کلیلەکانی تێگەیشتن لە مەولانا جەلالەدینی بەڵخی- رۆمی

کوردستان پێش 2 هەفتە

د. رێبین: مەولانا سودی لە دیوی ناوەخنی قورئان وەرگرتوە، نەک روکەش

ئەمڕۆ 29\6\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی ( کلیلەکانی تێگەیشتن لە مەولانا جەلالەدینی بەڵخی- رۆمی) بۆ د. رێبین ئەحمەد بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای قسەکانیدا، د. رێبین، باسی لەوەکرد ئێمە لەبەردەم دەیان هەزار لە بەیت و غەزەل و چوارینەکانی مەولاناداین بۆیە لە کاتێکی ئاوا کورتدا ناتوانین قەترەیەک لەو دەریا فراوانەی مەولانا باس بکەین. بەڵام هەندی لایەنی باسی دەکەین کە وەکو کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە مەولانا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی لە مەولانا تێبگەین، دەبێت شارەزایی تەواومان لە قورئان وفەرمودە هەبێت، چونکە بەشێک لە بەیتەکانی مەسنەوی پەیوەندی بە روداو و چیرۆکەکانی ناو قورئان و فەرمودە و مێژوی ئیسلامەوە هەیە، کە ئەگەر شارەزایت لێیان نەبێت ئەوا ناتوانیت لە بەیتەکانی مەولانا بگەیت. وتیشی: قورئان و ئایەتەکانی دوو دیوی هەیە، دیوێکی روکەش و دیوێکی ناوەخن، مەولانا سودی لە دیوی ناوەخنی قورئان وەرگرتوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. رێبین، باسی لەوەکرد کە مەسنەوی مەولانا، پڕە لە پارادۆکس، مەسنەوی دونیای شتە دژ بەیەکەکانە، مانای بەیت و شیعرەکانی وەک چەقۆی دوو سەر وایە و بە هەردولادا کار دەکات. ئەمەشی بە چەند پارچە شیعرێک رونکردەوە.
ناوبراو باسی لە پەیوەندی شەمسی تەبرێزی و مەولانا کردو وتی: مەولانا پێش ئەوە شەمسی تەبرێزی بناسێت، کەسێک غەزالی بوە، بەڵام دوای ئەوەی شەمس دەبینێت و قسەی لەگەڵ دەکات گۆڕانکاری جەوهەری لای مەولانا رودەدات، وەک خۆی دەڵێت شەمس فێری ژیانی کردم. وتیشی: لە دوای ناسینی شەمس، مەولانا وەکو مەلایەک نامێنێتەوە کە لە حوجرە و مینبەر وتاری دینی بدات، بەڵکو بەشێوەی سەروو دین و فیقی ئیسلامی دەڕوانێتە ژیان.
سەبارەت بە مردن و چەمکی مەرگ لای مەولانا، د. رێبین لە ڕێگەی بەیتەکانیەوە بە وردی و بە روونی باسی لەم چەمکە کردو وتی: مەولانا لە بەیتێکدا دەڵێت مردن ترسی ناوێت، یەکەمجار بووم بە بەرد، دواتر مردوم و و بومەتە روەک و ئاژەڵ، پاشان بومەتە مرۆڤ، بۆیە ئەگەر مردم لە مرۆڤەوە دەبمە فریشتەی باڵدار، ئەگەر وەک فریشتەش بمرم ئەوا دەبمە شتێک کە خەیاڵی ناکەم و دەبمە عەدەم، ئەوکات ئایەتی انا للە و انا الە راجیعون ئیسپات دەبێت. وتیشی: مەولانا شەوی مردن بە شەوی زاوایەتی لەقەڵەم دەدات و لە بەیتێکی دیکەدا، مەولانا لە سەرەمەرگدا دەڵێت:  دەردی عیشق دەردێکە جگە لە مردن چارەسەری نیە..
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، د. رێبین باسی لە ناکۆتا کرد لای مەولانا، ئەو وتی: مرۆڤ بۆ ئەوەی لە خۆشی کاتی دونیا رزگاری بێت، دەبێت بگاتە خەمی ناکۆتا، ئەوکات خۆشیەکەشی ناکۆتا دەبێت، ئەمە پێی دەوترێت مرۆڤی مەولانایی، دیکارتی فەیلەسوفیش وا دەڵێت.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. رێبین، ئامادەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، سەرنج لەسەر کەسایەتی شەمسی تەبرێزی هەبوو، کە ئایا واقعیە یان خەیاڵە کە وایکردوە گۆڕانکاری لە فکرو دونیای مەولانادا بکات. لەوبارەوە د. رێبین ئاماژەی بەوەکرد، شەمسی تەبرێزی راست بێت یان خەیاڵ، دروستکراو بێت یان واقیع، گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە مەولانا لە رێگەی ئەوەوە گۆڕانکاری گەورەی تێیدا رودەدات بە جۆرێک کە دوای حەوت سەدە لە مردنی مەولانا، هێشتا بەیت و شیعرەکانی دەخوێنینەوەو قسەیان لەسەر دەکەین.