ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش لە چوار بەرگدا بڵاوکرایەوە

کوردستان 17/07/2024

رۆژی 17/7/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش، لە چوار بەرگدا بڵاوکرایەوە. ئەرشیفەکە پێکهاتوە لە بەرگی یەکەم- ڕۆژنامەی ئاڵای شۆڕش. بەرگی دووەم: گۆڤارەکان. بەرگی سێیەم: بەڵگەنامە، بەیاننامە و نامە. بەرگی چوارەم: کتێب و بڵاوکراوە.
پڕۆژەکە بە ناونیشانی (پڕۆژەی لەچاپدانی ئەرشیفی ئاڵای شۆڕش- بیبلیۆگرافیا و ئەرشیف، کۆکردنەوە و ڕێنوێنی: سامی هادی، ئامادەکردن و ڕێکخستن: بوار نوورەدین) ئامادەکراوە و تەحسین تۆفیق و کەیوان قادری دیزانیان کردووە، کە ٢١٤٢ لاپەڕەی پێوانە (٢١ بە ٢٩ سم- ئەیفۆڕ)، لە چوار بەرگ پێکهاتووە:

بەرگی یەکەم- ڕۆژنامەی ئاڵای شۆڕش
(ئایاری ١٩٩٠- کانوونی یەکەمی ١٩٩١ و کانوونی دووەمی ١٩٩٢):

لەم بەرگەدا کاک مەلا بەختیار بە ناونیشانی (ئاڵای شۆڕش لە نێوان ویژدان و پاشماوەی ڕقدا) و کاک سامی هادی بە ناونیشانی (پڕۆژەی ئەرشیفکردنی ئاڵای شۆڕش) پێشەکییان نووسیوە، ئامادەکاریش بۆ هەر بەرگێک ڕوونکردنەوە و سەرنجی نووسیوە. لە هەر بەرگێکیشدا، خشتەی خاوەنی ئەرشیفەکان دانراوە.
ناوەرۆکی بەرگی یەکەم بەم شێوەیە ئامادەکراوە: پێڕستی ڕۆژنامەی ئاڵای شۆڕش (بیبلیۆگرافیای نووسەران و وەرگێڕەکان)، کە بە هاوکاریی کاک مەلا بەختیار و کاک سامی هادی، خاوەنی بەشێکی زۆری بابەتەکان ساغ کراونەتەوە، ئەوسا وێنەی ئۆرجیناڵی ڕۆژنامەکە دانراوەتەوە. ئەم بەرگە ٢٩٤ لاپەڕەیە.


بەرگی دووەم: گۆڤارەکان
(تشرینی دووەمی ١٩٨٥- زستانی ١٩٩١)
بیبلیۆگرافیا و ئەرشیف

ناوەرۆکی بەرگی دووەم بەم شێوەیە ئامادەکراوە: زانیاریی گشتیی گۆڤارەکان، پێڕستی گۆڤارەکانی ئاڵای شۆڕش (بیبلیۆگرافیای نووسەران و وەرگێڕەکان)، وێنەی ئۆرجیناڵی گۆڤارەکان: گۆڤاری ئاڵای شۆڕش، ژ.١، تشرینی دووەمی 1985، گۆڤاری هەڵوێست، ژمارە ١، کانوونی دووەمی ١٩٨٦، گۆڤاری هەڵوێست، ژمارە 2، ئازاری ١٩٨٦، گۆڤاری دەنگی کرێکار، ژمارە 1، بێ مێژوو، گۆڤاری دەنگی کرێکار، ژمارە 2، بێ مێژوو، گۆڤاری دەنگی کرێکار، ژمارە 3، ئابی 1987، گۆڤاری دەنگی کرێکار، ژمارە 4، کانوونی یەکەمی 1987، گۆڤاری پەیامی کرێکاران، ژمارە ١، تشرینی یەکەمی 1988، گۆڤاری پەیامی کرێکاران، ژمارە 2، کانوونی دووەمی 1989، گۆڤاری پەیامی کرێکاران، ژمارە ٤، ئابی ١٩٨٩، گۆڤاری نۆژەن، ژمارە 1، زستانی 1991. ئەم بەرگە ٨٠٠ لاپەڕەیە.
بۆ ئەم بەرگە تاکوو ئێستا ژمارە سێی گۆڤاری (پەیامی کرێکاران)مان دەستنەکەوتووە.

بەرگی سێیەم: بەڵگەنامە، بەیاننامە و نامە
١٩٨١-١٩٩٣

ناوەرۆکی بەرگی سێیەم بەم شێوەیە ئامادەکراوە: تەوەرەی یەکەم: چەند بەڵگەنامەیەکی کارگێڕی و دارایی، تەوەرەی دووەم: بەیاننامەکان (42 دانە)، پێڕست و وێنەی ئۆرجیناڵی بەیاننامەکان، تەوەرەی سێیەم: نامەکان (٥٦ دانە)، پێڕست و وێنەی ئۆرجیناڵی نامەکان. ئەم بەرگە ٢٨٨ لاپەڕەیە.

بەرگی چوارەم: کتێب و بڵاوکراوە (21/11/1984-1993)
ناوەرۆکی بەرگی چوارەم بەم شێوەیە ئامادەکراوە: بیبلیۆگرافیا و وێنەی ئۆرجیناڵی کتێب و نامیلکەکان (٣٢ دانە). ئەم بەرگە ٧٦٠ لاپەڕەیە.

چەند زانیاریەک دەربارەی رەوتی ئاڵای شۆڕش
ئاڵای شۆڕش، ڕەوتێکی فیکری و سیاسی بووە، لەپاش یەكەمین كۆنفڕانسی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (مالیمۆس- کانیزەرد و ناوزەنگ، ٧/٥/١٩٨١) بیرۆکەکەی گەڵاڵە بووە و دواجار 21/11/1985 دامەزراوە. ڕەوتەكە حەوت ساڵ بە ڕەسمی تێكۆشاوە و نۆ ساڵ درێژەی هەبووە، تاکوو لە ڕێكکەوتنی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بە بەیاننامەیەكی هاوبەش‌ و لەسەر چەندین پرەنسیپ و خواستی تایبەتی، لە ٢٤/٧/١٩٩٣ بە ناوی (پەیڕەوی یەكگرتن) ڕێككەوتووە.