یەكی ئایار و ئەرك‌و ژیانی سەختی ئێستای کرێکاران

کوردستان 01/05/2023


كرێكارانی كوردستان!
پشتیوانانی راستەقینەی كرێكاران!
ئەمڕۆ یەكی ئایار، جەژنی ناوكۆیی كرێكارانی جیهانە. یادی جەژنێكە، بەخوێنی خەباتی چینایەتی كرێكاران نەخشێندراوەو سومبلێكی مێژوویی، چینی چەوساوەی جیهان، كرێكارانە.
تێكۆشەر‌و پشتیوانانی كرێكاران!
لەدۆخێكدا یادی یەكی ئایار دەكەینەوە، لە سێ‌ مانگی رابوردوودا، لەبەر نەبوونی دەستەبەری شوێن كار، (97) كرێكار، بونەتە قوربانی بێویژدانی خاوەن كارەكان، كە تەنها لەپێناوی زۆرترین قازانج، كەمترین دەستەبەری شوێنكاریان بۆ كرێكاران دابینكردووە. ئەمە لەكاتێكدا، لە وڵاتانی پێشكەوتودا، خەباتی سەندیكایی باش پێشكەوتووەو دەستكەوتی بەرچاویشیان بۆ هێنراوەتەدی. لەوانە: موچەی باشتر؛ لەڕۆژێكدا (6بۆ7) سەعات كاركردن، لەهەفتەیەكدا دوو رۆژ پشوو؛ دەستەبەری ژیان‌و گوزەرانی كرێكاران‌و مناڵەكانیان. مافی یاسایی خۆش بژێوی (دەستەبەری تەندروستی؛ موچەی بێكاری؛ مافی نیتشەجێبوون؛ مافی مانگرتن‌و خۆپیشاندان..تاد) كەچی لەكوردستاندا، نەك هاوگوزەرانی كرێكارانی رۆژئاوا، بۆ كرێكاران دابین نەكراوە. بەڵكو هەقدەستی كرێكارانی كوردستان، لە كرێكارانی عێراقیش كە مانگانەیان (450 هەزار دینار)ە، كەمترە. هی كوردستان (350 هەزار دینار)ە.
لەم یادەی یەكی ئایاردا، ئیتر كاتێتی كرێكاران، سیاسەتی چینایەتیان، تەنها پشتئەستور بێ‌ بە توانای چینایەتی سەربەخۆیان. دەركەوت، سەپاندنی نوێنەری جیزبەكان، لەناو سەندیكاكانی كرێكاران، جگەلەوەی وەزیفەیەكی حیزبییە، ناتوانن لەئاستی خواستی چینایەتی-پیشەیی، كرێكاراندا، بڕیار بدەن. هیچ دەستكەوتێكی بنچینەیی كرێكارانیشیان پێ‌ بەدی نایەت. چونكە سەندیكای دەسكەلا، ئەنجامەكەی دەستخەڕۆكردنی كرێكارانە. بۆیە، سوربوون لەسەر خەباتی سەربەخۆی چینایەتی-پیشەیی كرێكاران، لە خەباتی دیموكراسی‌و خۆشگوزەرانی ئەم قۆناغەو، ئامانجی دادپەروەری (سۆسیالیزم) ئایندە، بۆتە ئەركێكی چارەنوسسازی مێژوویی. نابێ‌‌و ناكرێ‌ چیكە كرێكارانی كوردستان، چارەنوسی چینەكەیان، بە دەستەمۆكراوی حیزبەكان بهێڵنەوە، بەڵكو كاتێتی، كرێكارانی وشیارو تێكۆشەر، بۆ بزوتنەوەیەكی سەندیكایی راستەقینە، تێبكۆشن. چیكە رێگە نەدەن، فەرمانبەرانی حیزبە سیاسیەكان، بەناوی سەندیكای كرێكارانەوە، دەستخەڕۆیان بكەن‌و لە ئەركە چینایەتی-پیشەییەكانیان، دووریان بخەنەوە.
كرێكاران‌و پشتیوانەكانیان!
ئیتر پێویستە، خواستی چینایەتی كرێكارانی كوردستان، لە قۆناغی بەرگری‌و بێدەسەڵاتی چینایەتیەوە، بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی خەباتی فشارو ناڕەزایی‌و مانگرتنی چینایەتی لەپێناوی مافە پیشەییەكانی ئێستاو ئەركە چینایەتیەكانی ئایندەش.
بە چ هەقێكەوە، كوردستان كراوەتە مەیدانی تەراتێنی سەرمایەداری هەڵتۆقیو، لەسەر حسابی مافی خەڵك‌و چەوساندنەوەی چینایەتی كرێكاران؛ سەدان سەرمایەدار، بە گەندەڵی‌و چاوپۆشین‌و هاوبەشی دەسەڵاتداران، بونەتە ملیاردێرو ملیۆنێر (بەدۆلار!!). ئەمە لەكاتێكدا، زۆربەیان پێش راپەڕین، ژیانێكی ئاسایی‌و كولەمەرگییان هەبووە.
ئەم یادەی كرێكاران، با بكەینە یادی وەرچەرخانی چینایەتی، دەستپێكی ئەم وەرچەرخانەش، لەڕوانگەی ئێمەوە، لەم داخوازییانەدا دەبینین:
یەكەم: سەعاتی كار بكرێتە (6) سەعات.
دووەم: لە هەفتەیەكدا (5) رۆژ كرێكار كار بكات.
سێهەم: لەكاتی نەخۆشكەوتنی كرێكار، تەواوی موچەی لە كەرتی گشتی‌و تایبەتیدا، پێ‌بدرێ‌.
چوارەم: دەستەبەری موچەی كرێكاران لەكاتی بێكاریدا، بچەسپێندرێ‌ (سۆسیال).
پێنجەم: بەهەمواركراویەوە، یاسایی خانەنشینی‌و دەستەبەری ژمارە (39)ی ساڵی 1971ی عێراق، بەپێی رێكەوتنی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، تایبەت بە دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە (62)ی 1952 بسەپێنرێ‌.
شەشەم: موچەی كرێكارانی كوردستان، كەمتر نەبێ‌ لە مانگانەی (600 هەزار دینار).
حەوتەم: هەر كرێكارێك (5) ساڵ خزمەتی رەسمی‌و بەردەوامی هەبێ‌، دەبێ‌ مناڵەكانی بەخۆڕایی لە زانكۆ حكومی‌و ئەهلیەكاندا، وەربگیرێن‌.
هەشتەم: دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ تەواوی كرێكاران.
كرێكاران!
هەتا نەبنە خاوەن بزوتنەوەی سەندیكایی-چینایەتی سەربەخۆ؛ هەتا ئەو داخوازییانەو داخوازی تریشتان، كە لە كۆنفرانسەكانی ئایندەتان، پەسەندیان دەكەن، نەكەنە بەرنامەی چینایەتیتان، دڵنیابن هەروەكو پاشكۆی بێكاریگەری حیزبەكان دەمێننەوە. خراپتر لەوەش، رەنجی چینایەتیتان دەبێتە پاروی چەوری سەرمایەدارە چاوچنۆكەكان.
- بژی یەكی ئایار.
- بێتەدی خەباتی سەربەخۆی چینایەتی كرێكاران.
- بچەسپێندرێ‌ مافی پیشەیی ئێستایان.
مەلا بەختیار
1/5/2023