به‌ڕێز ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئایا به‌رگری له‌ سوتاندنی باره‌گای یه‌كگرتوو كراوه‌؟

کوردستان 18/05/2024


به‌شی توێژینه‌وه‌ی چاودێر
به‌شی پێنجه‌م

كاكه‌ هه‌ڵه‌دنی.. له‌ سیره‌وه‌ بۆ پیازی تێكه‌ڵی وتاره‌كه‌ی كردووه‌. وتاره‌كه‌، نه‌ سیاسییه‌ و نه‌ ئاینییه‌ و نه‌ عه‌شائیری. هه‌ڵچونێكی ئاشكرایه‌ به‌رامبه‌ر كۆنفرانسی دابڕان.. رۆشنگه‌ری. له‌ باسی كچێكی یه‌كه‌می سه‌رپۆشی شاره‌كه‌وه‌، ده‌چێته‌ سه‌ر وێنه‌ی مام جه‌لال و هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌هید حه‌مه‌ نه‌گره‌یی و كاره‌ساتی هه‌كاری و داگیركاری زه‌ویه‌كان.
قسه‌كانی له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌بێ سه‌رچاوه‌یه‌و به‌ڵگه‌ی نییه‌، نابێته‌ سه‌رچاوه‌ی پشت پێ به‌ستراو! ئه‌وانه‌ی ئه‌م چه‌شنه‌ قسانه‌شیان پێ گرنگه‌، گه‌ردنیان ئازاد بێ.. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌بێ لێكدانه‌وه‌و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ر، ئه‌م جۆره‌ وتارانه‌ ناكرێ قبوڵ بكرێ. ئه‌وانه‌ی له‌ژێر فشاری مه‌زهه‌بی ئه‌م ره‌خنانه‌ قبوڵ ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن ملكه‌چی داگیركاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئیسلامین له‌مێژوودا. ته‌نانه‌ت ئه‌نفالیشیان لا ئاساییه‌!!
به‌ڵێ.. هه‌زاران كچ و ژنی سه‌رپۆش له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وز هه‌ن و له‌و زه‌مانه‌دا مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسیاری هه‌بووه‌ رێی هیچ پۆستێكیان لێ نه‌گیراوه‌. ته‌نانه‌ت یه‌ك كه‌سیش به‌ زۆر سه‌رپۆشی له‌سه‌ر لانه‌براوه‌و ئازادی ته‌واو بۆ سه‌رپۆشین و روبه‌ندی و سه‌ربه‌ستی هه‌بووه‌و هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره‌ ئه‌وه‌یه‌ كچانی (12-15) ساڵ به‌ناوی خولی جۆراوجۆره‌وه‌ ناوبه‌ناو سه‌دان سه‌رپۆشیان بكرێته‌ سه‌ر و بكرێته‌ چالاكی مه‌ده‌نیش. ئه‌مه‌یان سه‌رپۆشی ئایدیۆلۆژییه‌ نه‌ك باوه‌ڕی روحی!!
كاكه‌ هه‌ڵه‌دنی.. مناڵ.. هه‌تا هه‌رزه‌كارییش، ئاسان نییه‌ تێبگات ئیمانداری چۆنه‌؟ چ ئاینێك باشتره‌؟ چۆن په‌یڕه‌وی له‌ مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ت بكات؟ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ كوردستان و ده‌وڵه‌تانی ئیسلامیدا، له‌مه‌لۆتكه‌وه‌ مناڵی ساوا له‌ناوچاوانی و له‌ شوناسنامه‌كه‌ی ئاینه‌كه‌ی ده‌نوسرێ. به‌ویژدانت سوێندت ده‌ده‌م هه‌ڵه‌دنی..
مناڵی ساوا.. چوزانێ ئاین و ئاینداری چییه‌ هه‌تا ده‌ستبه‌جێ دوای له‌دایكبوون، ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ئاینه‌كان؟ یان مه‌زهه‌بێكه‌وه‌؟ هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ تایفه‌كانی تریش هه‌روایه‌.. كاكه‌یی، ئێزیدی و شه‌به‌ك.
سه‌باره‌ت به‌ شه‌هید حه‌مه‌ نه‌گره‌یی.. جارێ‌ تێناگه‌م بۆ به‌وشێوه‌یه‌ نوسیوته‌ (حه‌مه‌ نه‌گره‌یی و ما ادراك ما حه‌مه‌ نه‌گره‌یی) ئه‌م (ما ادراكه‌یه‌ت) بۆچی هه‌ڵكێشاوه‌ته‌ باسكردنی یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌ هه‌ره‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان؟
شه‌هید نه‌گره‌یی.. زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌و قاره‌مانتره‌ كه‌ به‌ دوو دێڕ و زانیاری هه‌ڵه‌، باسی بكه‌یت. خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر كوڕه‌كانی كه‌ بوبنه‌ گۆڕان، هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر وێنه‌ و كێل و یاده‌وه‌ری شه‌هید نه‌گره‌یی كرابێ‌، ئێمه‌ به‌ تاوانی ده‌زانین. مه‌لا به‌ختیار شه‌هید نه‌گره‌یی باش ده‌ناسێ.. زانیاریه‌كانیشت هه‌ڵه‌ن دڵنیابه‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێ:
"کاک مەلا بیرمانە کەبەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بویت چۆن بەرگریت دەکرد لەفرۆشتنی نەوت،خۆمۆنۆمێنتی هەڵەبجە بۆسوتا،بیرمە لەکاتی سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لەبەرنامەیەکی  ڕادیۆی نەوادا  هیچ بەرگریت لەدیموکراسی نەکرد کەحزبێکی بێچەکی مەدەنی تەنها لە بەردابەزینی بەلیستی سەربەخۆ بارەگای سوتێنراو کادیرەکانی خەڵتانی خوێن کران ،ئەو هەموو ناڕەزاییەی خەڵک لەوکاتە هەبوو کوا گوێگیرا بۆخەڵک".
زات ده‌كه‌ین له‌سه‌ر (فرۆشتنی نه‌وت) و هه‌ڵوێستی مه‌لا به‌ختیار، بڵێین: بێویژدانیت كردووه‌.
كاكه‌ هه‌ڵه‌دنی.. هه‌رگیز مه‌لا به‌ختیار به‌رگری له‌ فرۆشتنی نه‌وت نه‌كردووه‌. چونكه‌ له‌ حكومه‌ت نه‌بووه‌و ئاگاداری ورده‌كاریه‌كه‌شی نه‌بووه‌. دمێكیشه‌ مه‌لا به‌ختیار ره‌خنه‌ له‌ شكستی سیاسه‌تی ئابوری كوردستان، به‌ گرێبه‌ستی نه‌وتیشه‌وه‌ ده‌گرێ. ئه‌و گرێبه‌سته‌ له‌گه‌ڵ توركیا و شیرینی وه‌رگرتن، له‌سه‌رده‌مێكدا كراوه‌ كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌وپه‌ڕی توانادا بووه‌و د.به‌رهه‌م ساڵحیش سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.. عیماد ئه‌حمه‌دیش جێگر بووه‌. ئیتر بۆ به‌رۆكی مه‌لا به‌ختیار به‌ناهه‌ق ده‌گری؟
سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنی باره‌گای یه‌كگرتووش.. دیسان راستیه‌كانت چه‌واشه‌ كردووه‌. مه‌لا به‌ختیار به‌رده‌وام دژی سوتاندنی باره‌گای حیزبه‌كان بووه‌. ته‌نانه‌ت دژی تێكدانی كۆبونه‌وه‌ی فراوانی شاسوار عه‌بدولواحیدیش هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌.. سه‌روتاری چاودێری له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵانه‌ نوسیووه‌و به‌رگری له‌ ئازادی حیزبی و كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری كردووه‌.
هه‌ڵه‌دنی.. له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی (16) حیزبه‌كانی كوردستان، كه‌ باره‌گای یه‌كگرتوو له‌ دهۆك سوتێنرابوو، به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش، مه‌لا به‌ختیار داوای له‌ كاك مه‌سعود بارزانی كرد ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بدات كه‌ ناوبه‌ناو تاوانی سوتاندنی باره‌گای یه‌كگرتوو ده‌ده‌ن. با كاكه‌ هه‌ڵه‌دنی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م قسانه‌ له‌ ته‌واوی حیزبه‌ كوردستانیه‌كان بكات. ده‌رباره‌ی كاره‌باش هه‌ڵه‌دنی ده‌نوسێ:
"کارەبا هەر وەک ئەو کاتەیە کەقسەیەکی مێژوییت لەسەری هەیە".

ئه‌گه‌ر كه‌سێكی نه‌خوێنه‌وار قسه‌كانی مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ر كاره‌با ساڵی 1999 به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رگرتبێ.. قه‌ت نه‌ده‌بوو كه‌سێك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوو بووبێ.. ئه‌م قسانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵبگێڕێته‌وه‌.
به‌ڵێ هه‌ڵه‌دنی.. قسه‌كه‌ مێژووییه‌ له‌سه‌ر كاره‌با.. ئه‌زانی بۆ؟
چونكه‌ مه‌لا به‌ختیار به‌ئاماده‌بوونی عومه‌ر فه‌تاح جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، به‌هاری ئه‌و ساڵه‌ وتی: ئه‌گه‌ر هه‌تا سه‌ری ساڵ كاره‌با چاك نه‌كه‌نه‌وه‌، هه‌قوایه‌ ئیستیقاله‌ بكه‌ن. ئه‌م قسه‌یه‌ به‌ڕاستی مێژووییه‌. مه‌لا به‌ختیار نه‌یوتووه‌ ئیستیقاله‌ ده‌كه‌م.. چونكه‌ له‌ حكومه‌ت نه‌بووه‌ هه‌تا ئیستیقاله‌ بكات. به‌ڕاستی مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ قسه‌یه‌كی راست و دروست، به‌ مه‌رام هه‌ڵبگێڕنه‌وه‌.
به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیشی ووت: یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌كێشان له‌ شوێنی گشتی ده‌رده‌كه‌ن.. به‌ڵام كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی خه‌ڵك باس ناكه‌ن. له‌وانه‌ كاره‌با. به‌داخه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌دنی.. خه‌ڵك به‌و چه‌وشنه‌ چه‌واشه‌ ده‌كات!!
كاكه‌ هه‌ڵه‌دنی.. ده‌زانێ مه‌لا به‌ختیار ماندووه‌و هه‌ندێك زانیاریشی له‌سه‌ر مێژووی خه‌باتی هه‌یه‌. ده‌ڵێ:
"کاک مەلا دەزانم لەزۆربەی هەرەزۆری سەرکردەکان کەئێستا ماون ماندوتری ودەشخوێنیەوە وخوێندەواری،لانی کەم کەقسە دەکەیت ئازارێک لەویژدانتایە کە ئەو ڕۆژانەی لەماڵی مەرحومی  شێخ جەناب وشەهید وەستابەکری دارتاش بویت بەنهێنی ودواتر کەلەکۆمیتەی هەرێمەکان  لەقەرەداغ وشارباژێر  خەباتت بۆئەم ڕۆژە نەکرد بۆئەم هەموو سەرانە سەندنە.لەم دووڕۆژە چەندین ماڵم لە پیرەمەگرون بەسەر کردەوە دەزانی کاک مەلا گیان ئەوکارگانەی لەدەوروپشتی ناحیەکەن گەنجان بێ تەزکیەی حزبی بەئاستەنگ کرێکاریشیان دەست ناکەوێت".
هه‌ڵه‌دنی.. زۆر سوپاس وه‌كو مامۆستایه‌ك به‌ مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێی (خوێنده‌واری!) دڵنیاین باش له‌مانای (خوێنه‌وار) قوڵ نه‌بۆته‌وه‌. بۆیه‌ به‌كاریهێناوه‌. له‌مه‌یان لێی ناگیرێ.. ووشه‌ی (خوێنه‌وار) زیاتر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كاردێت كه‌ خوێنه‌واریه‌كی كه‌میان هه‌یه‌ و له‌ سیاسه‌تیشدا كۆڵه‌وارن. به‌ڵام ده‌زانن بخوێننه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ به‌ نیه‌تپاكیی لێی وه‌رده‌گرین!! پێویستیش ناكات ئه‌و قسانه‌ی هه‌ڵه‌دنی رون بكرێته‌وه‌ كه‌ باسی خه‌باتی نهێنی و كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان و رۆڵی مه‌لا به‌ختیار ده‌كات. ئه‌مه‌یان ئاماژه‌یه‌كه‌ ویژدانی به‌كارهێناوه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و قسانه‌..
ده‌مانه‌وێ هه‌ڵه‌دنی دڵنیابێ.. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و مێژووه‌، مه‌لا به‌ختیار هه‌رگیز هه‌ڵوێستی نه‌دۆڕاندووه‌. هه‌میشه‌ش دژی (سه‌رانه‌سه‌ندن) و گه‌نده‌ڵی بووه‌. پێشمان خۆشه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك لای هه‌ڵه‌دنی.. له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی.. یان خوانه‌خواسته‌ سه‌رانه‌سه‌ندن، له‌سه‌ر مه‌لا به‌ختیاری لایه‌، بێمنه‌ت بێ بیخاته‌ڕوو.
به‌داخه‌وه‌ هه‌موو حیزبه‌كان، دوورن له‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی.. مافی ده‌رچوو به‌پێی ئاست و توانا ناده‌ن.. زۆریش به‌داخه‌وه‌ وای لێهاتبێ ته‌نانه‌ت كرێكارانیش له‌ كارگه‌ی ئه‌هلی به‌بێ ته‌زكیه‌ی حیزبی كاریان پێ نه‌درێ. هیوادارین ئه‌و گه‌نجانه‌ی پیره‌مه‌گرون مان بگرن دژی ته‌سكیه‌ی حیزبی.. دڵنیابن مه‌لا به‌ختیار پشتیوانیان ده‌بێ. هه‌روه‌كو پشتیوانی مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی گرێبه‌ست و موچه‌خۆران بوو.
له‌ چه‌ند دێڕێكی دیكه‌دا هه‌ڵه‌دنی ده‌نوسێ:
"دەزانی تەنکەرێک بەنزین کەلەدۆرەوە دێت چوارسەد دۆلاری لێوەردەگیرێت دواتر شەست وسێ هەزار مەنەفێست کەلەوڵاتێکەوە بۆوڵاتێکی تر ناڕوات،دەزانی ژینگەی ئەمشارە ودامێنی شاخەکانی ئەزمڕ وگۆیژە وبینای  زەراعەو سەناعەو قوتابخانە حکومیەکان هەموی دەدرێت بەکەرتی تایبەت تابیکەنە باڵەخانەو شوقە".
جارێ سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ باسی نه‌وت ده‌كات گوایه‌ گومرگی چوارسه‌د دۆلاری لێوه‌رده‌گیرێ. ئه‌م قسه‌یه‌ رۆژێك دوای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌لا به‌ختیار رۆشن و راشكاو ووتی: رۆژانه‌ (250-300) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌دزرێ و ته‌نانه‌ت رێكخراوی ئۆپیك لای عێراق سكاڵای له‌سه‌ر نه‌وته‌ دزراوه‌كه‌ كردووه‌. وتیشی: ته‌نانه‌ت له‌ سۆماڵ كاری وا ناكرێ..
ده‌ی باشه‌ هه‌ڵه‌دنی ئه‌و قسه‌ بۆچی به‌ مه‌لا به‌ختیار ده‌فرۆشێته‌وه‌؟ له‌كاتێكدا هه‌ڵوێستێكی ئاوای له‌ به‌رنامه‌ی روداودا ده‌ربڕیووه‌.. كه‌ هه‌ڵه‌دنی گوێی لێبووه‌و له‌ وتاره‌كه‌شیدا باسی ده‌كات. له‌ڕاستیدا هه‌ڵه‌دنی نایه‌وێ بڵێ له‌ كۆنفرانسی دابڕان-رۆشنگه‌ری توڕه‌م.. ده‌یه‌وێ وای پشان بدات گوایه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و دزینی نه‌وت وتاری دژی مه‌لا به‌ختیار نوسیووه‌. ئه‌مه‌ش غه‌دره‌.. چونكه‌ له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌ڵه‌دنی باش ده‌زانێ مه‌لا به‌ختیار چۆن سیاسه‌تی كردووه‌و چه‌ندیش دوور بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی.. كه‌چی تازه‌ تازه‌، شه‌ڕی رۆشنگه‌ری به‌پاساوی گه‌نده‌ڵی ده‌فرۆشێته‌ مه‌لا به‌ختیار.
سه‌باره‌ت به‌ تاڵانكردنی ئه‌رزه‌كان و پیسی ژینگه‌ و دامێنی شاخه‌كانیش.. هه‌مووی راسته‌.. به‌ڵكو زیاتریش له‌وه‌ ده‌كرێ. خۆ مه‌لا به‌ختیار بستێكی له‌و ئه‌رز و باخانه‌ نییه‌.. خۆ مه‌لا به‌ختیار گومرگ له‌ نه‌وتی قاچاخ وه‌رناگرێ.. خۆ مه‌لا به‌ختیار كارگه‌یه‌كی بچوكیشی له‌و شوێنه‌ تاڵانكراوانه‌ دروستنه‌كردووه‌.. ده‌ی ئیتر به‌ چ حه‌قێكه‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ڵه‌دنیه‌وه‌ ریزكراوون؟
ناشێ ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی نه‌زانێ مه‌لا به‌ختیار (5) ساڵیشه‌ دووره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌و دیارده‌ دزێوانه‌ن كه‌ له‌ناو حیزبه‌كه‌ و ده‌سه‌ڵاتدا گوزه‌راوه‌و ده‌گوزه‌رێ!!