ناسنامەی دینی ئیسلامییەکانی سوریا و ئەرکی دونیایی

کوردستان 1 رۆژ پێش ئێستا


(نمونەی شکستی تەواوی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست)
نوسینی: مەلا بەختیار
   دەمێکە بۆچونێکم لا گەڵاڵە بووە، ھەڵکەوتم نەبووە باسی بکەم. ڕوخانی بەشارو ھاتنەسەرکاری ئیسلامییەکان، لەڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە، لام وایە ھەلەکەی بۆ ڕەخساندم، دەبێت لەگەڵ خۆشم و خوێنەرانا ڕاستگۆبم، کەمن ڕەگوڕیشەی پەروەردەم لە ٧٠ کانەوە بۆ سەرەتای ٩٠ کان چەپی مارکسستی بووە. لەکۆتایی ٨٠ کانیشەوە، سیاسیەکی دیموکراس و چەپێکی ڕیالستی ئامانج دادپەروەرم. ئەمە شوناسی ئێستای منە. لێرەوە دەمەوێ، ئەو ڕاستییە مێژوییەی، لام گەڵاڵە بووە، باسیبکەم.
   دوای قوڵبونەوە لە مێژوی نوێی دوای جەنگی یەکەمی جیھان تائێستا، بەگشتی( چەند نمونەیەکی کەم نەبێت) سەرجەم حیزبە سیاسییە نیشتیمانی، دینی، نەتەوەیی، دیموکراسی و چەپەکانی، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، لەبەدیھێنانی تەواوی ئەرکەکانی ستراتیجیان شکستیان خواردووە. جگە لە جەزائیر کەلە خەباتی ڕزگاری نیشتیمانیا بەرەی ڕزگاری جەزائیر فەرانسای داگیرکەریان بەزاند. کەبەداخەوە دوای یەک ملیۆن شەھید بەخشین و ھاتنەسەر دەسەڵات، گەندەڵی لەدەسەڵاتدا بەرەی ڕزگاری خوازی جەزائیری تێکوپێک شکاند. باشوری کوردستانیش لە ساڵی ١٩٦١-١٩٩١ دوای شکستی جۆراو جۆر، خیانەتی جۆراو جۆر، شەڕی ناوخۆی جۆراو جۆر، پاشکۆیەتی جۆراو جۆری ووڵاتانی ئیقلیمی، دوای ئەوەی ھەلی جەنگی ھەشت ساڵەی ئێران و ئێراق لەدەستدرا. ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستنی دێھاتەکانمان بەسەردا سەپێنراو گەیشتینە ڕۆخی دۆخی شکستێکی تری مێژویی. (١٩٩٠) کە کوەیت داگیرکرا،  ئیتر فشاری نێودەڵەتی بۆ سەر ڕژێمی سەدام. شانسی ھەڵسانەوەی کوردی لە شکستەوە بۆ ڕاپەڕین ڕەخساند.
    پشتیوانی نێودەوڵەتی لەسێ دەھەی ڕابردودا، ھاوشانی چەندین ھەنگاو سیاسی گرنگ لەناو خۆدا (سەرەڕای شەڕی ناوخۆی نەگریس) و (دەستتێوەردانی ئیقلیمی) کوردستان بەرە بەرە بوو بە بەشێک لەسیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ھەرئەمەش، ھاوشانی پەڕلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم و سەرەنجام ڕوخاندنی سەدام حسێنیش، بەو شێوەیەی بەھەموو کەمو کوڕیەکانەوە کە ماوین، پارێزراوین.
    دێمە سەر مەبەستە سەرەکییەکەی لە پێشەکییەکەدا باسم کرد. ئەویش شکستی سەرجەم حیزبە سیاسەکان و خاوەن شوناسە جۆراو جۆرەکانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
   بەندە کە سەیری مێژووی سیاسەتی حیزبایەتی لە سەدساڵی ڕابوردوودا دەکەم. حیزب بەحیزبی چەپ و ڕاست دەخەمە بەرچاوی خۆم. جگە لە پەرێزی شکست خواردوی سەرجەم حیزبەکان، گوڵاڵە سورەی سەرکەوتنی خوێنی شەھیدەکانیان لەو سەد ساڵەی خەباتیاندا نابینم. تەنانەت یەک حیزبیش نابینم تەواوی ئامانجە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و نوێگەریەکانی  بەدیھێنابێت.
_  ئیخوانەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، دوای سەدەیەک لەسەرھەڵدان سەرنەکەوتوون. _کۆمۆنیستەکانی ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوای نزیکەی سەدەیەک لەسەرھەڵدان، نەک سەرنەکەوتوون، بەڵکو ڕەھەندی سەرکەوتنیشیان لەبەردەم نەماوە.
_ ناسیۆنالستەکانی ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھیچیان نەیان توانی چەشنی ڕۆژئاوا، دەوڵەتی نەتەوە_ دیموکراسی دروستبکەن.
_  تێکڕای حیزبە دیموکراتیەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نەیانتوانی تەنانەت نیوەی ئەرکەکانی دیموکراسیش بەدەست بێنن.
  ھەر ھەموو ئەم حیزبانە لەیادەوەری مێژوودا، تۆزی ڕۆژگاری شکست دایپۆشیون. بۆیە لەم و لەو ووڵات حیزبە ئیسلامیەکانی شیعەو سونە سەردەکەون. چونکە ھەژمونگەری ئایدۆلۆجی ئەم حیزبانە، لەسەر ڕایگشتی، سەرەنجامی شکستی حیزبە دونیاییەکان، کاریگەرترە.
  دەتوانم حیزبەکانی تورکیا، سەرەڕای ھەڵە مێژووییەکان کە کردویانە، لە ٩٠ کانەوە کەوتونەتەسەر ڕێی دیموکراسی، گەرچی ھێشتا کێشەی نەتەوایەتی لەتورکیادا چارەسەر نەکراوە و سەرەتاکانی ژیانی دادپەروەریش بەدی نەھاتووە.
   بابێینە سەرسوریا، ھەڵکەوتەیەکی گرنگی ژیۆپۆلۆتیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. لەکۆنەوە زانراوە جەنگ دژی ئیسرائیل بەبێ میسر لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسدا سەرناکەوێت. ئاشتیش بەبێ سوریا لەگەڵ ئیسرائیل بەرقەرار نابێ. ووڵاتانی تر لەدورەوە خۆیان ھیلاک کردووە. بەڵام لەدەرەوەی بازنەی جەنگ و ئاشی ڕاستەقینەن.
   ئێستا کە سوریا قەڵا ناسیۆنالستەکەی ڕووخا. عەلەوییە نیمچە شیعەکان لەمێژووی دەسەڵاتی تاکڕەوی لەمێژوودا ئاوابوون. پشتیوانەکانی سوریا ڕوسیا، ئێران، عێراق، یەمەن، لەدوا سیناریۆی شکستی ڕژێمی بەشار ئەسەد تێگەشتن و بۆ ئەم قۆناغە خۆیان دەرباز کرد. ئێستا سوریا بەرەو کوێ؟
   سوریا بەناسیۆنالستە عەرەبییەکان نەبوو بەدەوڵەتێکی گونجاوی ناوچەکە. ھێزە دیموکرات و چەپەکانیش لەپەراوێزی ڕوداوەکەن. ژیانێکی مەدەنی پێشکەوتنخواز لەپەیوەندی کۆمەڵایەتی سوریاو تێگەشتنی نوسەرو ڕوناکبیرو ھونەرمەندانیاندا ھەیە. ئێستا ھێزە ئیسلامییە سونییگەراکان سەرکەوتون. کەوابێ چیبکرێت.
باشترین سییستەم سیتەمێکی دیموکراسی مەدەنییە، کە لەفەلسەفەی سیاسی حوکمڕانی خۆیدا، نە ئەرکە دینیەکان بەسەر ئەرکە دنیایەکاندا بسەپێنێت. نە ئەرکە دونیاییەکانیش ئەرکە ڕۆحییەکانی پێ فەرامۆش بکات. ڕاگرتنی ھاوسەنگی ئەم ووڵاتە بەئاڕاستەی دیموکراسی و پێشکەوتن خوازی مەدەنی، بۆئەم قۆناغە گوزەرەی سوریا چارەنوس سازە. چونکە دەرکەوت نەسیستەمی دنیایی بەبێ سود وەرگرتن لە شەریعەتی ئیسلامی دەتوانێت سەرکەوێت. نەشەریعەتی ئیسلامیش لەلایەن ھێزە ئیسلامگەراکانەوە، بەبێ ڕەچاو کردنی ئەرکە بنچینەیەکانی دیموکراسی، مەدەنی، دنیایی، سەردەکەوێت. نمونەکانی میسر، لوبنان، تورکیا،سعودیە، تونس، عێراق و ئێران، لەبەر چاومانن. ئەگەر کەمێکیش بگەڕێینەوە بۆ سەدەی ڕابوردوو، شکستی یەکێتی سۆڤیەت و سیستەمەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا نمونە گەلێکی بەسن تێبگەین، نە مەسەلە ڕۆحیەکانی مرۆڤ، ھەتاسەر خەفە دەکرێن. نە ئەرکە دینی، ئازادی، ئارەزوەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو، دەکرێنە پێخۆری مەسەلە ڕۆحییەکان. دۆزینەوەی شادەماری ھەستیاری ئەم دوو پەیوەندیەی نێوان مەسەلە ڕۆحی و دنیاییەکان، بۆ ئێستای سوریاو دەوڵەتانی مانەندی سوریا، جەخت دەکەینەوە کە چارەنوسسازە.
    سەبارەت بە ئەو ئاخاوتن و بەیاننامەو پێکھێنانی حکومەتی کاتی لەسوریادا. پێمان خۆشە نەرم ڕەون. توندو تونڕەو نین. دەڵێن لەسەر مەسەلەی ژنان و ئەرکەکانیان وەکو ئەفغانستان نابین. کە ئەفغانستان کۆنەپەرسترین ووڵاتی جیھانە، سوریا ناکەنە بنکەی پەلاماردانی ئیسرائیل. کە ئەم بڕیارەیان بۆ چارەنوسیان وەکو دراوسێی ئیسرائیل زۆر زۆر گرینگە.
  دەیانەوێت سوریا سوریای ھەموو پێکھاتەکان بێت. زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش. پێش حیزبە عەلمانیەکانی سوریا، ئامادەییان دەربڕیووە بەشداری حکومەت بکەن. بەڵێ تائێستا نیگەرانی کەمەو ئومێد زۆرە. بەڵام، تەواوی نیگەرانییەکان بۆ ئایندەی سوریا، ئەو کاتە دەڕەوێتەوە، کە تێکڕای پێکھاتەکانی سوریاو ھێزە سەرەکییەکانیان، سەر چ دەستورێکی سوری و فەلسەفەیەکی حکومڕانی، ڕێکدەکەون و لە ڕاپرسیەکی گەل پەسەنددا، دەستورو سیستەمەکەیان دەخرێتە ناو پڕۆسەیەکی مێژویی.
مەلا بەختار
١٩/١٢/٢٠٢٤