لە نێوان چەپ و راستدا.. خوێندنەوەیەک بۆ دوا هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا
د. کاوە مەحمود،
سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان: لەدوای سەرکەوتنی چەپەکانی فەرەنسا، دەبێت چەپەکانی
کوردستانیش بیر لە هاوپەیمانێتی فراوان بکەنەوە
ئەمڕۆ 27\7\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی
چاودێر، سیمینارێک بۆ د. کاوە مەحمود نوسەرو توێژەر و سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان
بەناونیشانی (لە نێوان چەپ و راستدا.. خوێندنەوەیەک بۆ دوا هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا)
بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، د. کاوە، باسی لە
هەندێ هۆکار کرد کە بونەتە هۆی هاتنە پێشەوەو سەرکەوتنی هێزە راستڕەوەکان و
راستڕەوە توندڕەوەکانیش بە تایبەتی لە ئەوروپا. لەوانە سەرهەڵدانی قەیرانەکانی ناو
سیستەمی سەرمایەداری بە تایبەتی قەیرانی دارایی کە سیستەمی سەرمایەداری توانای
چارەسەرکردنی نیە. هەروەها بابەتی بێکاری، قەیرانی کۆچبەران و ئەو سیاسەتەی لە بەرامبەریدا
پەیڕەو دەکرێت، لاوازبونی یەکێتی ئەورورپا، گوتاری پۆپۆلیستی، راستڕەوەکان سودیان
لێوەرگرتوەو بەهۆیەوە هاتونتە پێشەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە پاشەکشێی
هێزە چەپەکانی دونیاش کردو وتی: هۆکاری سەرەکی پاشەکشێی چەپەکان، بونی ناکۆکیە
لەناو خۆیاندا، لەسەر زۆر بابەت بۆچونی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە، بۆ نمونە بەرامبەر
شەڕی ئۆکرانیا و روسیا. خاڵێکی تری پاشەکشێی چەپەکان، نەبونی ئەلتەرناتیڤە بەرامبەر
هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە وڵاتەکانی گرتۆتەوە، هەروەها حزبە چەپەکان بونەتە
بەشێک لە سیستەمە تەقلیدیە پەرلەمانیەکانی دونیا و شوناسی خۆیان ون کردوە. هەروەها
لە ڕووی میدیایی و بە تایبەتی میدیا و پەیوەندی نوێوە هێزە چەپەکان لاوازن. وتیشی:
راستڕەوەکان لە ئەوروپا و ئیسلامیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سودی زۆریان لە سیستەمی
پەیوەندی نوێ و سۆشیال میدیا وەرگرتوە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی بەهێزبونەوەی چەپ، د.
کاوە ئاماژەی بەوەکرد: چەپ دەبێت شوناسی خۆی ون نەکات، بەڵام دەبێت سود لە فرە
سەرچاوەیی وەربگرێت و بەدوربێت لە دۆگمابون. هەروەها دەبێت جەخت لە عەدالاتی
کۆمەڵایەتی و یەکسانی بکاتەوە. وتیشی: خاڵێکی گرنگی بەهێزبونەوەی چەپ
پێداچونەوەیەتی بە تێکڕای چەمکە تیۆریەکان و نوێکردنەوەی چەمکەکان.
سەبارەت بە سەرکەوتنی بەرەی چەپ لە دوایین
هەڵبژاردنی فەرەنسادا، د. کاوە باسی لەوەکرد: ئەو سەرکەوتنەی (بەرەی خەڵکی نوێ) لە
هەڵبژاردنەکاندا بەدیهێنا، ناکرێت نادیدە بگیرێت وەکو ئەوەی هەندێ کەس نادیدەی
دەگرن و بە سەرکەوتنی هێزی چەپ ناوی نابەن، بەڵام ناشبێت بڵێین سەرکەوتنێکی
گەورەیە و بنەمای سۆشیالیزم چەسپیوە. وتیشی: هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی بەرەی چەپ
لەو هەڵبژاردنەدا، دروستکردنی هاوپەیمانێتی بوو لەنیوان چەند هێز و حزبی چەپی
فەرەنسی، ئێستاش کۆسپ و تەگەرەی زۆر لەبەردەم هاوپەیمانی چەپ هەیە، بۆیە ئەرکیانە
ئەو سەرکەوتنە بپارێزن.
سەبارەت بە سود وەرگرتن لەو ئەزمونەی چەپەکانی
فەرەنسا، د. کاوە وتی: ئەم سەرکەوتنەی چەپەکانی فەرەنسا تەعمیم ناکرێ، بەڵام سودی
بۆ ئێمە هەیە و پێویستە بایەخی پێبدەین، چونکە بردنەوەی چەپەکانی فەرەنسا بەرپرسیارێتی
مێژوویی دەخاتە سەر شانی چەپەکانی کوردستان و دەبێت چەپەکانی کوردستانیش بیر لە دورستکردنی
هاوپەیمانێتیەکی فراوان بکەنەوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. کاوە، بەشێک لە
ئامادەبوان سەرنج و تێبینیەکانیان خستەڕوو، بەشی زۆریان قسەیان لەسەر چەپی
کوردستانی ئەزمونی کوردستان کرد کە نەیانتوانیوە کاری هاوبەش و بە تایبەتی
هاوپەیمانی دروست بکەن.