ژیان قوتابخانەیە..
نوسینی: ئامانج نوری
ساڵی ۱۹۷۸، لەقوتابخانەی ئاراس، لەپۆلی پێنجی سەرەتایی بووم، لەگەڕەکی ڕزگاری شاری سلێمانی، ماوەی چەند مانگێک بوو، نەقڵ بوم لەقوتابخانەی رەفیق حلمییەوە،بەهۆی گواستنەوەی ماڵەکەمان بۆ ڕزگاری، لەدەرسی ئینگلیزیدا بووم، دوو پیاوی بەعس هاتنە ژورەوەو لیستی ناوی تەلەبەکانیان هێنا لەگەڵ مەترەیەکی خەیاتیدا، ناویان ئەخوێندەوەو قیاسیان ئەکردن و ژمارەی سایزی قاتێک لەم جلە"جلی طەلائیعی بەعس" یان ئەدایە، من ئەوکاتە باوکم لەمەنفا بوو، نەقڵی "دائیرەی زراعەی قەزای صویرە کرابوو لەپارێزگای کووت" لەسەر شۆڕشی ئاشبەتاڵ پێکراوی ۱۹۷٥..
یەکێکیان ناوی منی خوێندەوەو هاتە سەرم ، مەترەی هێنا قیاس بگرێت!
وتم نامەوێت، وتی یەعنی چی؟
وتم من جلی طەلائیع لەبەر ناکەم ئەبەد..
یەکیان چوە دەرەوە بانگی مودیری مەکتەبی کرد، کابرایەکی کوردی بەعسی بوو..
وتی ئادەی کامەیە؟ پێیان ووت ئەمەیە..
وتی بۆچی لەبەری ناکەیت؟
وتم ئەوە بەرگی من نییەو نەخشەی "وطن عربی" لەسەرەو ئێمە کوردین..
تووڕەبوو وتی؛ دەی قیاسی کەن،
دەستی کابرام گرت ونەمهێشت..
وتی؛ ئاخر دەرت ئەکەین لەمەکتەب!
وتم؛ سەربەرزییە..
وتی؛ دەمت درێژە، چاوت دەرئەهات.. دەی قیاسی ئەو تەلەبەیەی بۆ بنوسن، باڵایان وەک یەکە، سەیر سەیر خەریکە لێمان ئەبێ بە"خولە پیزە"..
کابرا نووسی وقاتێکی لەنایلۆنا فڕێ دایە سەر ڕەحلەکەم..
خەریک بوو دڵم ئەتەقی، رەنگ وتەوازنم تێکچوو.
کاری خۆیان تەواو کردو ڕۆیشتن.
مامۆستای ئینگلیزی کەناوی "مامۆستا غفور" بوو، "کەئێستە زۆر حەزئەکەم لەژیاندابێت و بیبینمەوە" بەهێمنی هاتە لامەوە،
وتی تۆ کوڕی کێیت؟
وتم؛ شێخ نوری شێخ ساڵح..
وتی باوکت لەجنوبە؟
وتم ؛ بەڵێ..
بەدەنگێکی هێمن وتی؛ هەی ئافەرین کەتۆ کوڕی باوکی خۆتی وسەلام بگەیەنە باوکت..
خەفەت نەخۆیت، تۆ پیاویت ومەردبوویت، هەی ئافەرین.
وتم سوپاس کە باوکم هاتەوە، پێی ئەڵێم..
کەدەوام تەواوبوو نیوەڕۆبوو، هاتمە دەرێ و قاتەکەم فڕێدایە سەر خۆڵ وخاشاکی بەردەم دەرگای مەکتەبەکە، کەئەوکات دوو بەرمیلی دەمبەتاڵی ژەنگاوی بوو، بەڵی هەر لەبەرچاوی تەلەبەکان..
تائێرەو بەس..
سڵاو لەهەموو ئەوانەی تا ئەمڕۆ نەدۆڕاون و خاک و گەلی خۆیان نافرۆشن.. خیانەت ناکەن، ناشبن بەدز..
سوپاس بۆ ئەو هاوڕێیەی کەمێک پێش ئێستا، ئەم وێنەیەی بڵاوکردەوەو، ئەو بەسەرهاتەی بەبیرهێنامەوە..
سڵاو لەڕۆحی پاکی "باوکم" کەتا دوا ساتی تەمەنی
بەسەربەرزی مایەوە.