هەڵمەتی بەسە ژن کوشتن برایە سەر گۆڕی شنیار هونەر

کوردستان 05/03/2022


چاودێر: 
لە درێژەی هەڵمەتی بەسە ژن کوشتن. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5ی مارسی 2022، فێمێنیزمی رۆشنگەری سەر بەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و تۆڕی هاوبەشی رێكخراوەكان و نوێنەرانی ژنانی رۆژهەڵات، سەردانی گۆڕی شنیاری جوانەمەرگیان لەسەیدسادق كرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر دانا و بەوتنەوەی دروشمی جیاواز، نیگەرانی قوڵی خۆیان دژی بەردەوامی ژن كوشتن و پێشێلكردنی مافەكانیان دووپاتكردەوە، هاوكات داوا لەحكومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان کرا، سنوورێك بۆ ژن كوشتن، دابنێنن.
هاوژین زیبا، بەرپرسی فێمێنیزمی رۆشنگەری، لەسەر گۆڕی شنیارەوە، رایگەیاند: لەكاتێكدا بەرەو یادی هەشتی مارس دەڕۆین، جێی نیگەرانییە رووداوێكی تری ژن كوشتن روویداوە و هەمووانی خەمبار كرد، داواكارین  حكومەت و پەرلەمان و رێكخراوەكان و رایگشتی كوردستان، سنوورێك بۆ ئەم هەموو ناهەقیەی بەرامبەر ژنان و كچان دەكرێت دابنێنن.
روونیشیكردەوە،" ئەمەی ئەمڕۆ یەكەم چالاكییمانە و بەردەوام دەبین بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوەكانی دیكەی ژنانی كوردستان لەهەوڵداین بەچەندین رێگەی دیكە هەوڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تاك بدەین".
هاوکات نوێنەری رێکخراوە بەشداربواکانی مەراسیمەکە وتاری خۆیان لەسەر گۆڕی شنیار پێشکەش کردو سەرجەمیان جەختیان لەوە کردەوە کە پیویستە کار بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان بکەن..