د. ئیسماعیل مەحمودی: تەباتەبایی پێیوایە بەهۆی عەرەب و تورکەکانەوە، ئەندێشەی سیاسی ئێران ئاوابوە

کوردستان 31/08/2024


رۆژی 31\8\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (گوتاری ئێران شاری و سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی- خوێدنەوەیەک بۆ ئەندێشەی بیرمەندی گەورەی ئێرانی سەید جەوادی تەباتەبایی)، بۆ د. ئیسماعیل مەحمودی بەڕێوچوو.
لە سەرەتای باسەکەدا، ناوبراو ئاماژەی بە سەرهەڵدانی سێ قۆناغی رەوتی رۆشنبیری ئێرانی کرد و وتی: رەوتی رۆشنبیری ئێرانی، لەسەدەی نۆزدەدا دەردەکەوێت، لەوێوە شوناسی ئێرانی سەرهەڵدەدات، نەوەی دوەمی رۆشنبیری، لە بەرلین کۆدەبنەوە، دوو گۆڤار دەردەکەن بەناوی ئێرانشهەر و فرهنگساز، لەوێوە قۆناغی سەرهەڵدانی رەزاشای پەهلەوەی و ئێرانی مۆدێرن دێتە کایەوە. نەوەی سێیەمیش روناکبیرانی دژە رۆژئاوان، کە لەوێوە گوتاری دژە رۆژئاوایی لە ئێراندا دروست دەبێت، زەمینە خۆش دەکات بۆ دامەزراندنی موجاهیدین و حزبی تودە، کە دژە ئەمریکایین، خودی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش بەرهەمی ئەو گوتارە بوو.
د. ئیسماعیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتی: ئێستا لە ئێران گوتاری ئێرانشاری زاڵە، چەندین زانکۆ داوایان کردوە ئێران شاری بکرێتە پڕۆگرام، کە  گوتارێکی توندی ناسیۆنالیستیە و رێبەری ئەم گوتارەش سەید جەواد تەباتەباییە. وتیشی:  تەباتەبایی دوو پرۆژەی سەرەکی هەیە کە شەش کتێبە، سێینەی یەکەمیان باس لە ئاوابونی ئەندێشەی سیاسی ئێران دەکات و پێیوایە لە دوای هاتنی عەرەبە موسوڵمانەکان بۆ ئێران ئەندێشەی سیاسی ئێرانی توشی داڕمان بوە، کە تورکەکانیش هاتن عیرفان سەری هەڵدا کە زیانی لە ئەندێشەی ئیرانی دا، بۆیە بەهۆی عەرەب و تورکەکانەوە، ئەندێشەی سیاسی ئێرانی ئاوابوە. وتیشی: سیانەی دووەمی پرۆژەکەی تەباتەبایی، باس لە داڕمانی شارستانی ئێران دەکات، ئەو پێیوایە سەرەتای داڕمانی شارستانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەفەویەکان، چونکە ئەوان مەزهەبی شیعەیان تەبەنی کرد و دەوڵەت کەوتە خزمەتکردنی ئاین لەکاتێکدا لە شارستانیەتی دێرینی ئێراندا ئاین لە خزمەتی دەوڵەتدا بوو، تەباتەبایی پێیوایە لەو کاتەدا رۆژئاوا خەریکی بە سیکۆلاریکردنی دەوڵەت بون، بەڵام سەفەویەکان دەوڵەتیان خستە خزمەتی ئاینەوە. هەر بۆیە لە ناو فکری ئێرانشاریدا، دین خزمەت بە دەوڵەتداری دەکات نەک بە پێچەوانەوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ئیسماعیل، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، بەشی زۆریان پێیانوابوو، تەباتەبایی زیاتر وەکو کەسێکی شۆڤێنی و پان ئێرانیزم دەردەکەوێت نەک وەکو ناسیۆنالیستێکی ئاسایی، بۆیە ئەم فکرە زیان بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەگەیەنێت و کورد دەبێت رەخنە لەم فکرەیە بگرێت، هاوکات هەندێکی دیکە پێیانوابوو، بەهێزبونی ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شۆڤێنی، لە ئەنجامی لاوازیی ناسیۆنالسیتی دیموکراسیە، کە هێشتا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیاندا لە ئێران دیموکراسی لاوازەو ئەمەش وایکردوە گوتاری ئاینی و مەزهەبی زاڵ بێت بەسەر گوتاری ناسیۆنالیزمیدا.