مەلا بەختیار لەگەڵ لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ کۆدەبێتەوە

کوردستان 10/09/2024

مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ:
کە بیناکانیان داگیر کردوین، بۆیان نیە چالاکیەکانمان داگیربکەن
ئەوەی فێستیڤاڵی گەلاوێژی راستەقینەی دەوێت، ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین

ئەمڕۆ 10/9/2024 لیژنەی باڵای بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە سەرپەرشتی بەڕێز مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، کۆبۆیەوەو تاوتوێی ئامادەکاریەکانی فێستیڤاڵیان کرد.
لە سەرەتای کۆبونەوکەدا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لەوەکردوە کە ئەم کۆبونەوەیە درێژەپێدەری کۆبونەوەی پێشوی بنکەی روناکبیری گەلاوێژە کە رۆژی (21/8/2024) ئەنجامدراو تێیدا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ درا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک دەستمان بە ئەنجامدانی یەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ کرد، کوردستان خوێنی شەڕی ناوخۆی لێدەتکا، بەڵام ئێمە بەم فێستیڤاڵە ئومێدمان لای نوسەران و روناکبیران دروستکرد، ئەوکاتیش هیچ جیاوازیەکمان لەنێوان نوسەرانی سەرانسەری کوردستاندا نەکردوە. تەنانەت یەک دروشمی فێستیڤاڵ و بڕیارێکیش بۆ حیزب و حیزبایەتی نەنوسراوە. هەرچی کراوەو دەکرێ لە خزمەتی دیموکراسی و رۆشنگەری و سەربەستی ژن و ئازادیی ئەقڵ بوە، نەک پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتی حیزب. وتیشی: بە درێژایی 26 فێستیڤاڵی پێشودا، بە هیچ شیوەیەک حزب دەستوەردانی لە بەرنامە و ستراتیژی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا نەکردوەو بەوپەڕی سەربەخۆیی، کارەکان ئەنجام دراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەلا بەختیار رایگەیاند: کێشەی داگیرکردنی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، کێشەی بنکەی گەلاوێژ نیە بە تەنیا، بەڵکو کیشەی تەواوی سەنتەرەکانی ناو ناوەندەکەیە لەوانە: پلاتفۆڕمی دابران،  فێمێنیزمی رۆشنگەری، رادیۆی مەدەنیەت، چوار سایت، هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، هۆڵی دیالۆگ، بەڕێوەبردنی سیمیناری هەفتانەو دەرکردنی گۆڤار و پەیجەکان، بۆیە هاتنە سەر ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، قفڵدانی کۆی ئەو سەنتەر و بەش و چالاکیانەیە نەک بە تەنیا بنکەی گەلاوێژ. لەگەڵ ئەوەشدا کە بیناکانیان داگیرکردوە، بەڵام بۆیان نیە چالاکیەکانیشمان داگیر بکەن.
ناوبراو جەختی لەوەکردەوە: ئێمە لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوام دەبین و هەموو ئەو روناکبیر و نوسەرانەی لە بیست و شەش ساڵی رابردودا خەمی ئەدەب و مەعریفە و رۆشنگەری  کۆیکردوینەتەوە، بە پاڵپشتی خۆمانیان دەزانین، بۆیە ئەوەی فێستیڤاڵی راستەقینەی دەوێت، ئێمە بەردەوام دەبین، ئەوەشی خەڵکی دیکەی دەوێت ئەویش ئازادە، مێژوش دەریدەخات کێ خاوەندارێتی راستەقینەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکات، بێگومانیش خۆم سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵم و  پەیوەندی  و متمانەیەیەکی بەهێز لە نێوان من و نوسەرانی عەرەب و نوسەرانی تەواوی کوردستان دروست بوە، بۆیە بە پشتیوانی خەمخۆران و دۆستانی رۆشنبیری، بەردەوام دەبین. ناهێڵین کاروانی رۆشنگەری و مەعریفە و ئازادیی ئەقڵ، بە روداوێکی نەخوازراو، پەکبخرێت.
هاوکات لێرەوە نوسەران و شاعیران و ئەدیبان ئاگاداردەکەینەوە کە بابەتەکانیان بۆ ئەم ئیمەیلەی خوارەوە بنێرن:
[email protected]

 




وێنەی ئەرشیف:  کۆبونەوەی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ، لەگەڵ بەڕێز مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ رۆژی (21/8/2024) کە تێیدا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ درا.