ڕوداوە خوێناویەکانی سوریاو کاریگەری لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان

کوردستان 10 کاتژمێر پێش ئێستا


  
نوسینی: مەلا بەختیار
  ھەفتەیەکە ھێزە ئیسلامییەکان و بەرھەڵستکارەکانی سوریا، شارەکانی ( حەلەب، ئیدلیب، حەما) ھەروەھا تەواوی دەوروبەری ئەو شارە گەورانەیان پەلامار داوە. خەریکە سیناریۆکانی موسڵ و تکریت و تاڕادەیەک پارێزگای دیالەش کە سوپای عێراق لەسەردەستی داعش  شکستی خوارد، خەریکە لە سوریاش لەو شارانە ھەمان ڕووداو، لەسەر دەستی ھێزی چەکداری جۆراو جۆر دوبارە دەبنەوە.  سوریا بەتەواوەتی شڵەژاوە. ڕوسیاو ئێرانیش کەوتونەتە قەیرانێکی سیاسی ئەمنی گەورەوە. تورکیا بەڕواڵەت نیگەرانە. بەڵام دۆخەکە پێچەوانەی سیاسەتی تورکیا لە سوریاو ناوچەکە نییە. تەنھا ئەوە نەبێت، تورکیا ھەتا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و شەڕی چەکداری باکور یەکلایی نەکاتەوە، بەھیچ شێوەیەک پێی خۆش نییە، پەیەدە، ئەم دۆخەی سوریا بقۆزێتەوە. لەم وتارەدا کۆی دۆخەکەو کاریگەریەکانی ھەڵدەسەنگێنین.
   سوریا وەکو ئاخرین دەوڵەتی نەتەوەپەرستی عەرەب، لەحوکمڕانیدا لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی عەرەب و نیشتیمانی سوریا، سەرنەکەوتووە. لەبەر ئەوەی بەعسی سوریا، ھەروەکو بەعسی عێراق، تێنەگەیشت کە دەوڵەتی نەتەوەیی بەبێ دیموکراسی، سیستەمی دیموکراسیش بەبێ عەلمانیەت مەحاڵە دابمەزرێت. زیاتر لەنیو سەدە بە زەبرو زەنگی دژە دیموکراسی و سیستەمەکەو دەسەڵاتدارانی عەلەوی خۆیان سەپاندووە. ئەنجامەکەی دەرکەوت زۆرینەی خەڵک لەم حوکمڕانیە ڕازی نییە.
  بەداخەوە ئەم جۆرە سیستەمە نەتەوایەتییە، پێش ھەموو فەلسەفەیەکی سیاسی تر، جەزرەبەی کوشندە لە بزوتنەوەی دیموکراسی و لە بزوتنەوەی چەپ دەدات، بۆ؟ لەبەر ئەوەی خۆی بەنمونەی دەوڵەتی نەتەوەو سیستەمی عەلمانی و سۆسیالیستی عەرەبی دەزانێت. ھەر بۆیە کاتێک بزوتنەوە دیموکراسی و چەپ لاواز دەبێت، بزوتنەوە ئیسلامییەکان بەھێز دەبن. بەڵکو لەڕووی سیاسییەوە، ئیسلامییەکان شکستی دەسەڵاتی نەتەوەیی،  بە دەرفەت دەزانن، وای بڵاو بکەنەوە کە نەدەوڵەتی نەتەوەو نە سیستمی عەلمانیەت و نە سۆسیالیستی عەرەبی ناتوانن ئامانجەکانی خەڵک بەدی بێنن، بۆیە ئیسلامییەکان وای بڵاو دەکەنەوە خۆیان تاقە ھێزی بەرھەڵسکارو بەدیلی دەسەڵاتە دیموکراسی و عەلمانیەکانن. 
   وەکو وتمان سوریا دوا دەوڵەت، یان دوا قەڵای نەتەوەیی عەرەبە. دەسەڵات قۆرغ کردنیان  لەبەعسی عێراق زیاتر نەبێت کەمتر نییە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی ملیۆنەها ھاوڵاتی سوری دەربەدەربون. نیوەی ووڵاتەکە کاول کراوە. بەڵام ڕژێمی بەعس_ بەشار لەسەر ھەمان سیاسەتی نیوسەدەی ڕابووردو بەردەوامن.  سەرەنجام بەناچاری پەنایان بۆ ڕوسیاو ئێران بردووە،  پشتیوانی لە پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بکەن و  حوکمڕانییەکەیان دەرباز بێت.
    لە ١٥ ساڵی ڕابووردودا، بەعسی سوریا نە ئامادەیە گفتوگۆیەکی دیموکراسی چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، نە ھەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجام بدات. نە ئامادەشە دەستوری ووڵاتەکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێنێت. باوەڕیشی بە دیموکراسی و مافی چارەنوسی گەلانی سوریا تائێستا نییە. ھەربۆیە دەبینین ڕۆژئاوای کوردستان لەسوریا دابڕاوە پەیتا پەیتاش داوای چارەسەری سیاسی دەکەن بەڵام تائێستا گوێیان لێ نەگیراوە، ڕۆژئاوا حوکمڕانییەکی جیاوازی تیایە. لەجەنگدا باشتر لە سوپای سوریا داعشیان تێک و پێک شکاند. کەچی بەعسی سوریا ئامادەنییە بەڕەسمی گفتوگۆی سیاسیان لەگەڵ بکات و لایەنی کەمی مافی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بسەلمێنێت.
    بێگومان دەوڵەتی ئاوا و، حوکمڕانی ئاواو، فەلسەفەی دەستوری سیستەمی ئاوا، ھەتاسەر ناتوانێت کێشە قوڵەکانی ووڵاتەکە بەزەبرو زەنگ خەفەبکات. بۆیە سوریا وەکو چەندین ووڵاتی عەرەبی، لەڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیدا، دووچاری تێکھەڵچونی ناوخۆی کوشندە بووە. میسڕو تونس توانیان زیرەکانە خۆیان لەو تێکھەڵچونانە دەرباز بکەن. سەرۆک و حکومەتەکانی ئەو دوو وڵاتەیان گۆڕی. یەمەن، لیبیا، سوریا، لوبنان ھێشتا لەناو گێژاوەکەیا گێژ دەخۆن. ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم دۆخانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی،  وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و ھۆشمەندی و ڕیفۆرمی ئاینی، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسدا، ڕوینەداوە.
   دەوڵەت و سیستەمێک، دوای زیاتر پەنجا ساڵ لە حوکمڕانی، نەیتوانیبێ زۆرینەی خەڵکەکەی ڕازی بکات، نەیتوانیبێ تەنانەت لەڕوانگەی نەتەوایەتی بەعسیانەشەوە،  لایەنی کەمی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات. بەشێک لەخاکەکەی کە بەرزاییەکانی جۆلانە بەداگیر کراوی ماوەتەوە، دەسەڵاتی ئاوا بێگومان لەدوا ئەنجامدا دووچاری ئەم ھەموو کێشانە دەبێت. چاری نامێنێت جەگەلەوەی ھانا بۆ دەوڵەتانی تر ببات،  بیپارێزن.
   جارێکیتر دەرکەوتەوە بەحوکمی ھەڵکەوتەی جوگرافیای سیاسی ووڵاتی سوریا، ئەم ووڵاتە چەقی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. ھیچ ووڵاتێکی تێوەگلاوی عەرەبی،  لەبەھاری عەرەبی ،بەئەندازەی سوریا کارییگەریان لە کۆی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەبوو. ھەربۆیە دەگوترێ: ئاشتی بەبێ سوریا لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتەدی.
   بینیمان پێگەی سوریا چ کارییگەریەکی لەسەر ئیسڕائیل و تورکیا، هەیە کە دوو دەوڵەتی عەرەبی نین. ھەروەھا چ کاریگەریەکی لەسەر عێراق و لوبنان و میسرو ئوردن، وێڕای دەریای سپی ناوەڕاست ھەیە. جگەلەوەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەسێ بەشی کوردستانەوە ھەیە. ڕۆژئاوا و باشور و باکوری کوردستان.
   ئەگەر لەتەقینەوەی کێشەی غەزەو لوبنان، گومانێک ھەبووبێت کە دەوڵەتە گەورەکان و دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیان بە ڕێکەوتنی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبوبێ، لەدوای تەقینەوەی کێشەکانی سوریا، ئیتر یەکلا بۆتەوە ھەم دەوڵەتە گەورەکان بڕیای ستراتیجی نوێ سەبارەت بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدەن. ھەم دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو ، تەنانەت ووڵاتانی مەغریبی عەرەبیش، ناتوانن سیستەمی حوکمڕانییەکەیان  لەو گۆڕانکارییە ستراتیجیە نێودەوڵەتییە، دوور ڕابگرن. کە سیستەمێکی فرەجەمسەری بەرژەوەند ناکۆک،  بەرەو جەنگی ساردی دووەم، بەڕێوەیە.
   ڕوسیا بەحوکمی شەڕی ئۆکرانیا، پێدەچێ نەتوانێ لەشەڕگەی سوریادا قورساییەکی جەنگینی تەواو، وەکو زلھێزێک بەکار بھێنێت. ھەروەھا ئێران بەحوکمی ئەنجامی شەڕەکانی حەماس و حیزب للە کەتاڕادەیەک تێک شکێنراون،  دژوارە بتوانێ ڕاستەوخۆ تێوەبگلێتە جەنگی ناوخۆی سوریا. بەتایبەتی لەم دوو ڕۆژە، ترامپ ھەڕەشەی دۆزەخی لەو سەرکردانە کرد، ئەگەر دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد نەکەن. ڕوسیا پشتیوانی ئەسەد دەکات،  بەڵام جەنگێکی وەکو ئۆکرانیای بۆناکات. ئێران یارمەتیەکی زۆری ئەسەد دەدات،  بەڵام بەقورسی دەبینین  ڕاستەوخۆ بچێتە ناو جەنگەکەوە. ئەگەر پێویست بکات ھێزە چەکدارەکانی شیعەی عێراق دەنێرێتە دیمەشق، ڕەنگە بۆ ئیدلیب و حەڵەبیشیان بنێرێت. بەمەرجێ لەگەڵ ئەمریکا ڕوبەڕو نەبێتەوە.
    ئەم تێکھەڵچونەی ناو سوریا،  دەرفەتێک بوو ھەم لەئاستی نێودەوڵەتی، ھەروەھا لەناو سوریا بیر لەجۆرێک چارەسەری سیاسی لەگەڵ پەیەدە و ئەنەکەسە بکرێتەوە. بەتایبەتی تورکیا ناڕاستەوخۆ خزاوەتە ناو شەڕو شۆڕەکەوە. ئێستاش ڕەنگە ئەو دەرفەتە مابێت ڕۆژئاوای کوردستان دۆخەکە لەبەرژەوەندی بەشێکی مافەسیاسیەکان بقۆزنەوە، بەڕێگەی ئاشتەوایی، ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و بەپاساوی جۆراو جۆر پەیەدە تێوەنەگلێتە شەڕەکەوە. باشترین ڕێباز بۆ پەیەدە بەرگری لەخۆکردنە نەک ھێرش بردن.
    لەگریمانەی سەرکەوتنی ھێزە ئیسلامییە چەکدارەکان لە سوریا، مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕەکە ھەم بۆ عێراق ھەم بۆ کوردستان ھەیە. عێراق ئەتوانێ بەرگەی مەترسیەکی وابگرێت. بەڵام کوردستانی عێراق،  بەم ھەموو کێشەو بێشەو قەیرانەوە، ناتوانین دڵنیابین وەکو شەڕی داعش، بتوانێ سەرکەوتو بێت.
    با ئەوەش بڵێین چارەنوسی باکوری کوردستان، لەم دۆخەی سوریاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، تاڕادەیەکی زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری ڕۆژئاوای کوردستان و پەیەدە. بۆیە واچاکە، پەکەکە،  ھاندەری پەیەدە نەبێ بکەوێتە ھێرش بردن، بەڵکو لێگەڕێن پەیەدە تەنھا بەرگری لەخۆی بکات.ھاوکات دەبێت وریای ئەوەشبن، دەرفەتی ئازاد کردنی بەڕێز ئۆجەلال لەبار نەبرێت. چونکە ئازاد کردنی بەڕێز ئۆجەلان،  بەپێی پڕۆژەیەکی ئاشتەوای سیاسی، لەبەر ڕۆشنای گۆڕانکارییەکانی سەردەم و ئەو ستراتیجییە نوێییەی لەلایەن دەوڵەتەگەورەکانەوە، بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، دەرفەتە بۆ چارەسەرێکی مام ناوەندی سیاسی تورکیا و باکوری کوردستانیش. ھەلو مەرجەکەش ڕەخساوە، ھەموو لایەک بڕیارێکی مێژووی وابدات.