مەلا بەختیار هەڵسەنگاندن بۆ مێژوی ئاڵای شۆڕش دەکات
رۆژی 17/7/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی
رۆشنگەریی چاودێر، ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش، لە چوار بەرگدا بڵاوکرایەوە. هاوکات
کتێبێکی مەلا بەختیاریش بەناوی (ئاڵای شۆڕش... سەرهەڵدان-
پەلاماردان- یەکگرتن) بڵاوکرایەوە کە تێیدا بەشێکی زۆر لە حەقیقەتە مێژوییەکانی
سەرهەڵدان و دروستبونی ئاڵای شۆڕش
ئاشکرادەکات.
لە مەراسیمەکەدا مەلا بەختیار، کورتە
هەڵسەنگاندنێکی بۆ مێژوی ململانێکانی شاخ کردو تیشکی خستە سەر حەقیقەتە مێژوییەکان،
ئەرشیفکردنی ئەو مێژوەشی بە کارێکی گرنگ بۆ دەرخستنی راستیەکان لەقەڵەم دا. مەلا
بەختیار وتی: دوای چل ساڵ،
لەو روداوانەی کە رویاندا، کاتی خۆیەتی دور لە رق و تۆمەت بە بێژەنگی ویژدان ئەو مێژوە
هەڵبدەینەوە، تاکو سەرئەنجام ساغ بێتەوە ئەو بڕیار و حوکمانەی کاتی خۆی لەسەر
یەکتر وتومانە راست بون یان نا.
مەلا بەختیار لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵسەنگاندنی مێژوی کوردایەتی، لەسەر ئەوە
راناوەستێک کە کەسێک یان رابەرێک یان سەرکردەیەک لە ژیاندا نەماوە، ئیتر نەتوانرێت
بە جاوی رەخنەوە لە مێژوەکەی بڕوانین، لە مێژودا قەبرستان کاریزمای تێدا نیە.
وتیشی: دەموێت لێرەدا وەڵامی ئەو سەرنجە بدەمەوە کە هەندێ کەس دەڵین ئەی بۆ کاتی
خۆی ئەم قسانەتان نەدەکرد کە سەرکردەکان لە ژیاندا بون، لە وەڵامدا دەڵێم: ئەوی
ئەگەر قسەمان نەکردوەو رەخنەمان لە کەموکورتیەکان نەگرتبێت کاتی خۆی؟ ئەی چۆن
ئێستا زیاتر لە دوو هەزار لاپەڕە لە ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش بڵاودەکەینەوە؟ ئەی ئەوانە
قسە نەبون کە کردومان؟
لە درێژەی قسەکانیدا
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد: دوو حەقیقەت لە مێژوی کوردا هەیە کە جێگای داخن، یەکەم
ئەوەیە بە درێژایی مێژوی کورد خۆفرۆشی لە تێکۆشەر زیاتر بوە، دوەمیش ئەوەیە کە
هەمیشە چەواشەکاریەکان زیاتر بوە لە راستیەکان، بۆیە کاتی خۆی چەواشە
و تۆمەت داتاشین بە ئاسانی توانیویەتی رای کادیر و ئەندامانی یەکێتی و کۆمەڵە
بەرامبەر ئاڵای شۆڕش لە دژایەتیدا خۆی ببینێتەوە. بە تایبەتی دوو تۆمەتی زۆر
دەدرایە پاڵ سەرکردایەتی ئاڵای شۆڕش یەکەمیان ئەوەبوو دەیانوت ئاڵای شۆڕش هێزی
عەسکەری جیادەکاتەوە. دوەمیان ئەوەبوو کە دەیانوت ئاڵای شۆڕش دەبێتە حزبێکی عێراقچی
کە ئەمەش وانەبوو، بۆیە لێردە دەڵێم:
لەم بەڵگەنامانەی
ئێستا بڵاویان دەکەینەوە ئەگەر لەیەک دێڕدا ئاڵای شۆڕش ویستبێتی هێز جیا بکاتەوە ئەوە
باوەڕ بە قسەکانم مەکەن، ئەگەریش ویستبێتمان حزبی عێراقی دروست بکەین ئەوە دیسان
باوەڕ بە قسەکانم نەکەن، دەی کاتی خۆی لەسەر ئەو دوو تۆمەتە ئێمە گیراین. لەمەشدا
دەردەکەوێت کە قسەکانی ئێمە راست دەرچون، دەرکەوت کێ کوردستانیە و کێش عێراقی؟ یان
رەخنەمان دەگرت دەمانوت نابێت خەباتی چەکداری بکرێتە ستراتیژ، دەبێت خەباتی مەدەنی و راپەڕینی خەڵک بکرێتە ستراتیژی رزگاریخوازی، لەوەشدا هەر ئێمە راستمان کرد و
هەرێمی کوردستان بە راپەڕینی خەڵک رزگار کرا. ئێستاش دەیڵێم: خەباتی چەکداری وەکو
ستراتیژ ناتوانێ هیچ پارچەیەکی کوردستان رزگار بکات، بەڵکو دەبێت خەباتی چەکداری لە خزمەتی
خەباتی مەدەنی بێت.
سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکیە فکری و ئایدۆلۆژیەکانی ئەوکاتی ناو کۆمەڵەی
رەنجدەران، مەلا بەختیار باسی لەوەکرد کە ئەوکات ئێمە پێمانوابوو دەبێت کۆمەڵە لەسەر
فکری مارکسی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام باڵی راستڕەو پێچەوانەی ئەو هەڵویستە بون و وردەد
وردە فکری مارکسی لەناو کۆمەڵەدا کاڵ دەبۆیەوە بۆیە ئێمەش ئەمەمان پێ قبوڵ
نەدەکرا، ئەوکات چەپ بوین و ئێستاش سیاسەت ناکەم ئەگەر چەپ نەبم.. ئەگەر جیاواز نەبم
ناتوانم سیاسەت بکەم. مەبەستمە بڵێم کە ناکۆکیەکانمان لەسەر پلە و پۆست نەبوو...
لە کۆتایی قسەکانیدا، مەلا بەختیار هیوای خواست کە ئەم ئەرشیفە دەرگایەکەی
نوێ بۆ دەرخستنی حەقیقەتە مێژوییەکان بکاتەوەو توێژەران و ناوەندە ئەکادیمیەکان
بتوانن سودی لێوەربگرن.