حزب لەنێوان گۆڕان و پوکانەوەدا
کاوسێن بابەکر
جورج ئۆرویل؛ لەم سەردەمەدا شتێک نییە ناوی دوور لەسیاسەت بێ، هەموو بابەتەکان بابەتی سیاسین.
داروین؛ مانەوە بۆ بەهێزتر و زیرەکترەکان نیە، بەڵکو مانەوە بۆ ئەوانەیە کە زۆرترین وەڵامدانەوەیان هەیە بۆ گۆڕان.
کۆمەڵگای ئێمە لەنێو دەریای سیاسەتدا دەکوڵێ، شتێک نیەو نەماوە پەیوەندی بەسیاسەت و تەنانەت حزبەکانیشەوە نەبێ. لەدونیای ئێمەدا نەک سیاسەت، بەڵکو حزب بوە بە هەموو شتیک، بوە بە وەزیفە، بووە بە مووچە، بووە بە کارو کاسپی، دوکان و کۆمپانیا، تەنها نەبووە بەحزبی نیشتمان و خەڵکی زەحمەتکێش و نەتەوەی بندەست و بێدەوڵەتی کورد.
بەدیوەکەی تردا حزبیش ئەرکەکەی خۆی لەدەستداوەو پرەنسیپ و بەرنامەکەی هەر لەسەر کاغەزەو ئەرکەکەی بووە بە کۆکردنەوەی خەڵک و ڕازیکردنیان بە مووچەو کارو کاسپیەک و ئیدارەدانیان، دوور لە ئامانجە ستراتیژیەکان و مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، هەموو خەون و خەمەکانی حزب لە مانەوەی سەرۆک و سەرکردەی حزب دەستەڵاتە دارایی و سەربازی و ئەمنیەکانە لەدەست حزبدا. ئەویش لەپێناو فراوانکردن و مانەوەی پڕۆژە ئابوریەکانیان.
ئێستا دەبینین حزبەکان بە ئۆپزسیۆن و دەستەڵاتەوە لەهەوڵی دەستەڵاتدان لەڕیی بەشداری لەحکومەتدا، ئەویش بریتیە لە چەند دامودەزگایەک دوور لە دامەزراوەیی و دوور لە پلانی ستراتیژی دوور مەوداو پلانی ئابوری و بەهیزکردنی ژێرخانی وولات. حزبەکان لەقەیرانی بنگەییدان قەیرانێک کەمترین متمانەی خەڵکیان پێیە، کە ناتوانن بەسەر کێشەکانیاندا سەرکەون و هەولی چارەسەریشیان لەدەستدا نییە. لەچاوەڕوانی قەیرانی گەورەتردا دوور نیە بگەنە قۆناغێک ئیدی درەنگ بووبێ بۆ چارەسەر و بەخۆدا چوونەوە. لەولاشەوە پەرلەمان هیچ دەستەڵاتێکی نیەو بووە بە پاشکۆی حزبەکان، نەدەتوانێت لێپێچینەوە لەوەزیرێک بکات، نەدەتوانێت یاسایەک،کۆپی کەیسی پڕۆژە یاساکانی کە لەلایەن حزبەوە پێیان دەگات، هەمواریان بکاتەوە، تەنانەت بودجەو سندوقی داهاتی نەوت کە پێشتر بەڕێکەوت ڕێیان لەوێ کەوتبو بەبڕیاری حزب، پەرلەمان بەدەرکران و فڕێدرانە دەرەوە!. ئالەم دۆخەدا کە خەڵک بەرەو بێبڕوایی و بێهیواییەکی کوشندە چووە. پرسیارە چارەسەرەکە کە ڕۆژانە دەیانجار خەڵک لەیەکتری دەکەن ئەوە یە؛ ئایا زەمینەو هەلومەرجی پارتێکی تازە کە وەڵامدەرەوەی داخوازیەکانی خەڵک بێ و ئاڵای چارەسەرێکی رادیکاڵانە، لەڕوانگەی دێموکراسیەوە بەرز دەکاتەوەو کۆتایی بەم گەندەڵی و کەمەترخەمیە سیاسیە ئیداریە بێنێ و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بکاتە خەم و خولیای سەرەکی خۆی، نەهاتووە؟