووڵات چۆن یەکێتی دامەزراوەو چالاکیان چۆن بووەو چەنیان وەرگرتوە و چۆنیان سەرف کردووە. ھەروەھا بەراوردی بکەن بە چۆنێتی بەرپا بونی شۆڕش لەناوەوەی ووڵات، چۆن شۆڕش بەرپا کراوە، قوربانی دراوە، بەرگە گیراوە و زەمینە خۆشکراوە بۆ گەڕانەوەی یەکەمین جار نەوشیروان مستەفا و دوەمین جار مام جەلال، ئەویش لەدوای مانگی ٦—٧—١٩٧٧.
پێمان وایە لەدوای بڵاو بونەوەی ئەم دوو بەرگەی بیرەوەریەکانی دکتۆر فواد مەعسوم( کەزیاتر یاداشتی ڕۆژانەیەتی) ئیتر گومان نامێنێت کە یەکێتی چۆن دامەزراوە. چۆن چۆنیش دەستەی دامەزرێنەر و ھاوسەنگەرە ھەرە نزیکەکانیان کۆکراونەتەوە. ھەروەھا چۆن لەناو ووڵات بەبێ پشتیوان و پارە لە سەخترین ڕۆژگاردا شان دراوەتە بەر بەرپابوونی شۆڕش.
توێژینەوەی چاودێر