رەوشی زمانی کوردی لە سایەی حکومەتی هەرێمدا
د. هۆگر: عەرەب هەیە نۆ شوقەی
لە کوردستان کڕیوە، ئەگەر بۆ تەعریب نەبێت بۆ چیەتی؟
مەلا بەختیار: نوسەرانی
رۆژهەڵاتی کوردستان توانیان کاریگەری تەعریبی بەعس لەسەر زمانی کوردی کەمبکەنەوە
ئەمڕۆ 15\4\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی
ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر سیمینارێک بە ناونیشانی (رەوشی زمانی کوردی لە سایەی حکومەتی هەرێمدا) بۆ پرۆفیسۆر د.
هۆگر مەحمود بەڕێوەچوو کە تێیدا لایەنە نەرێنیەکانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانی سەبارەت بە زمانی کوردی خستەڕوو.
لە سەرەتادا د. هۆگر باسی
لەوەکرد، کە زمان بابەتێکی ژیاریە بۆ نەتەوەو کوردیش چەندین شۆڕشی کردوە بۆ
داننان بە زمانی کوردیدا بەڵام لەدوای راپەڕین پێچەوانەی ئامانجەکان زیانی زۆریان لە زمانی کوردی داوە.
ناوبراو رەخنەی لە پەرلەمانی
کوردستان گرت بەوەی لە دوای راپەرین و تەنیا ماوەیەکی کەم دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان، پرۆژەی بە کوردیکردنی نوسراوە فەرمیەکانی رەتکردۆتەوە، هەروەها ئێستاش یاسای
زمانە فەرمیەکانی دەرکردوە کە تییدا دەڵێت زمانی کورد زمانی فەرمیە، بەڵام
دیارینەکردوە زمانی کورد کامەیە؟
هاوکات رەخنەکانیشی ئاراستەی
حکومەت و وەزارەتەکان کرد بە تایبەتی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و
رۆشنبیری، کە بایەخی پێویستیان بە زمانی کوردی نەداوە. وتیشی: سەرکردەو وەزیرەکان
زمانیان بەلاوە گرنگ نیە.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، د.
هۆگر رەخنەیەکی زۆری لە میدیاکان گرت و وتی: میدیای کوردی زمانی کوردیان شێواندوە.
هاوکات مەترسی تەعریب و هاتنی
عەرەب بۆ شارەکانی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی باسەکە و د. هۆگر و
ئامادەبوانی سمینارەکەش هاتنی عەرەبەکانیان بە مەترسی زانی بۆ سەر زمانی
کوردی، بەوەی لە ئێستادا عەرەبەکانی کە دێن خۆیان فێری کوردی ناکەن. لەوبارەیەوە د.
هۆگر وتی: عەرەبی وا هەیە نۆ شوقەی لەکوردستان کڕیوە بۆچیەتی؟ بۆیە بە راستی عەرەب
وریایانە ئیش دەکات دەبێت زۆر ئەم مەترسیە بە جدی وەربگرین. وتیشی: بیستومە عەرەب بە بەرنامە ئەم کارە دەکەن، بۆ کڕینی موڵک لە شارەکانی عێراق پارە وەردەگرن.
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و
رۆشنگەر، وەک ئامادەبویەکی سیمینارەکە سەرنج و بۆچونەکانی دەربارەی زمانی کوردی
خستەڕوو. ناوبراو باسی لەوەکرد، ئەگەر بێت و بنچینە سەرەکیەکانی پاراستنی زمانی کوردی بپارێزرێن
ئەوە مەترسی لەسەر زمانی کوردی نامێنێت و تەعریب و هاتنی عەرەبەکان و هاتنی وشەی
بیانی ناتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر زمانی کوردی. هەر بۆیە حکومەت و لایەنە
پەیوەندیدارەکان پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش پیشنیاز دەکەم
کۆنفرانسێک ببەسترێت.
مەلا بەختیار باسی لە بابەتی تەعریبیش کرد بە تایبەتی لە سەردەمی حزبی بەعسدا کە چۆن بە بەرنامە بەعس ویستویەتی
زمانی کوردی تەعریب بکات و بیسڕێتەوە، ئەو وتی فشارەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و نوسینەکانی
نوسەرانی رۆژهەڵات نەبوایە مەترسیەکانی تەعریبی زمانی کوردی زۆر زیاتر دەبون.
لەوبارەیەوە وتی: بە ڕاستی نوسەرەکانی رۆژهەڵاتی
کوردستان لەوانە هێمن، هەژار و زەبیحی، نوسینەکانیان هێندە بە زمانێکی کوردی جوان دەنوسی کە مەترسیەکانی تەعریبی بەعسیان کەمدەکردەوە.