بەرەو (٢٧)مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ
بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ سازکردنی (٢٧)مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (21/8/2024)، مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لەگەڵ دەستەی باڵای بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەلا بەختیار باسی لەڕۆڵ و گرنگی و بەردەوامی فێستیڤاڵ کردو ئاماژەی بەوەکرد کە سەرەڕای ئەم بارودۆخ و قەیرانە ئابوورییە، بەڵام نابێت فێستیڤاڵی گەلاوێژ پەکبخرێت، هەربۆیە وەک ئەوەی بەڵێنماندابوو فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوام دەبێت، هیواشیخواست نووسەران و ئازادیخوازان لە (٢٦) فێستیڤاڵی رابردوودا، لەوە تێگەیشتبن کە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ خزمەتی نووسەران و قەڵەمی تازەو ئازادیخوازان و برەودان بووبێت بەداهێنان و دیدگای ڕۆشنگەرانە و هەوڵیدابێت بۆ دروستکردنی دیالۆگی کلتوری.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پێشنیارو سەرنج و بۆچوونەکان بۆ ڕێکخستنی (٢٧)مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەلایەن ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکران و بڕیاردرا کە لەمانگی (١٢)ی ٢٠٢٤، فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەشاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەڕۆژی (٢٥/٨/٢٠٢٤ تا ٢٥/١٠/٢٠٢٤) بابەتەکانی بواری (شیعرو چیرۆک و لێکۆڵینەوە) بەم ئیمەیلە وەردەگیرێن.
[email protected]