ناوەرۆکی کۆبونەوەکەی مەلا بەختیارو وەفدی باڵای پارتی
وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیو سەرۆكی وەفدەكە، مەحمود محەمەدو عارف تەیفور، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، دڵشاد شەهابو عەلی حوسێن، ئەندامانی سەركردایەتی، سەردانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی دەكەن و لەدیدارێكی دۆستانەشدا، گفتوگۆ لەیەكڕیزیی و یەكگوتاری كورد دەكەن و، بەزەرورەتی قۆناغەكەی دەزانن.
لەو دیدارە دۆستانەیەدا، كە ئێوارەی (18/10/2021) بەڕێوەچوو، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، ئاماژەی بەئامانجی سەردانی وەفدەكەیان و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كردو رونیكردەوە كە پارتی، بڕیاری وایە لەدوای هەڵبژاردن سەردانی سەرجەم لایەنەكان و پێكهاتەكان بكات. ئەمەش لەوپێناوەدا كە نەبینە ئەسیری دوێنی و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن.
هاوكات ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: ئەگەر لەدەرەوەی كورد، بێ سۆزیان لەگەڵ میللەتەكەمان كردبێت، ئەوا ناكرێ خۆشمان بێ سۆزی لەگەڵ خۆمان بكەینو ناكرێ یەك هەڵوێستو یەكگوتارنەبین! هاوكات راشیگەیاند:
لەم یەكڕزیزی یەك هەڵوێستییەشدا، ئەگەر هەڵەكانی دوێنێمان چاك نەكەینەوە، بەڵام خۆ دەكرێ هەڵەكان دووبارە نەكەینەوە.
سەرۆكی وەفدەكەی پارتی، وتیشی: شەراكەتی پارتی لەگەڵ یەكێتی، شەراكەتی كورسی نییە، بەڵكو شەراكەتی مێژووییەكە لەقوربانی بەخشینو خەبات لەپێناو پرسە رەواكانی میللەتەكەماندا.
لەبەرامبەریشدا، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، بەسوپاسەوە لەسەردانەكەی وەفدی باڵای پارتی روانیو بەسەردانێكی رێزدارانەی دۆستانە ناویبردو بەگرنگییەوە ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە پشتیوانی لێدوانو هەڵوێستەكانتانم بۆ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی كوردو دەستخۆشی دیدارو كۆبوونەوەكانیشی لەوەفدەكەی پارتی كرد لەو پێناوەداو رونیكردەوە:
راستە كورد لەناو هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، بەڵام مەترسی دەبینم كە بەهۆی قەیرانی داراییو مەترسییەكانی تیرۆر لەدنیاداو بەهۆی ئەوەی هەموو پێشنیازەكانی ئەمریكا لە پانزە ساڵی رابردوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەركەوتنی بەدەستنەهێناوەو حكومەتەكان وەك خۆیان ماونەتەوە، عیراق نەبێ.
عیراقی بەشێوەیەك لەشێوەكان لەژێر هەژمونی ئیقلیم دا، بێگومان مایەی ترسە بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا! بۆیە دەوڵەتانی هەرێمایەتی، بەعیراقی لێ ترساویشەوە، ئەگەر پێكەوە بچنە پێشەوە لەگەڵ رۆژئاوا بۆ رێككەوتنێكی هاوبەش لەسەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باوەڕموایە رۆژئاواو ئەمریكا گوێیان لێدەگرێت.
وتیشی: كشانەوە لەئەفغانستان، گفتوگۆی ئێران و سعودیە، پێداگرتنی ئێرانیش لەسەر ئەو رەوتەی هەیەتی، ئەمریكاو سعودیەو كەنداو پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی ببێت بەمیحوەری ئاشتی لەناوچەكە، ئەمانەش لایەنیكەم بەشێكی زۆری دەچێتەسەر. ئەو بارودۆخەی لەعیراقیش دروستبووە، پێشتر رونمكردۆتەوە كە هێزەكانی دەسەڵات لەعیراقدا، ئەگەر لەپێش لەهەڵبژاردن دڵنیانەبن كە دێنەوە سەر دەسەڵات، ئەوا تێكیدەدەن! ئەگەر چونە هەڵبژاردنو دەرنەچوون، ئەوا نیوەیان هەر تێكیدەدەن!
هەر لەدرێژەی دیدارەكەدا ، مەلا بەختیار، راشیگەیاند: ئەگەر بترسین لەدۆخەكەو لەبەرژەوەندی دەوڵەتە گەورەكان لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمایەتی، هیچ عەیبە نییە! بۆیە لەبەر رۆشنایی ترس هەنگاوبنێین باشترە! ترس بۆ هاتنەسەر نییە، بەڵكو بۆ بەئاگایی زیاترە لەبەرامبەر ئەگەرو پێشهاتەكان و وتی:
هەموو ئەوانە وا دەكات باوەڕموابێ كە دەبێ بترسینو لەبەر رۆشنایی ترسدا یەكڕیزییو یەكهەڵوێستی كورد ئامادەبكرێت! نەك لەبەر رۆشنایی ئەوەی كورد چەند كورسیمان هەیەو جەختیشیكردەوە:
پێویستە بەئاگابینو بزانین هێڵی شەمەندۆفێری خراپ، شەمەندۆفێر ناگەیەنێتە هیچ وێستگەیەك!
لەكۆتایی دیدارەكەشیدا لەگەڵ وەفدە باڵاكەی پارتی، مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە كە دەستخۆشی لەهەموو هەوڵێك دەكات لەپێناو یەكڕیزییو یەكگوتاری كوردداو جەختیكردەوە: دەبێ بوارنەدەین هیچ كەسو لایەك موزایەدەو بازرگرانی بەسەر كوردو پرسە چارەنوسسازەكانی میللەتەكەمانەوە بكەن، بەڵكو دەبێ بە یەكڕیزیی، پرسی كورد بپارێزینو بەلەبەرچاوگرتنی مەترسییەكان، بترسین بۆ ئەوەی هەڵە نەكەین.