هەرێمی کوردستان و هەژمونی ناتەندروستی زمانە بیانیەکان

کوردستان 25/03/2023

بۆ د. مٶمین: دەبێت دایکان و باوکان بزانن ئەگەر منداڵەکەیان زمانی کوردی نەزانێت ئەوە کەمئەندامە
مەلا بەختیار: هیچ حیزبێک هێندەی یەکێتی و کۆمەڵە لە شاخ بایەخی بە زمانی کوردی نەداوە.
وەزیری رۆشنبیری: هەندێ بریاڕی حکومەتی هەرێم، بۆتە هۆی بێ بایەخکردنی زمانی کوردی

ئەمڕۆ 25/3/2023  لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (هەرێمی کوردستان و هەژمونی ناتەندروستی زمانە بیانیەکان) بۆ توێژەر و مامۆستای زانکۆ د. مٶمین یاسین زەڵمی بەڕێوەچوو..
ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: لەسەر ئاستی خێزان و میدیا و حکومەت و حیزبەکان، زمانی کوردی پەراوێز خراوەو ئەو پێشوازیەی لە ئێستادا لە زمانی ئینگلیزی دەکرێت لە هەرێمی کوردستان شتێک ناتەندروستە و زمانی ئینگلیزی خەریکە داگیرمان دەکات.
د. مٶمین، رەخنەیەکی جدی ئاراستەی دایک و باوکان گرت بەوەی هۆکارن لەوەی منداڵەکانیان زمانی دایک فێرنەبن تەنیا زمانی ئینگلیز فێر ببن،  بە داخەوە ئێستا لەهەرێمی کوردستان 600 قوتابخانە هەیە کە زمانی کوردی تێدا ناخوێندرێت.  بۆیە پێویستە دایکان و باوکان بزانن ئەو منداڵەی لە هەرێمی کوردستان کوردی نەزانێت ئەوە بە منداڵێکی کەمئەندام و ناتەندروست دادەنرێت.
ناوبراو لەسەر ئاستی میدیا و حیزبەکانیش باسی لەوەکرد  چۆن زمانی کوردی پەراوێز خراوەو هەر لایەن و میدیایە بۆخۆی وشە دروست دەکات بەبێ ئەوەی جێگای خۆی بگرێت. وتیشی: تەواوی حیزبەکان لە شیوعیەوە تاوەکو ئیسلامیەکان لە پەیڕەوی ناوخۆیاندا زمانی کوردییان فەرامۆش کردوە.
لە کۆتایی باسەکەیدا پێشنیازی ئەوەی کرد کە پێویستە زمانی کورد لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت و تەواوی دەزگاکانی دەوڵەت کاری بۆ بکەن.
بابەتەکە مشتومڕی لەناو ئامادەبوان دروست کرد، زۆربەیان پێیانوابوو دەسەڵاتی کوردی لە دوای راپەڕینەوە کاری جدی بۆ پاراستنی زمانی کوردی نەکردوە،  بۆیە ئێستا زمانکەمان لەناو مەترسیدایە.  پێشیانوابوو زمان بۆ کورد بایەخی زیاتری هەیە لە نەتەوەکانی دیکە و زمان دەمانکاتە میللەت.
هاوکات، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، وەک ئامادەبویەکی سیمینارەکە، بۆچونەکانی خۆی دەرنارەی بابەتەکە خستەڕوو. ناوبراو پێیوابوو، ناکرێت بە سۆزی پەتی سەیری بابەتەکە بکرێت و لەژێر سۆزی نەتەوەییدا بڵێین زمان دەمانکات بە میلەت، ئەمە گونجاو نیە، چونکە چەندەها میلەت لەسەر زەوی هەن کە زمانی خۆیان یان زمانی هاوبەشیان نیە. وتیشی: ثێموایە مادەم زمانی کوردی لەژێر هەڕەشەی تەعریبدا توانی خۆی بپارێزێت بۆیە لەبەردەم هەڕەشەکانی دیکەشدا پارێزراو دەبێت و لەناوناچێت.
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد، مەترسی ئەوەیە کە وەزارەتی پەروەردە لەدوای راپەڕینەوە ستراتیژی بۆ زمانی کوردی نەبوەو بناغەکانی دانەناوە، ئەگەینا کێشەمان لە هاتنی زمانەکانی دیکە نیە بۆ هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە بایەخی حیزبەکانیش بە زمانی کوردی، مەلا بەختیار ئاماژەی بوەکرد، ئەگەر تەماشای قۆناغی شۆڕشی نوێ بکەین لە شاخ، هیچ حیزبێک  هێندەی یەکێتی و کۆمەڵە گرنگی و بایەخی بە زمانی کوردی نەداوە.
بەڕێز حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیریش ئامادەی سیمینارەکە بوو، ناوبراو قسەی لەسەر بابەتەکە کرد و بۆچونی وابوو کە کورد جیاوازە لە میللەتەکانی تری دونیاو ژێر دەستەی سەردەستەکانە و بەو هۆیەشەوە زمانەکەی لەژێر هەڕەشەدایە، بۆیە پیویستە زۆر کار بۆ پاراستنی زمانەکەی بکات.
ناوبراو رەخنەی لە هەندێ لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمیش گرت کە بونەتە هۆی پەراوێزخستنی زمانی کوردی، لەوانە بڕیارێکی حکومەت لە ساڵی 2016 کە بریتیە لە هەژمارنەکردنی نمرەی زمانی کوردی لە پۆلی دوازدەی بنەڕەتی بۆ کۆنمرەی خوێندکار، کە ئەمە سوکایەتیە بە زمانی کوردی.