کورتەباسێک بەتەنیشت ئەڵوەنەوە
عیماد ئەحمەد
بەیانی ئازاری ساڵی(1970) وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، یەکەم جار بوو لەکوردستانی باشوردا، کورد بەپێی یاسا ببێت بە خاوەنی بەشێک لە مافەکانی خۆی لە چواچێوەی ئۆتۆنۆمیدا
هەرچەندە ئەو ڕێکەوتنە بەهۆی تاکتیک و مەرامی خراپی رژێمی بەعس جێبەجێنەکرا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزاڤی کوردایەتی توانی هەنگاوێکی باش بچێتە پێشەوە لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا ڕۆڵی کاریگەرتر دەربکەوێت .
لەو سەردەمەدا خەڵکی عیراق نیمچە شنەبای ئارامی هەڵمژی و کوردستانیش بۆ ماوەیەک لە جەنگی کاولکاری رژێم و شەری ناوخویی ڕزگاری بوو . ئێمە لەو سەروبەندەدا لە جەلەوە بۆ چەند مانگێک لە خانوەکەی خاڵو سەی جاسم بووین ،خانوەکە (5)ژوری تێدا بوو بەتەنیشت یەکەوە ،بەرهەیوانێکی سەرتاسەری هەبوو، بە چەند مەترێک دوور لە هەیوانەکە باخچەیەکی خنجیلانەی هەبوو. بێجگە لە ئێمە ماڵی کاک قادر لەگەڵ دایکی و باوکی لە ژورێک لە تەنیشت ئێمەوە بوون ،ئەمان لە ئەسڵا خەڵکی مەندەلی بوون ،کاک قادر کوڕێکی بێوەی و دڵ ساف بوو، لە گەرەک پێی دەوترا قادر (ریف) لە بەرئەوەی لە ئاخاوتندا هەندێ وشەی عەرەبی بەکاردەهێنا . لەدوای دەرچوونی لە پۆلی (6)ی ئامادەیی قادر ریف هەوڵی زۆری دەدا هەتا لە کۆلیجی سەربازی عیراق وەربگیرێت.
رۆژێک کاک قادر بە قات وبۆیینباغ و پێڵاوی بۆیاغکراو و بۆنی قۆڵۆنیا، خۆی ئامادەکردبوو بچێت بۆ بەغداد بۆ وەرگرتنی لە کۆلیجی هێزی ئاسمانی عێراق، کاک خالید کە برادەری بوو دەیخاتە سەر ملی و هەلیدەگرێ بۆ ئەوەی بیپەرێنێتەوە ئەوبەری ئاوی ئەڵوەن، لە ناوەراستی ئەڵوەندا قادر ڕیف هاوار دەکات و دەڵێت : خالید دامبەزێنە سەرم دەخولێتەوە خەریکە دەڕشێمەوە ،خالدیش دەلێت : تۆ دەتەوێ ببی بە فرۆکەوانی سەربازی کەچی لەسەر ملی من سەرت دەخولێتەوە و دڵت تێکهەڵدێت ؟ بۆیە یەکودوی لێناکات و ڕێک فڕیی دەداتە ناو ئاوەکەوە، دوای ئەوە ئینجا بەیەکەوە و بە پێکەنین دەگەرێنەوە بۆ ماڵەوە و قادریش خەیاڵی فڕۆکەوانی لەسەری بەتاڵ دەبێتەوە.
سەی جاسمی خاوەن خانوو ،پیاوێکی لە خواترس و دڵپاک و سەخی تەبیعەت بوو، کەواو چاکەتی لە بەردەکرد و کڵاشی هەرسینی لە پێدەکرد و تەسبیحی یوسری بە قیمەتی هەڵدەگرت. ئەم پیاوە شەیدای هەڵپەرکێی و دەهۆڵ و زوڕنا بوو، سەرچۆپییەکی جوان و نایابی دەکێشا، بە جۆرێک حەزی لەو بەزمە بوو هەر کە گوێی لە دەهۆڵ و زوڕنا بوایە لای خۆیەوە دەستی دەکرد بە هەڵپەرکێ.
دایکی سەی جاسم ناوی فاتیمە بوو ، ژنێکی دیار و بەویقاری گەرەکەکە بوو ، زۆر بەسۆز و میهرەبان و ئیماندار بوو ، بەردەوام تەسبیحێکی سەدوویەک دەنکی بە دەستەوە بوو( لا الەالا اللە )ی دەکرد ،جگەرەی (قامیش)ی دەکێشا ، جاروبار منی رادەسپارد بچم بۆ بازار بۆ دوکانی خاڵو عباسی توتنفرۆش جگەرەی بۆ بێنم هەندێ جار ماچی ئەملاوئەولای دەکردم و (10) فلسییەکیشی بەزۆر دەخستە گیرفانمەوە.
شەوی ڕاگەیاندنی بەیانی 11 ی ئازار ئێمە لە ژورەوە بوین ،دایکم دەرگای ژورەکەی قایم داخستبوو ،گوێمان لە دەنگی هەورە تریشقە و نمەنمی باران بوو، لە پرا دەنگی تەقەیەکی یەکجار زۆر بە چەکی جۆراوجۆر تێکەڵ بە دەنگ و هاواری خەڵک ، ئاسمانی دەرەوەی تەنییەوە، دایکم زۆر دەترسا و نەیهێشت دەرگای ژورەکە بکەینەوە و بزانین چی قەوماوە ،بە زۆر ئێمەی خستە ژێر لێفەوە . بەیانی کە رۆژ بووەوە و دەرگای ژور کرایەوە و چوینە دەرەوە ئینجا زانیمان بەیانی ئازار دراوە و زۆربەی خەڵک لە دەرەوە بووە و بەشداری ئاهەنگی خۆشی بوون و پشتیوانی خۆرسکانەیان بۆ بەیاننامەکە دەربڕیوە.
چەند رۆژێک پشووی فەرمی بوو ، بۆ ماوەیەک دەوامی قوتابخانەکەمان تێکچوو ، هەموو رۆژێک خوێندکاران دەهاتنە دەرەوە و دەچونە سەرجادە و هاواریان دەکرد(بژی کوردو کوردستان بژی مەلا مستەفای بارزان....کوردستان یان نەمان) من ئەو کات لە پۆلی (3)ی ناوەندی بووم. ئەو ساڵە خوێندکارە تەمبەڵەکان بە تەمای (زحف) بوون، واتا دەرچون و سەرکەوتنی گشتی بەبێ تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ هەموو پلەکانی خوێندن ، بەڵام ئەم خەیاڵەیان سەوز نەبوو ، چونکە پێشتر لەکاتی سەرکەوتنی کودەتای عەبدولکەریم قاسم ساڵی(1958) بریاری( زحف) دەرچوو بوو ،ئەمەش ببووە مایەی تێکچوونی سیستەمی خوێندن بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەرانسەری عیراقدا.
دوای بەیاننامەی ئازار پێشمەرگە دابەزی بۆ ناو شار و پارتی یەکەم بارەگای لە گەرەکی مەزرەعە بە ناوی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە ، یەکەم لێپرسراوی ناوچەش دکتۆر غوڵام بوو ئینجا جەلیل فەیلی و دواجار حەیدەر عەبد عەلی کە لە دوایدا ئاشکرا بوو سیخوری بۆ رژێم کردووە و بوو بە بەرێوبەری گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەغدا.
ئەو ساڵە ئاهەنگی نەورۆز لە خانەقی زۆر جیاواز بوو لە ساڵەکانی تر ، بە ئاگر و سرودی نیشتیمانی و پێیاهەڵدان بە پارتی و بارزانی و پێشمەرگە، شایی و رەشبەڵەک لە زۆربەی گەرەکەکانی شار بەرێوەچوو لەو رۆژگارە خۆشەدا، منیش کەوتمە ناو دەریای عەشق و دڵدارییەوە، وەکوو قەقنەزێک فڕیم بەرەو ئاسمانی(الحب العذري) .ئای جەند كاغەزی سپیم رەشکردەوە، حاڵەتێکی تایبەت و دەگمەن ڕووی تێکردم و یەکەمجاریش بوو لە ژیانم هەرچەندە ئەو عەشقە عەشقێکی یەک لایەنە و بێ ئاگاداری مەعشوق بوو.
بێجگە لە پارتی وەکوو حزب (3)رێکخراوی فراوان و بە هێز لە شارەکە دەرکەوتن، لقی یەکێتی ئافرەتان، لقی یەکێتی قوتابیان و لقی یەکێتی لاوانی کوردستان ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەندامانی کۆمەڵە لە ژێر چەتری لقی لاوان بە نهێنی کار و چالاکی هونەری و رۆشنبیری و رێکخراوەی خۆیان ئەنجام دەدا. لە هاوینی هەمان ساڵدا دکتۆر مەحمود عوسمان بە نوێنەراتی بارزانی سەردانی خانەقی کرد و لە بەردەم بارەگای ناوچەی پارتی وتارێکی خوێندەوە، جەماوەرێکی یەکجار زۆر ئامادەبوون،
لەو ماوەیەدا رژێم بە بیانوی ترس لە ئێران بە جەیش و مەعەسکەر و رەبایە چواردەوری خانەقی تەنیبوو، ئەمەش بوو بە مایەی بێزاری، بەتایبەتی خەڵکی دێهاتەکانی دەوروبەری خانەقی،
هەر لەو سەروبەندەدا هاڤپەیڤینێکی کراوە بە زمانی عەرەبی لە بەرامبەر ماڵی قایمەقام بۆ خەڵکی خانەقی سازکرا (نەعیم حداد )نوێنەری حزبی بەعس و (تەها شکرچی) نوێنەری جەیش و مامۆستا( ئیبراهیم خەیات) نوێنەری پارتی بوو، لەو هاڤپەیڤینەدا گوتار و سیاسەت و ئاڕاستەی سیاسی بەعس و پارتی جیاواز بوون، خەڵک بەروونی هەستی پێدەکرد و هەموویان بە چەپڵەو پیاهەڵدان پشتیوانییان لە قسەکانی نوێنەری پارتی، مامۆستا ئیبراهیم خەیات دەکرد.
دوای نسکۆی ساڵی(1975) سیاسەتی( تەرغیب) و( تەرهیب)و(تەرحیل) و (تەعریب) بە خەستی دەرحەق بە کوردی خانەقی جێبەجێکرا و بەعس هەوڵیدا شوناسی کوردستانیبونی خانەقی بسڕێتەوە، ئەمەش بووە مایەی لە دایکبونی دوانەیەکی تەواو جیاواز و لە یەکنەچوو، دوانەی زوڵم و داپڵۆسین، لەبەرامبەریشدا خەبات و بەرەنگاری، لە خانەقی لەسایەی زەبروزەنگی بەعس لەبری ترس و تەسلیم بوون، بوێری و گیانی بەرگری و کوردایەتی جۆشی دەسەند، بۆیە لە خەباتی قۆناغی داهاتوودا خانەقی بۆ کوردایەتی بووە کوانویەکی گڕگرتووی شۆرش و پێشمەرگایەتی.