راپۆرتی سەفەر بۆ شاری خولقێنەری ئەدەبیات لە هەرێمی کوردستانی عێراق

کوردستان 06/06/2024

نووسینی: موختار نوری
بەڕێوەبەری گروپی رەوتە هزرییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین

بەشی یەکەم

پێشەکی
سەرنووسەری بەڕێزی گۆڤاری سیاسەتنامە داوای لێکردم بۆ ژمارە سی ئەم گۆڤارە  لەسەر دوو بابەت بە خواستی خۆم بنووسم. یەکەم پێشنیاری دەگەڕایەوە بۆ نووسینی راپۆرتێک لەسەر سەفەرەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و پێشنیاری دووەمیشی نووسینی وتارێک بوو لەسەر بەرێز داریوشی شایگان. ئەم دوو بابەتە بۆ من زۆر جێگەی سەرنجن، بەڵام بەباشم زانی کورتە راپۆرتێک دەربارەی ئەو دوو سەفەرە بنووسم کە لە پاییزی ٢٠٢٢ بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بۆ شاری روناکبیر پەروەری سلێمانی کردوومە. ئەم هەڵبژاردنە دوو هۆکاری لە پشتە: یەکەمیان من لەم ساڵانەی دواییدا لە دەرفەتگەلی جیاوازدا قسەم لەسەر بیر و ئەنێشەکانی شایگان کردووە و بابەتم لەسەر نووسیوە. وەرزێکی کتێبەکەم بەناوی [راپۆرتەکانی راکابەران دەربارەی مۆدێرنێتەی ئێرانی: نارەزایی و وەفاداری] (انتشارات قصیدهسرا٢٠٠٠) بۆ شایگان تەرخان کردووە و بە بیرمەندێکی وەفادار و لەگەڵیشیدا رەخنەگری مۆدێرنێتەی ئێرانی ناساندووە، لە دانیشتێکی زانستی ئەنجومەنی زانستی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تەباتەبایی تارانیش باسێکم سەبارەت بە [ ئەندێشەی سیاسی شایگان بەرامبەر بە گۆرانکارییەکانی کۆمەڵی ئێرانی] پێشکەش کردووە و دووجاریش بە بیانوی مەراسیمی ناساندنی کتێبی [ یادنامەی داریوش شایگان] کە بە هەوڵی مامۆستای ماندوونەناس عەلی دهباشی بڵاوکرایەوە، لەناو گرووپی رەوەندە هزرییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی رۆژهەڵاتی ناوین و بە هاوکاری گۆڤاری بخارا و دەزگای چاپی زانستی و کلتووری و بە ئامادەبوونی شارەزایان و دۆستە بەڕێزەکانی وەکو فرهنگ رجایی، قدیر نصری، بهرم پروین گنابادی و علی دهباشی سەرنجم خستە سەر ناساندنی  شایگان و سیستمە هزریەکەی. بەدڵنیاییەوە مافی بیرمەندانی وەکو شایگان لەمە زیاترە، ئەوەبوو ئەنجامدانی ئەو جۆرە هەوڵدانە هزرییانە چەندیش بچووک بن بۆ ناساندنی مامۆستایەکی مەزنی وەکو شایگان، هانیدام راپۆرتێک دەربارەی سەفەرەکەم بۆ هەرێمی کوردستان پێشەکەش بە خوێنەرانی سیاسەتنامە بکەم. دەبێت سەرنجی ئەم خاڵەش بدەین کە داریوش شایگان وەک نموونەیەکی هزری و کەسایەتییەکی گرنگ بۆ کەسانی وەک بەندە، ئەویش ئەهلی سەفەر و گەڕان بوو، هەم سەفەری گەشتوگوزاری و هەم سەفەری هزری و هەم سەفەری شوناسگەڕانە و تەمەنی بەبەرەکەتی خۆی لە رێگای ناسینی زمان، کلتوور، ئایین، ئەندێشە و شوناسە جیاوازەکانی جیهان بەسەربرد. هەنوکە لەپای رێز و ستایشی یاد و پێگەی ئەم مامۆستا پایەبەرزە ئێرانییە کە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٣ شەش ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا تێدەپەرێت، دەخوازم راپۆرتێکی چڕ سەبارەت بە سەفەرکردنم بۆ هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی پێشکەش بکەم، کە بە شاری (پایتەختی رۆشنبیری هەرێم) ناسراوە. بێگومان دەکرێت لە هەر سەفەرێکدا سەرنجی چەند لایەنێکی جیاواز بدەین، کە لەم ماوە کورتەدا من تەنها دەمەوێت بەپێی خواستی ناوەکی و پسپۆڕییەکەم، ئاماژە بۆ سێ رەهەندی هزری و کلتووری بکەم: سەرەتا لە شاری سلێمانی و پێگە ئەدەبی، کلتووری و روناکبیریەکەیەوە دەست پێدەکەم، لە هەنگاوی دواتردا لەسەر گرنگترین روداوو پڕۆگرامە کلتوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەسەر فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ قسە دەکەم و لە هەنگاوی سێیەمدا دەپەرژێمە سەر ناساندنی یەکێک لە رووخسارە سیاسی و کلتوورییە بەناوبانگەکانی هەرێمی کوردستان، بەناوی حیکمەت محەمەد کەریم، کە لەماوەی چەند دەهەی رابردوو هەوڵە هزری و کلتوورییە بەنرخ و گرنگەکانی لەو ناوچەیەدا، شایانی سەرنجن. هیوادارم ئەم راپۆرتە هەڵگری هەندێک بابەتی نوێ بێت بۆ خوێنەرە بەڕێزەکانی گۆڤاری سیاسەتنامە و ببێتە هۆی گەشە پێدانی تیێگەیشتنمان لە جیهانی دەورووبەرمان و گەشەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشە فەرهەنگییەکانی نێوان ئێمە و دراوسێکانمان.

سلێمانی: شاری خولقێنەری ئەدەبیات
یەکەم سەفەر بە مەبەستی ئامادە بوون بوو لە بیستوشەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ (بەمانای ئەستێرەی سیوەیل) لە شاری سلێمانی. لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فێسیڤاڵەوە بۆ پێشکەشکردنی وتارێک سەبارەت بە گۆڕانکارییە هزری و روناکبیرییەکانی ئێرانی هاوچەرخ، بانگهێشت کرام. ئەم سەفەرە بە هاوڕێیەتی هەندێک دۆست و مامۆستای تری کۆمەڵی روناکبیری و زانکۆیی ئێران ئەنجام درا و لە پانێڵە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا، توێژینەوەکانمان پێكشەش کرد. گەیشتنمان بە فرۆکەخانەی شاری سلێمانی لەلایەن بەرپرسانی فێستیڤاڵەکەوە پێشوازییەکی گەرم و دۆستانەی لێکرا، شارێک بە سیمایەکی تاڕادەیک نوێ و مۆدێرنیستییانە، کە هەڵبەتە بازاڕی ئەندێشە و گفتوگۆش لەم شارەدا گەرمە. شارێک بە خەڵکانێکی میوانپەرێژ و خوێنگەرمەوە، کە سەفەرکردن بۆی، دەکرێت بۆ ئەهلی سەفەر و ئەندێشە سەرنجڕاکێش بێت. سلێمانی و هەولێر بە دوو پارێزگای بنەڕەتی هەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێن، چەند هەولێر وەک شارێکی سیاسی و ئابوری و چەقی هاوکێشە سیاسی و ئابورییەکان و نماکانی دەسەڵات ناسراوە، سلێمانیش شارێکە بە پێکهاتێکی روناکبیرانەی کلتووری و ئەدەبییەوە. بە پێچەوانەی هەولێرەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکرات و بارزانییەکاندایە و مەیلی بۆ تورکیا زیاترە، سلێمانی لەلایەن یەکیەتی نیشتیمانیەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لە سەردەمی رابەرێکی کاریزماتیکی وەک (مام جەلال تاڵەبانی) لە رابردوو تا هەنوکە بەگشتی ئاراستەی بەرەو ئێرانە. سرووشتی کوێستانی ئەم شارە جوانە و خەڵکەکەی زۆربەی بە لەهجەی کوردی سۆرانی قسە دەکەن و لە دیمەنە کۆمەڵایەتیەکەیدا سونی، شیعە، فەیلی، تورکمان، مەسیحی و مەزهەبەکانی تریش بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە دەژین. لەم شارەدا هەندێک سنورداریەتی لە بەرگپۆشینی جیاوازدا دەبینرێت و بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئاستی تاوان و توشبووی مادە سڕکەرەکان زۆر نزمە. بەم پێیە، بە رای من گرنگترین تایبەتمەندی سلێمانی رووە ئەدەبی و روناکبیرییەکەیەتی و چاوخشاندنێکی مەیدانی بەم شارەدا، بە روونی ئەو تایبەتمەندیە دەردەخات. رەسەنایەتی ئەم شارە لە سەرەتای دامەزراندییەوە لە سەردەمی حوکمڕانی بابانەکانەوە (زنجیرەیەک لە حوکمڕانە لۆکاڵییەکانی کورد لەناو قەڵەمرەوی ئیمپڕاتۆری عوسمانی) بەردەوام بە پەناگەی شاعیران، نووسەران، مێژونووسان، زانایان و هونەرمەندان ناسراوە. شایانی باسە کۆنترین چاپخانەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەم شارەوە و یەکەمین رۆژنامەی کوردی ئەو هەرێمەش لەم شارەدا چاپکراوە. هەروەها سلێمانی گەورەترین ناوەندی بەڵگەنامە مێژووییەکانی جیهانی بەناوی: "بنکەی ژین" لەخۆگرتووە. ئەم ناوەندی بەڵگەنامانە، گەلێک بەڵگەنامە و نووسراوی گرنگی بە گشتی بە زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی، لە ئەرشیفی خۆیدا پاراستووە، که بۆ توێژەر و لێکۆڵەرەکانی بواری هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق و بگرە رۆژهەڵاتی ناوینیش زۆر گرنگ و بەسوودن. توێژەران دەتوانن بەشێوەیەکی کاتی و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زانستی لەم شارە نێشتەجێ ببن. رەنگە باسکردنی ئەمەش جێگەی سەرنج بێت، کە بەرهەمی زۆربەی روناکبیر و نووسەرە هاوچەرخە ئێرانییەکان لە سلێمانی کراوە بە کوردی و لەو ناوەندە ئەرشیفییانەدا پارێزراون. پارکە بەناوبانگەکەی ئەم شارە کە ناوی "پارکی ئازادی"یە و وەک مەڵبەندی هەندێک ناوەندی گشتی گفتوگۆی رەخنەگرانەی روناکبیرانە لە دژی سیاسەتەکانی هەرێم، لەلایەن جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق، درووستکراوە. گەر لە باسی  شاعیر و غەزەلووسە کەونەکانی وەکو نالی، سالم، مەحوی و حاجی قادری کۆیی تێپەڕین کە پەیکەرەکانیان وەک نیشانەی رێزلێنان لەناو شاردا دانراون، هەنوکە ئەدەبیات، موزیک و روناکبیری ئەم شارە بە کەسانی وەکو شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی و مەزهەری خالقی، عەبدوڵا پەشێو، تەڵعەت تاهیر، شێرزاد حەسەن، لەتیف هەڵمەت و... دەناسرێتەوە. وێنەی ئەم روناکبیر و کەسایەتییە زانستییانە بە شێوەی جیاواز و لە قاڵبی تابلۆی گەورە، لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانیدا هەڵواسراون و بە بینینی وێنەکانیان ئەم هەست و تێگەیشتنە لە ناخی مرۆڤدا درووست دەبێت، کە ئەم شارە رێز لە روناکبیرەکانی دەگرێت. لە ئێستادا زۆربەی بەرهەمەکانی ئەم شاعیر و روناکبیرە هاوچەرخانە، نەک تەنها کراون بە زمانی فارسی، بەڵکو بە زمانە جیاوازە جیهانییەکانیش چاپ کراون. بەختیار عەلی که ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی توانیویەتی وەک روناکبیرێک لە تاراوگە، رۆڵێکی گرنگی بۆ پەرەپێدانی ئەدەبیاتی کوردی بۆسەر ئاستی جیهانی هەبێت و شێرکۆ بێکەسیش وەک هەڵگری نازناوی ئیمڕاتۆری شیعر لە جیهاندا، زۆر بەناوبانگە. کەواتە، بە رەچاوکردنی بوونی ئەم ئەزمون و کەسایەتییە فەرهەنگیانەیە، کە بە درووستی، شاری سلێمانی لەلایەن دامەزراوەی جیهانی یۆنسکۆوە نازناوی شاری خولقێنەر (شاری ئەفراندن، City Creative)ی لە بواری ئەدەبیاتدا  بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە. بیرۆکەی شاری ئەفرێنەر، سەرەتا چەندین ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بیرمەندێک بەناوی ریچارد فلۆریدا و لە کتێبی "شاری ئەفرێنەر، چینی ئەفرێنەر" تیۆریزە کرا و وردە وردە بۆ ناساندنی زۆربەی شارەکانی جیهان، وەک بیرۆکەیەکی کارا بەکارهێنرا. وەکو چۆن هەندێک شاری ئێرانیش لەوانە سنە بە شاری ئەفرێنەری موزیک و رەشت بە شاری ئەفرێنەری خواردنناسی، ئیسفەهان بە شاری ئەفرێنەری کاری دەست، خرانە ریزی تۆڕی جیهانی شارە ئەفرێنەرەکانەوە. ئامادەبوون لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ ئاساییە ئەویش لە شارێکدا کە وەک شاری ئەفرێنەری ئەدەبیات و پایتەختی روناکبیری هەرێمێک ناسراوە، وەک ژینگەیەکی تاڕادەیەک پارێزراو ببێتە لانەکەی سازدانی روداو و بەرنامەی کلتووری. تێبینییەکانم بەدرێژایی ئەم سەفەرانە گوزارشت لەوە دەکەن لەناو خەڵکی سلێمانی و بەتایبەت ئەهلی بیر، گفتوگۆ نەریت و ئاینێکی گەرم و دۆستانەیە. گفتوگۆ کورتەکانم لەگەڵ هەندێک کەسایەتی روناکبیری ئەم شارە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گفتوگۆ بۆ ئەوان رەوشێکی پڕ بایەخە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. کەناڵە تەلەڤیزیۆنی و میدیاکان ئازاد وبەردەوام سەرقاڵی بەرهەمهێنانی پڕۆگرامی نوێن، رۆژنامە و گۆڤارەکانیش چالاکن و وێستگە رادیۆییەکانیش کاران. وەک ئەوەی من تێگەیشتم، بەدرێژایی مانگە جیاوازەکانی ساڵ بەرنامەی هزری و کلتووری جیاواز لەلایەن حیزب و بزوتنەوە سیاسییە جیاوازەکانەوە لە شاری سلێمانی ساز دەکرێن. رەهەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکەی بەرنامە کلتوریەکانیان ئاشکرا و دیارن و لەم روداوانەدا کەسایەتییە هزری، کلتووری و سیاسی جیاوازی رۆژهەڵاتی ناوین، رۆژئاوا و ناوچەکانیتری جیهان ئامادەن. یەکێک لە بەناوبانگترین روداوە کلتورییەکانی هەرێم و شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژە، کە تا نووسینی ئەم بابەتە ٢٦ خولی بێ دابڕان ساز کراوە. سەرپەرشتیاری گشتی ئەم فێستیڤاڵە لەپێشینە و گرنگە، لە ئەستۆی حکمت محمد کریمە، که لە هەرێمی کوردستان بە (مەلا بەختیار) ناسراوە. بەڕێزیان ئەم فێستیڤاڵەی لە ساڵی ١٩٩٧ و لەناو کێشمەکێش و ئاڵەنگارییە سیاسییەکانی نێوان کوردانی هەرێم و دەوڵەتی عێراق دەستپێکرد و تا هەنوکەش بیست و شەش خوولی بە ئامانجی رەواج پێدانی ئاشتی و پەرەپێدانی ئەندێشە و کەلتوور لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین سازکردووە. بەو چەشنەی ئامادەکارنی فێستیڤاڵ و بەتایبەت سەرپەرشتیاری گشتی بە روونی جەختی لێ دەکردەوە، ئامانجی سەرەکییان رەواج پێدانی ئاشتی و پەرەپێدانی ئەندێشە و کەلتورە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و تەنەنات لە جیهاندا.  هەروەها ئەو بەڕێزانە بەدرێژایی ساڵانی سازکردنی ئەم کۆنفرانسە، سەرباری گرنگیدان بە کەلتوورە جیاوازەکانی جیهان، هەموو ساڵێک رۆژێکیان بۆ کەلتووری ئێران تەرخان کردووە و لەم روانگەیەوە پەرژاونەتە سەر بابەتگلەی جیاوازی وەک فەلسەفە، روناکبیری، هونەر، ئەدەبیات و موزیکی ئێرانی. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدرێژایی ئەو سێ دەیەی تەمەنی ئەم فێستیڤاڵە فیکری و کەلتوورییەی لە سلێمانی ساز دەکرێت، هونەرمەندان، رۆشنبیران، شاعیران، ئەکتەرەکان، زانکۆییەکان و روناکبیری وەکو شمس لنگرودی، علی اشرف درویشیان، حافظ موسوی، سیدعلی صالحی، شهرام ناظری، نوید محمدزاده، قطب الدین صادقی، عباس مخبر، محمد راغب، نرگس مساوات، محمد صنعتی، محمدرضا شعیری، مرضیه خرسند، ارسطو میرانی، اقبال معتضدی، غلامرضا امامی و ... لە ئێرانەوە بەشدارییان کردووە. هەڵبەتە سەرباری ئێرانییەکان، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو کەسانی زانستی دیاری وەکو ئالان تۆرێنی کۆمەڵناسی بەناوبانگی فەرەنسی و ئەدۆنیسی شاعیری بەناوبانگی عەرەب و گەلێک کەسایەتی زانستی و ئەدەبی جیهان میوانی خەڵکی میواندۆستی سلێمانی بوون. منیش ئەم شانازییەم پێ بڕا کە لەتەک هەندێک دۆست و مامۆستای بەڕێزی تر لە ئێرانەوە (دکتۆر نعمت اللە فاضلی ئەنسرۆپۆلۆژیست و ئوستادی خانەنشینی توێژینگەی زانستە مرۆییەکان و توێژینەوەی کەلتووری) لە خوولی ٢٦ی ئەم فێستیڤاڵە بەشدار بم. توێژینەوەکانی ئێمە، لە پانێڵە جیاوازەکاندا پەیوەست بوون بە بابەتگەلی وەکو (روناکبیرانی ئێرانی و رووبەڕووبوونەوەی مۆدێڕنێتە) و (مۆدێرنێتەی هاوبەشی رۆژهەڵاتی ناوین). روناکبیرانی وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە لەم پانێلانەدا ئامادە دەبوون و گفتوگۆکان دەربارەی شێوەی جیاوازی مامەڵەکردنی وڵاتانی ناوچەکە بوو، لەگەڵ پرسی مۆدێرنێتەی رۆژئاوایی و لە کۆتایشدا تێگەشتنە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرا.