ڕۆشنگەری و پشتیوانی
بەرهەم کەلهوڕی
مەعلومە لای هەمووان کە شاری سلێمانی هەر لەسەردەمی شاعیرانی کلاسیکەوە تا سەردەمی ئێستای جوڵانەوە ڕۆشنبیریەکانی کاک مەلا بەختیار ( لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و کۆنفڕانسی دابڕان و دەزگای ڕوناکبیری چاودێرەوە کە من بە ڕەوتێکی ڕۆشنگەری کوردی تازەی دەبینم واتە بەلەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندیەکانی کوردیەوە ) شارێکە کە مایەی شانازی هەموو میللەتی کوردە و شوێنی لە مێژوودا هەمیشە درەوشاوەیە .
ئەم ڕەوتەی کە کاک مەلا بەختیار کاری لەسەر کردووە هەروەکو ئاماژەم پێیدا ڕەوتێکی ڕۆشنگەری فیکریە و دەیەوێت پەرە بە ڕۆڵی عەقڵ و فیکر بدات لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا کە مەعلومە لە ڕۆژئاوای پێشکەوتووشدا لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا هەروەکو ( جۆن ئێم . دان ) دەڵێت یەکێک لە و چین و توێژانەی کە ڕابەرایەتی ڕەوتی ڕۆشنگەریان دەکرد لە ئەوروپا بڕیتی بوون لە سیاسەتمەدارەکان و .....هتد . کەواتە بوونی سیاسەتمەدارێکی وەک کاک مەلا بەختیار هەمان ئەو ئەزموونەی ئەوروپامان بیر دێنێتەوە و دەیخاتەوە بەرچاومان .
هەروەکو ئاماژەمان پێی دا کە کارا کردنی ڕۆڵی عەقل بناغەی کاری ڕۆشنگەریە و پاڵنەرێکی بنەڕەتیشە بۆ پێشکەوتنی میللەتان لەهەموو بوارەکانی ژیان ، ( لۆرد جێستر فیلد ) نووسەری بەریتانی سەدەی هەژدەیەم دەڵێت : ( لەکاتی گونجاودا لەگەڵ عەقڵی خۆتدا ڕاوێژ بکە ، ناڵێم هەمیشە ڕێنوێنێکی بێ هەڵەیە ، لەبەر ئەوەی عەقڵ بێ هەڵە نیە ، بەڵام بەهەر حاڵ باشترین ڕێنوێنییە کە دەکرێ پەیڕەوی لێ بکرێ )
تا بیرکردنەوە و عەقڵیش پێش بکەون بەدڵنییایەوە و هیج شک و گومانیش لەوەدا نیە کە ژیانی ئادەمیزادیش بەرەو خۆشی و کامەرانی هەنگاو دەنێت ، باشترین نموونەی زیندووی بەرچاویش دونیای پێشکەوتوخوازی ئەوروپایە . ئەم هەموو هۆکارانەی کەلەبەردەستی مرۆڤن کە بوونەتە مایەی خۆشی و ئاسوودەیی مەعلومە کە بەرهەمی عەقڵ و ڕۆشنگەرین هەر لە زانست و تەکنەلۆژیا و ئەدەب و هونەر و ......هتد .
کاک مەلا بەختیار ساڵانێکه هەوڵ و کۆشش دەکات و ماندوو دەبێت تەنها بۆ برەودان بە ڕەوتی فیکر و ڕۆشنگەری و بەخشینی ووزە و هێز بەو کارەکتەرانەش کە کار لەم بوارانەدا دەکەن لەڕێی هاوکاری کردنیانەوە . دڵنییام لە دواڕۆژدا ئەم خەبات و ماندووبوونانە دەبنه مێژوویەکی گەش و درەوشاوە و مایەی شانازی پێکردن وە لە ئێستاشدا دەبن بە هۆکاری بەرەو پێشچوون و هەنگاونانێکی خێرا بۆ بڕینی قۆناغە مێژووییەکان .
لە هەندێ ماڵپەڕی ئەلکترۆنی بینیم کە باسیان لە بڕینی هاوکاری دارایی کارمەندانی دەزگای ڕووناکبیری چاودێر دەکرد، من بە ووردی ناچمە ناو ئەم بابەتەوە بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم ئەم دەزگا ڕوناکبیریە که کار لەسەر ڕۆشنگەری و فیکرو پێشکەوتن دەکات لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بۆیە پێویستە هاوکارو پشتیوانی زیاتری هەبێت بۆئەوەی کاریگەریەکی نەرێنی ئەوتۆی لەسەر دروست نەبێت کە ببێتە هۆی پەکخستنی چالاکیە فکریەکانی ، چونکە دواجار ئەمە دەبێتە هۆی پەکخستنی بزاڤی فیکر و داهێنان و ڕۆشنگەری .