بیبلۆگرافیای رۆژنامەی چاودێر بڵاوکرایەوە
رۆژی پێنج شەممە 3/3/2022 کاتژمێر چواری ئێوارە لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، مەراسیمی بڵاوکردنەوەو دابەشکردنی بیبلۆگرافیای رۆژنامەی چاودێر و کتێبەکانی بەڕێز مەلا بەختیار و بڵاوکراوەکانی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان کە پێکهاتوە لە 12 بەرگ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا بوار نورەدین، ئامادەکاری بیبلۆگرافیاکە وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە گرنگی پرۆژەلە کردو وتی: پێموایە هیچ رۆژنامەو دەزگایەکی فکری و راگەیاندن تا ئێستا ئەو کارەی نەکردوە کە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر ئەنجامی داوە.
دواتریش مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر لە وتەیەکدا باسی لەوەکرد کە توانیویانە لە رێگەی دەرچونی رۆژانامەی چاودێرەوە ئەو کەلێنانە پڕ بکەنەوە کە لەو سەردەمە بە راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پڕ نەدەکرانەوە. وتیشی: لە کۆی پرۆژەکاندا مام جەلال هاوکار و پشتیوانی رۆژانامەی چاودێر و کارەکانی دیکە بوە.
هاوکات پرۆفیسۆر د. هێرش رەسوڵ، لە وتەیەکدا هەڵسەنگاندنێکی بۆ رۆژنامەی چاودێر پێشکەش کرد کە تێیدا قۆناغی دەرچونی رۆژنامەی چاودێری شیکردەوەو رایگەیاند کە چاودێر لەسەر ستراتیژی هێڵی ناوەند کاری کردوە لە نێوان رۆژنامەی حزبی و رۆژنامەی ئەهلی.
چەند زانیاریەک دەربارەی بیبلۆگرافیاکە:
بیبلۆگرافیای رۆژنامەی چاودێر لە 10 بەرگ پێکهاتوە کە هەموو ژمارەکانی چاودێری لە خۆگرتوە لە ٤/ ١٠/ ٢٠٠٤ تاکو ٢/ ٤/ ٢٠١٨.
لەبارەی پرۆژەکەوە بوار نورەدین، بیبلۆگرافەر ئاماژە بەوەدەکات: ئەوەندەی ئاگاداربم تا ئێستا هیچ ڕۆژنامەیەکی کوردی، بەم شێوەیە بیبلیۆگرافیای بۆ ئامادە نەکراوە. پێشتریش نووسیومانە: هەر سەرچاوەیەک بیبلیۆگرافیای بۆ ئامادە نەکرابێت، بە سەرچاوەیەکی زیندوو دانانرێت... خۆزگە بیبلیۆگرافیا بایەخی زۆرتری پێ دەدرا، بەتایبەتیش ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، کە دەیان بڵاوکراوە هەیە و بە هۆی نەبوونی، یانی کەمیی بیبلیۆگرافیاوە، لێکۆڵەران ناتوانن کەڵکی لێ تەواوی لێ وەربگرن.