جەواڵی دڕاوی عێراق لەنێوان ئەمریکا و مشکی خۆماڵیدا

کوردستان 10/08/2024

د. ئالان: لەدوای 2003 ئەمریکا عێراقی تەسلیمی خاوەن میلیشیا و باندی تاوانکاری کرد
مەلا بەختیار: پۆل بریمەر باوەڕی بە فیدراڵیش نەبوو

رۆژی شەممە، 10\8\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (جەواڵی دڕاوی عێراق لەنێوان ئەمریکا و مشکی خۆماڵیدا) بۆ نوسەر و توێژەر د. ئالان ممتاز نوری، بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە سەرەتادا نمونەی ئەو دەوڵەتانەی باس کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە داگیرکراون لە مێژودا، بە تایبەتی ئەڵمانیا و یابان وتی: ئەمریکا بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی جاران و بەریتانیا لە دوای جەنگی دوەمی جیهانی ویستویانە ئەڵمانیا و یابان، بەرەو چاخی کشتوکاڵی ببەنەوەو پیشەسازی تێدا لەناو بەرن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هەردوو وڵاتەکە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا هەنگاویان نا، بۆ نمونە فکرەی شیوعیەت کە ئەمریکا زۆر دژی بوو، بەڵام لەلایەن حاکمی سەربازی ئەمریکاوە لە یابان شیوعیەکان ئازادکران و بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسیان کرد، ئەمەش لەو وڵاتانە بۆیە ئەنجام درا بۆ ئەوەی وڵاتانی داگیرکەر دژەکانی خۆیان رازی بکەن و خۆیان لە شەڕکردن لەگەڵیان دوربخەنەوە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە کاتێک بەریتانیا لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم عێراق داگیردەکات، بۆ ئەوەی لەلایەن هۆزەکانی عێراقەوە دژایەتی ئینگلیز کەمبکرێتەوە، هاتن زەویە کشتوکاڵیەکانی عێراقیان خستە ژێر رکێفی سەرۆک هۆزەکانەوە، ئەمریکاش کاتێک عێراقی داگیرکرد لە ساڵی 2003 هەمان سیاسەتی بەریتانیای پەیڕەوکرد، بەوەی د ەسەڵاتی تەسلیمی ئەو هێزانە کرد کە میلیشیایان هەیە و بەشێکن لە پرۆسەی تاوانکاری لە وڵات، ئەوانیش خۆیان لەو حیزبە سیاسیانەدا بینیەوە کە لە عێراق دەسەڵاتیان وەرگرت، چونکە ئەمریکا خۆی توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی عێراقی نەبوو.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لەوەکرد، ئەمریکا بەرپرسیارە لەو بارودۆخ و سیستەمەی کە لە عێراقدا هاتۆتەکایەوە، لە دوای روخانی سەدام زۆر گرنگیان بە سەرپێخستنی عەقڵیەتی خێڵگەرایی دا لە عێراق بۆ نمونە سەحوەیان لە عێراق هێنایە کایەوە، ئەمریکیەکان خۆیان دەڵێن، ئەبو ریشە کە سەرۆکی سەحوەی ئەنبار بوو، چەتە بوەو لەسەر رێگای ئوردن و عێراق چەتەیی کردوە، بەڵام ئەمریکا دەیکاتە سەرۆکی سەحوەو ئەرکی پاراستنی رێگای عێراق و ئوردنی پێ دەسپێرێت. وتیشی: ئێستا عێراق رەکابەری پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهان دەکات لە گەندەڵیدا، لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانیە کە کوشتن و توندوتیژی کۆمەڵاتی و سیاسی تێدا بەرزە، ئێستا عێراق وڵاتێکە سیستەمێکی هەرەوەزی رێکخراوی باندی تاوان بەڕێوەیدەبات، دەزگا و مەرجەعە دینیەکانی عراقیش پاڵپشتی ئەم سیستەمە دەکەن، بۆیە ئەوەی پێیوایە دەوڵەتی عێراق بەرەو دیموکراسی دەڕوات، ئەوە لە وەهمدا دەژی.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ئالان، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، زۆرینەیان پێیانوابوو کە ئەمریکا لە عێراق هەڵەی زۆر گەورەی کردوە.
هاوکات مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کردو سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو، ناوبراو پێیوابوو، باسکردن لە بارودۆخی ئەڵمانیا و یابانی دوای جەنگی جیهانی دووەم لەگەڵ بارودۆخی عێراقی دوای 2003 پێویستە بەراوردکاریەکی زانستی بکرێت تاکو دەربکەوێت بۆچی لەو دوو وڵاتە سەپاندنی دیموکراسی رودەدات بەڵام لە عێراق رونادات؟ بەپێی دیراسە مێژوییەکانی ئەوکاتە، ئەمریکا لە ترسی سۆڤیەت و چین کە هەردوکیان کۆمۆنیست بون، دەیویست بەزوترین کات بەدیلی دیموکراسی بۆ  یابان دەستەبەربێت، بەڵام ئەمریکا کە عێراق داگیردەکات، کەسێکی وەکو پۆل بریمەر دەکات بە حاکمی عێراق، لە کاتێکدا ناوبراو باوەڕی هەر بە فیدراڵیش نەبوو.
سەبارەت بە پەسەندکردنی فیدراڵیەتی کوردستان لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنە عێراقیەکانی پێش روخانی سەدام، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد، کە خودی خۆی بەشداری کۆنگرەکانی ڤێنا و لەندەن و نیویۆرکی کردوە کە بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی رێکخرا، لەناو ئەو کۆنگرانەدا فیدراڵ قسەی لەسەر کراوە، بەڵام وەکو رازیبونی لایەنە عێراقیەکان بە فیدراڵی کوردستان، لە کۆنگەرەی مەسیف سەڵاحەدین پەسەند کرا.